رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاراندا، هێنانی گەنمی لە دەرەوەی وڵات قەدەخە کرد، لە ئەمڕۆ شەممەوە تاوەکو کۆتایی رادەستکردنی گەنمی جووتیاران، رێگە بە هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوەی وڵات نادرێت.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 01-04-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق و تێکەڵنەکردنی گەنمی هاوردە بە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی گەنم قەخەدەکرێت.
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق/ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەگرێتەوە. گوتیشی، لە ئەمڕۆ شەممەوە بڕیارەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئامانج لێی رێگریکردنە لە هێنانی گەنم لە دەرەوە وڵات لەوانە گەنمی ئوسترالی کە نرخەکەی کەمترە لەو نرخەی وەزارەتی بازرگانی وەریدەگرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە هەرێمی کوردستانیش پابەندبێت بەو بڕیارە و رێگە نەدرێت هیچ گەنمێک لە دەرەوە بهێنرێت، ئەگەرنا دواتر گرفت بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت. ئەمساڵیش وەزارەتی بازرگانی بڕیارە ئاسانکاریی زۆر بۆ جووتیاران بکات.
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق هەموو گەنمێکی بە پلە یەک وەرگرت، بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار دیاریکرابوو.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبارەی قەدەخەکردنی هێنانی گەنم لە دەرەوە نووسراوی فەرمی بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان/ ژووری بەڕێوەبردنی قەیرەکان کردووە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە؛ لەبەر پێویستیی کار و سوودوەرنەگرتن لە نرخی وەرگرتنی گەنم لە وەرزی وەرگرتنی گەنم لە ئەمساڵدا، لە 01-04-2023ـەوە هێنانی گەنم لە رێگەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان قەدەخە دەکرێت کە "هەندێک دەروون لاواز" هەوڵدەدەن سوود لە جیاوازیی نرخەکان وەربگرن و بیهێننە نێو وڵاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ