داهاتی نەوتی عێراق ریکۆردێکی 50 ساڵە تۆماردەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی 50 ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجارە مانگی رابردوو، عێراق زۆرترین داهاتی لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، کە 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممە 01-06-2022، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو (ئایار)، رایگەیاند، "بەپێی ئامارە بەراییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق -سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا گەیشتە 100 ملیۆن و 563 هەزار و 999 بەرمیل، داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 11.07 ملیار دۆلار، کە لە ساڵی 1972وەوە یەکەم جارە فرۆشی نەوت ئەو داهاتە داراییە هەبێت".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا؛ گەیشتە 99 ملیۆن و 115 هەزار و 64 بەرمیل، هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتە ملیۆنێک و 448 هەزار و 935 بەرمیل.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشی دەکات، هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو لە عێراق مانگی رابردوودا بە تێکڕا سێ ملیۆن و 244 هەزار بەرمیل بووە.
 
بەپێی ئەو خشتەیەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی هەینی 27-5-2022 بڵاویکردەوە، کۆی گشتیی داهاتی فرۆشی نەوت لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 37 ملیار و 899 ملیۆن و 128 هەزار دۆلار بووە؛ مانگی کانوونی دووەم هەشت ملیار و 332 ملیۆن و 679 هەزار دۆلار بووە؛ مانگی شوبات 8.54 ملیار دۆلار بووە؛ مانگی ئادار 10 ملیار و 913 ملیۆن و 197 هەزار دۆلار و داهاتی مانگی نیسانیش 10 ملیار و 609 ملیۆن و 252 هەزار دۆلار بووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممە 25.5.2022، لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی (نیسان)، رایگەیاند، "بەپێی ئامارە کۆتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق -سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی چواری ئەمساڵدا گەیشتە 101 ملیۆن و 390 هەزار و 662 بەرمیل، داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 10 ملیار و 609 ملیۆن و 252 هەزار دۆلار. لەپاڵ ئەم داهاتەش مانگی رابردوو بەهۆی بە گرانتر فرۆشتنی نەوتی خاو 71 ملیۆن و 844 هەزار و 712 دۆلاری ئەمریکی دیکەمان بەدەستهێنا."
 
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند، تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی چواری رابردوودا؛ گەیشتە 98 ملیۆن و 100 هەزار و 42 بەرمیل، هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتە دوو ملیۆن و 991 هەزار و 60 بەرمیل.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکراشی دەکات، هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو لە عێراق مانگی رابردوودا گەیشتە سێ ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل، هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە زیاتر لە 104.637 دۆلار فرۆشرا.