گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: بەمنزیکانە بەغدا و ئەنقەرە لەسەر پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

پێگەیەکی ئەمریکی دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا بەرپرسانی عێراقی و تورکی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێگەی تورکیاوە بکەن.
 
رۆژی شەممە، 1ـی نیسانی 2023، پێگەی ئەلمۆنیتەر کە بنکەی سەرەکی لە واشنتنی ئەمریکایە دەڵێت: "چاوەڕواندەکرێت بەرپرسانی عێراق و تورکیا لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی رێوشوێنی نوێ بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە بکەن". 
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە پێگەی ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، شاندێکی حکومەتی عێراق "لەماوەیەکی نزیکدا" بۆ دانوستاندن سەردانی ئەنقەرە دەکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "نە لایەنی تورکی و نە لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگەی نێوبژیوانییان رەتنەکردووەتەوە". ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ "سەرەتایەکی نوێ". 
 
ئەوەش لەدوای بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دێت، کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ساڵی 1973ی نێوان ئەنقەرە و بەغدا ناوبرد. بەوەش هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە رێگەی بەندەرەکەوە وەستا. 
 
دادگەی پاریس لە بەرژەوەندیی عێراقدا، فەرمانی بە ئەنقەرە کرد نزیکەی 1.4 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بداتە تورکیا بۆ "ئەو زیانانەی لە ساڵەکانی نێوان 2014 و 2018 دا بەریکەوتوون". پێگەی ئەلمۆنیتەر دەڵێت پێشبینی دەکرا دادگەی پاریس داوا لە تورکیا بکات 20 ملیار دۆلار بە عێراق بدات. 
 
وێڕای قەرەبووە "کەمەکە" عێراق دڵخۆشە بەوەی جارێکی دیکەی دەسەڵاتی بەسەر هەناردەی نەوتدا دەبێت  ئەوەش وەکو پێگە ئەمریکییەکە باسی دەکات. 
جیهاد بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە: "بوونی نەوت لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆماندا لە هەر شتێکی دیکە گرنگترە". 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا بۆرییەکی نوێی نەوتی بۆ سنووری تورکیا راکێشا، لەوێشەوە بەسترایەوە بەو بۆرییەی ئێستا، کە نەوتی خاو لە کێڵگەی نەوتی باکووری کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان دەگواستەوە.  هەروەها ئەنقەرە و هەولێر لەسەر دروستکردنی بۆرییەکی گواستنەوەی غاز لە کێڵگەی غازی میران و بیناباوییەوە بۆ سنووری تورکیا رێککەوتوون. 
 
پێش بڕیارەکەی دادگەی پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەچووە تورکیا کە 370 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچوو و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکووک بوو. 
 
بەڵام لەدوای بڕیارەکە، رۆژی 25ـی ئادار عێراق هەناردەکردنی نەوتی بۆ تورکیا راگرت و تورکیاش پابەندێتیی خۆی بە بڕیاری دادگەوە دەربڕی. 
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند کە ئەوان هانی بەغدا و ئەنقەرە دەدەن بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەناردەی نەوت بدەن. ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی کە "وەستاندنەکە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە".
 
لای خۆیەوە، وەزارەتی وزەی تورکیا رایگەیاندووە، دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی "تەنیا یەک لە پێنج دۆسیەی عێراقی پشتڕاستکردووەتەوە و لە هەمان کاتدا دانی بە زۆربەی داواکارییەکانی تورکیادا ناوە." ئاماژەی بەوەش کردووە کە فەرمان بە عێراقیش کراوە بۆ ئەوەی قەرەبوو بداتەوە تورکیا، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک دیاری بکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی میدڵ ئیست ئای، سکاڵای تورکیا پەیوەندییان بە "توانای بۆری و نەدانی کرێی گواستنەوەوە هەبووە، کە بۆ ئەمەش فەرمان بە عێراق کراوە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار بداتە تورکیا." رۆژنامەکە دەڵێت، عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێشێلکاری پەیوەست بە کۆگاکردن، گواستنەوە، بەکارهێنانی تایبەت، بارکردن کردووە. بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات، دادگەی پاریس لە بڕیاردانەکەیدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئۆرگانێکی حکومەتی عێراقی هەژمارکردووە، "بەو پێیەش، تورکیا لە جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی کۆگاکردن و گواستنەوە هەڵەی نەکردووە". بەڵکو بەگوێرەی ئەلمۆنیتۆر، دادگەی پاریس تەنیا بارکردنی تانکەرەکان لە بەندەری جەیهانەوە بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆیەوە، سزاداوە. 
 
لەدوای بڕیارەکەی دادگەی ناوبژیوانییەوە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانیی نەوت کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان راگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دوو جار شاندی ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی بەدوای چارەسەردا بگەڕێن.
 
بەگوێرەی گوتەبێژی نەوتی عێراق، بەغدا ئامانجی هەیە میکانیزمێکی نوێی هەناردەکردن لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆ دابمەزرێنێت، "بەڵام هێشتا سازش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکراوە" هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوامن. هاوکات، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی پێگە ئەمریکییەکە: "پێدەچێت هەریەک لە هەولێر و بەغدا ئامادەبن ناکۆکییەکانیان یەکلایی بکەنەوە، بەڵام گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیە لە بنبەستدا بوون، چونکە بەپێی زانیارییەکان بەغدا هەوڵدەدات لەڕێگەی سۆمۆوە کۆنترۆڵی خۆی دووپات بکاتەوە، لەکاتێکدا هەولێر پێداگری لەسەر پاراستنی هەڵوێستی خۆی لەسەر میکانیزمی هەناردەکردن دەکات." 
 
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 21ی ئاداردا لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. بڕیارە پێشبینیکراوەکەی ناوبژیوانی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت "لە پێشەنگی کارنامەی دانوستانەکاندا بووە، هەرچەندە ئەوە کێشەی دێرینی دابەشکردنی ئاو بوو کە بە ئاشکرا باسکرا".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلمۆنیتەر، سودانی بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، هەر رێککەوتنێک بۆ ناردنی غاز لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا، پێویستە بە هەمانشێوە لەگەڵ بەغدا رێکبکەون و "پێدەچێت ئەردۆغان لە بەرامبەر دەستکەوتنی قازانجی بازرگانی نەوت و گاز، هیوای رێگەدان بە ئاوی زیاتر لە رووبارەکانی دیجلە و فورات بۆ عێراق بەدەستەوە بدات". 
 
پێگەی ئەلمۆنیتەر باس لەوە دەکات، رەنگە تورکیا بە هیوای ئەوە بێت کە دۆسیەی ناوبژیوانییەکە بەبێ هیچ باجێک تێپەڕێنێت. بەو پێیەی پێشتر شارەزایانی وزە بە ئەلمۆنیتۆریان راگەیاندووە کە "گرێبەستەکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕگەیەکی کەم ناسراو لەخۆدەگرێت کە رێگە بە کۆمپانیای بۆریی نەوتی تورکیا، ناسراو بە بۆتاس دەدات بەرپرسیارێتی هەر سزایەک کە لە بازرگانی نەوتەوە سەرهەڵدەدات بگوازێتەوە سەر شانی لایەنی کوردی." 
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنقەرە بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە "لە سەردەمی قەیرانی بودجە لەگەڵ بەغدا، پارەمان بۆ هەولێر نارد بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران. ئەوان نەیانتوانیوە تەنانەت ئەوەش بدەنەوە".  ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەولێر ناتوانێت شان بداتە بەر بارگرانییەکی لەو شێوەیە. لە هەمان کاتدا لایەنی عێراقی توانای ئەوەی هەیە ئەو پرسە لە رێژە دەربهێنێت و مەترسی پچڕانی پەیوەندیی نێوان کورد و بەغدا بکات". 
 
پێگەی ئەلمۆنیتەر ئاماژە بەوەدەکات کە "بەغدا لەم دواییانەدا وا دەرکەوت کە مەیلی ئەوەی هەبێت رێگە بە حکومەتی هەرێم بدات راستەوخۆ نەوت بفرۆشێت."
 
لەکاتێکدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی نیشتمانی لە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 دا 12.67%ـە، بەگوێرەی رەشنووسی بودجە "هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی دەخاتە بازاڕەوە و داهاتەکەی دەخاتە سەر هەژمارێکی بانکی، کە بەرپرسانی فیدراڵی دەتوانن چاودێری بکەن."