رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای دابەزینی رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئایار لە ئەڵمانیا، نرخی خۆراک هەر بەرزدەبێتەوە و تەنگی بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە.
کریستیان کلار، رێکخەری ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراکە بە خۆڕایی، دەڵێت پێش شەڕی ئۆکراینا تەنیا 100 بۆ 120 کەس سەردانی دەکردین، بەڵام ئێستا نزیکەی 200 کەس سەردانمان دەکەن. "خەڵکێک هەن کە سەردانمان دەکەن و داهاتیان سنووردارە. ئەوان دەڵێن نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە لەبەر ئەوە سەردانی ئێرە دەکەین."
بەپێی نووسینگەی ئاماری فیدراڵیی ئەڵمانیا، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی پێنج لە گەورەترین هێزی ئابووریی ئەوروپا دابەزیوە بۆ 6.1٪، بەڵام ماددە خۆراکییەکان نرخەکانیان بە رێژەی 15٪ بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک وایکردووە هاووڵاتییان بە وریاییەوە خەرجی بکەن. ئەوانەش کە داهاتیان سنووردارە روو لە بنکەکانی خۆراک بکەن.
کارۆلا، سەردانکەری بنکەی دابەشکردنی خۆراکە و دەڵێت: "من دەست بە هەموو شتێکەوە دەگرم، بەڵام سەوزە و میوە و خواردنە تەندروستەکان بۆم گرنگن. من لە دکتۆر بووم و هیچ نەخۆشییەکم نییە و لەبەر ئەوەش هیچ دەرمانێک بەکارناهێنم. دەبێت لە رێگەی خواردنی باشەوە تەندروستیی خۆمان بپارێزین."
بەپێی نووسینگەی ئاماری فیدراڵیی ئەمریکا، مووچەی راستەقینەی هاووڵاتییان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 2.3٪ کەمتر بووە. ئەوەش کڕینی ماددە خۆراکییەکانی بۆ هەندێ لە هاووڵاتییان ئەستەم کردووە.
بریگێت وینبێک، خانەنشینە و دەڵێت: "زۆر بە وریاییەوە پارە خەرج دەکەم، بۆ نموونە لە سەرەتای هەفتەوە من پلان دادەنێم کە چیم پێویستە و چی دەتوانم بکڕم، پاشان کڕینەکانی خۆم دەکەم. ئەگەرنا لە ناوەڕاستی هەفتە تووشی خەرجی زیادە دەبم."
هەرچەندە پێشبینی دەکرا ئابووریی ئەڵمانیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا خۆی لە سستبوونەوە دەرباز بکات، بەڵام داتاکان ئاشکرایان کرد گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا لەو ماوەیەدا 0.3٪ پاشەکشەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ