د. فوئاد حوسێن بۆ رووداو: لە منی وەربگرن، کێشەکانی تایبەت بە بودجە چارەسەر دەبن

رووداو دیجیتاڵ

لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی، وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە منی وەربگرن،" کێشەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە چارەسەر دەبن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 01-06-2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کرد و لە کاتی هاتنەدەرەوەی بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەکو وەزیری دەرەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵی کردووە و باسی دۆخی نێوخۆی عێراقیش کراوە.
 
رۆژی 25ـی ئایار گۆڕانکارییەک لە مادەکانى 13 و 14 کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق لەلایەن لیژنەى دارایی پەرلەمانەوە کرا کە تێیدا ناردنى پشکەکە بەستراوەتەوە بەجێبەجێکردنى چەند مەرجێکى نوێ کە پێشتر لە پڕۆژەیاساکەدا نەبوون.  
 
وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی کۆبوونەوەی دیکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "چارەسەر دەبێت، لە منی وەربگرە، باشە؟"
 
رۆژی 30ـی ئایار دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە "نادەستووریبوون"ی یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک دواى کۆتاییهاتنى دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە. 
 
د. فوئاد حوسێن لەوبارەیەوە گوتی، دوای بە نایاسایی ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەگەر پەرلەمانیش نەمێنێت، حکومەت دەبێ تا کاتی هەڵبژاردن هەر بەردەوام بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی پەیامنێری رووداو لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق:
 
رووداو: دیدارەکە پەیوەندی بە چ بابەتێکەوە هەبوو؟
 
د. فوئاد حوسێن: هەر ویستم سەردانی سەرۆکی دادگەی فیدراڵی بکەم، سەردانەکە هی کۆن بوو و ئێستا کرا، لەبارەی کۆمەڵێک بابەت قسەمان کرد، واتە وەکو وەزیری دەرەوە قسەم لەگەڵی  کرد، لەسەر پەیوەندیی دادگەی فیدراڵی لەگەڵ دادگەکانی دەرەوە، جگە لەوە  باسی دۆخی عێراقیشمان کرد. سوپاس بۆ خودا دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت و لەبارەی هەڵبژاردنەکانیش قسەمان کرد.
 
رووداو: بڕیارە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بکرێت؟
 
د. فوئاد حوسێن: چارەسەر دەبێت، لە منی وەربگرە، باشە؟
 
رووداو: ئەگەر بودجە پەسندکرا، کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە کاربەڕێکەر، حکومەتی عێراق چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و چۆن  پشکی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت؟
 
د. فوئاد حوسێن: ئەی کاربەڕێکەر؛ دەبێ کارەکە بەردەوام بێت، خۆ نابێت لە هیچ شوێنێکدا بۆشاییەکی دەسەڵاتی جێبەجێکار (فەراغی تەنفیزی) هەبێت، پەرلەمانیش نەمێنێت حکومەتەکە دەبێ بەردەام بێت تاوەکو کاتی هەڵبژاردن.
 
رووداو: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکات؟
 
د. فوئاد حوسێن: بێگومان، ئەوە بڕیارێکی دادگەی فیدراڵییە و روونە.