ئیمارات لە 'ئابووری بەهێز و سەقامگیر' یەکەمی جیهانە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیمارات لە پێنوێنی 'ئابووری بەهێز و سەقامگیر' پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، هاوکات پێگەی خۆیشی لە پلەی 10یەم پاراست لە پێنوێنی هێزی نەرمی دارایی.
 
راگەیاندنەکە پێنجشەممە لە "لوتکەی هێزی نەرمی جیهانی" راگەیێندرا کە بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرکردە و کەسایەتییە جیهانییەکان لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
 
ئیمارات تاکە وڵاتی کەنداوە لەنێو 10 گەورەترین وڵاتی خاوەن هێزی نەرم بێت.
 
دەستنیشانکردنی ئیمارات وەک خاوەنی پلەی یەکەم لە پێنوێنی 'ئابووری بەهێز و سەقامگیر' لە رووپێوییەکدا دێت کە 170 هەزار کەس لە بەرپرسانی سەرمایەداری و سیاسەتداڕێژەران بەشدارییان تێدا کردووە.
 
بەخشینی ئەم پلەیە بە ئیمارات ئاماژەیە بە رۆڵ و پێگەی ئەو وڵاتە وەک مۆدێلێک لە گەشەی ئابووریی بەردەوام و فرەچەشنیی ئابووری، بەتایبەتیش دوای جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی زنجیرەیەک ستراتیژی و بڕیاری بوێرانە لە ساڵانی دواییدا.
 
لە ساڵانی رابردوودا، وڵاتانی کەنداو هەوڵیان داوە پشتبەستن بە نەوت و گاز کەمبکەنەوە؛ لەم رووەوە ئیمارات پێشڤەچوونی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
 
هەرچەندە رۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئێستا 70٪ـی ئابوورییەکەی پشت بە سەرچاوەی نانەوتی دەبەستێت، وەکو گەشتیاری، تەکنەلۆجیا، وزەی نوێ و خزمەتگوزاریی دارایی.
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە، شێخ محەممەد بن راشد ئەلمەکتوم، سەرۆکوەزیرانی ئیمارات رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی 2022، لە ساڵی 2023ـدا قەبارەی بازرگانیی نانەوتی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە 12.6٪ زیادبووە و گەیشتووەتە 952 ملیار دۆلار.