وەزارەتی بازرگانی: لە 2020ـەوە بایی زیاتر لە 13 ملیۆن دۆلار جگەرە هاوردە کراوە

01-06-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن جگەرە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت کە لە ساڵی 202ـەوە تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2021 بە بڕی 13 ملیۆن و 750 هەزار دینار مۆڵەتیان بە هاوردەکردنی جگەرە داوە.
 
فەتحی محەممەد، راوێژکار و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "جگەرە بە تۆن نایەت، بەڵکو بە مۆڵەت دێت. گوژمەی هەر مۆڵەتێکیش سنووردارە. لە ساڵی 2020ـەوە تاوەکو دوو مانگ لەمەوبەر لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێنج مۆڵەتمان داوەتە کۆمپانیاکان بۆ هاوردەکردنی جگەرە کە بە گوژمەی دوو ملیۆن و 750 هەزار دۆلارە. لە دەروازەی باشماخ سێ مۆڵەتمان داوەتە کۆمپانیاکان بە گوژمەی نۆ ملیۆن دۆلار، لە ئیبراهیم خەلیل مۆڵەتمان بە یەک کۆمپانیا داوە بە گوژمەی دوو ملیۆن دۆلار."
 
فەتحی محەممەد ئاماژەی بەوە دا، بازرگانیکردن بە تووتنی ناوخۆ زۆر کەم بووەتەوە، لەبەر ئەوەی جووتیاران ناتوانن رکابەریی تووتن و جگەرەی هاوردەکراو بکەن و، زیاتر لە ئەوروپاوە جگەرە هاوردە دەکرێت. گوتیشی، وەزارەتی دارایی دەتوانێت باجی زیاتر بخاتە سەر هاوردەکردنی جگەرە کە ئێستا باجەکە کەمە.
 
ئێستا لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دیاردەی جگەرە و نێرگەلەکێشان لەناو گەنجاندا زیاد بووە و لەناو ئافرەتانیشدا بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت.
 
ڤان محەممەد، ئافرەتێکی نێرگەلەکێشە و قسەی بۆ رادیۆی رووداو کرد، گوتی، "من تەنیا نێرگەلە دەکێشم. لە رێگەی هاوڕێکانمەوە فێر بووم. نێرگەلەیش هەر وەک جگەرەیە، هەرکەسێک ئالوودەی ببێت، ناتوانێت وازی لێ بهێنێت. زیاتر لە دەرەوە نێرگەلە دەکێشم. ئەگەر ئامار وەربگیردرێت، ئەوا دەردەکەوێت رێژەی نێرگەلەکێشان لەناو ئافرەتاندا زۆر زیادی کردووە و، بەرەبەرە لە زیادبوونیشدایە."
 
ئەو کافتریایانەی لە شارەکاندا نێرگەلەیان تێدا دەکێشرێت، بۆ دانانیان مۆڵەتیان پێدراوە و دەبێت پەیڕەوی لە چەندین رێنمایی بازرگانی و تەندروستی بکەن بۆ ئەوەی لە کارەکانیان بەردەوام بن و سزا نەدرێن.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دوو جۆر مۆڵەتمان بۆ ئەو کافتریایانە هەیە. جۆری یەکەمیان دوو جۆرە: مۆڵەتێک هەیە کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەیدات و ئەستێرە بە شوێنەکە دەدرێت، ئەوی دیکەیشیان زیاتر لە قایمقامیەت وەردەگیرێت کە ئەوەیش دوای جێبەجێکردنی چەند مەرج و رێنماییەک. مۆڵەتی تەندروستییش هەیە کە بەپێی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەدرێت."
 
قایمقامی هەولێر ئاشکرای کرد کە لەدوای ساڵی 2013ـەوە ژمارەی ئەو کافتریایانە زۆر زیادی کردووە، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئێران، رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە روویان لە هەولێر کردووە و، بەشێکیان وەک پیشە کافتریا و ریستۆرانتیان داناوە. 
 
شوان مەعرووف، ئەندامی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتی: "ئەو کافتریایانە بە مەرج مۆڵەتیان دەدرێتێ کە دەبێت لە قوتابخانە و مزگەوت دوور بن و لە شوێنی بازرگانیدا بن. پێویستە لە ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی تەندروستی رێنمایی دەربکرێت کە نێرگەلەکێشان لە کافتریاکاندا قەدەخە بکرێت. هەر کافتریایەک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، سزایان دەدەین. لیژنەیەکمان لە کۆگەیەکدا 530 تامی ماوەبەسەرچووی نێرگەلەیان گرتووە. ئەمساڵ تاوەکو ئێستا نزیکەی 40 تۆن تامی ماوەبەسەرچووی نێرگەلە لەناوبراوە. شوێنەکانیش سزای قورس دراون."
 
جگەرە و نێرگەلە زیانیان بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە و دەبنە هۆی دەرکەوتنی چەند نەخۆشییەک کە هەندێک لەو نەخۆشییانە درێژخایەن و کوشندەن.
 
د. رێباز هەمزە، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەڵێت: "تووتنی جگەرە زیاتر لە 600 جۆر ماددەی تێدایە، لە کاتی سووتانیدا شەش بۆ حەوت هەزار ماددەی لێ بەرهەم دێت کە زۆربەیان ژەهراوین، بەڵام 60-70یان دەبنە هۆکاری شێرپەنجە جۆراوجۆرەکان. هەروەها زیانی جگەرە ئەلیکترۆنییەکانیش لە جگەرەی ئاسایی کەمتر نییە. جگەرەکێشان لە ئافرەتانی دووگیاندا لە سێ مانگی یەکەمدا هۆکاری سەرەکیی لەبارچوونی منداڵە یان دەبێتە کونبوونی دڵ و شەقبوونی لێو و مەڵاشووی منداڵ. لە سێ مانگی دووەمدا دەبێتە هۆی ئەوەی خوێن بۆ منداڵەکە بە باشی نەڕوات. لە سێ مانگی کۆتاییشدا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە دوای لەدایکبوونیش لەناکاو بمرێت."
 
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە جیهاندا ملیارێک كەس جگەرە دەكێشن و ساڵانە شەش ملیۆن كەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە دەمرن و، 80٪ـی  مردنی پێشوەختە هۆكارەکەی جگەرەكێشانە. هەروەها بەهۆی دووكەڵی جگەرەوە ساڵانە 900 هەزار كەس دەمرن كە جگەرەكێش نین و پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2021 بگاتە 10ملیۆن كەس.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە