وەزیری دارایی: 60٪ی دەروازە سنوورییەکان لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقدان

01-03-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند پێشبینیکراوبوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، عێراق زیاتر لە 60٪ یەدەگی دراوی لەدەستبدات دەشڵێت: "نزیکەی 60٪ی هاوردەکردن لەرێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت و کۆنتڕۆڵی ئێمەی بەسەرەوە نییە".
 
رۆژی 28ی شوباتی 2022، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق، لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆمەڵێک زانیاری و داتا و شرۆڤەی خستە پێش پەرلەمانتاران و کۆمەڵێک شرۆڤەشی خستنەڕوو کە تایبەت بوون بەدۆخی ئابووریی عێراق و لەوانە دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی.
 
"دابەزاندنی نرخی دینار داهاتەکانی بەڕێژەی 23٪ زیادکرد"
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە بارەی دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار، گوتی: "بڕیارەکە بە ناچاری بووە و بۆ ئەوە بووە کە عێراق بەرەو دۆخی خراپتری ئابووری نەچێت، بەتایبەت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت وایکردبوو یەدەگی دراوی بیانی لە 67 ملیار و 900 ملیۆن دۆلارەوە لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 بۆ بڕی 54 ملیار دۆلار لەکانوونی یەکەمی 2020 کەمببێتەوە. ئاماژەکانیش بۆ ئەوە بوون بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە قەبارەی یەدەگی عێراق بۆ 27 ملیاری دۆلار لەساڵی 2021 دابەزێت و نرخی دراوی عێراقی بەشێوەیەکی خراپ و هەڕەمەکی دابەزێت".
 
داکۆکی لەبڕیاری دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلاریشەوە کرد و گوتی: "چەند هەفتەیەک گفتوگۆی لەبارەوە کراوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و راوێژکارەکانی و بانکی ناوەندی و سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و پسپۆڕانی ئابووری، هەروەها لەگەڵ سەرکردەی فراکسیۆنە سیاسییەکان و دواجار نرخی 1 دۆلارمان لە هەزار و 182 دینارەوە کردە هەزار و 450 دیناری عێراقی، ئەوەش بۆ ئەوەبوو کە بڕێکی زیاتری پارە بخرێتە هەژماری دەوڵەتەوە، بڕیارەکە لە 19ی کانوونی یەکەمی 2020 جێبەجیکرا".
 
بەپێی قسەکانی عەلی عەللاوی سوودەکانی دابەزاندنی نرخی دینار بریتی بووە لە: "زیادکردنی داهاتە نەوتییەکانی حکومەت بەڕێژەی 23٪، توانای حکومەتی لەبارەی مووچە و دەرماڵەکان و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و دووبارە دەستکردنەوە بەخەرجیی وەبەرهێنانی نانەوتی، بۆ ساڵی داهاتووش کاریگەریی لەسەر زیادکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانەوە لە وڵات دەبێت، لەگەڵ ئەوانەدا یەدەگی دراوی بیانیی بەبڕی 8 ملیار دۆلار و رێژەی 15٪ زیادکردووە ".
گوتیشی کە کەرتی تەندروستی زۆرترین سوودی لە بڕیاری دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار وەرگرتووە، بەپێی ئەو "نەخۆشەکان بەشێوەیەکی زیاتر روویان لە پزیشک و نەخۆشخانەکانی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر کردووە و کەرتەکە خەرجیی وەبەرهێنانی زیادیکردووە".
 
رۆژی دووشەممە، 28ی شوباتی 2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی سازکرد یەكێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بووە لەبارەی نرخی دیناری عێراقی کە ماوەیەک لەمەوبەر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای گێڕانەوەی نرخی دیناری بۆ پێش گۆڕینی کردبوو.
 
 
"زیادبوونی هەناردەی تورکیا  و ئێران لەسەر حیسابی کشتوکاڵی عێراقە"
 
تایبەت بە زیادبوونی هەناردەکردنی کاڵاکانی تورکی و ئێرانی بۆ عێراق، لەکاتێکدا بەهای دراوی هەردوو وڵات لەئاستی نزمدان، عەلی عەللاوی گوتوویەتی: " زیادبوونی هەناردەی تورکیا و ئێران بەپلەی یەکەم لەسەر حیسابی کەرتی کشتوکاڵی عێراقە کە رێژەی 20٪ی دەرفەتی کار دابین دەکات و یەک لەسەر سێی دانیشتووانی لە ناوچە گوندنشینەکانن".
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراقی، رەخنەی تووندیشی لەمڕووەوە گرتووە و گوتوویەتی: "زیادبوونی داهاتە نانەوتییەکانی عێراق زۆر پێویستە، بەڵام ئەم پرسە لەژێر دەسەلاتی وەزارەتی دارایی نییە، بەڵکو ئەوە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و فراکسیۆنە سیاسییەکانە بەگشتی، چونکە نزیکەی 60٪ی هاوردەکردنەکان لەرێگەی ئەو دەروازانەوە دەکرێن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵکراون و حکومەتی ناوەندیی کۆنتڕۆڵی بەسەریاندا نییە، ئەوەش پێویستی بەیەکلاییکردنەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
لەبارەی زیادبوونی نرخی کاڵا و شمەکیشەوە، عەلی عەللاوی گوتوویەتی: "نرخی شمەک بە رێژەی 23٪ زیادبووە، بەڵام لە جیهانیشدا نرخەکان بەگشتی زیادبوون، لە ساڵی 2021 بەنموونە نرخی جۆ بە رێژەی 120٪ زیادیکردووە، رۆنی چێشت بە رێژەی 80٪ و گەنم بە رێژەی 50٪ و شەکر بە رێژەی 30٪ و دانەوێڵە بەگشتی بە رێژەی 23٪ زیادبوون".
 
"رێژەی بێکاری بۆ 27٪ زیادیکردووە "
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی عێراق وەکو ئەوەی لەکاخەزی سپی بۆ چاکسازی و بودجەی وەزارەتی دارایی بۆ ساڵی 2021دا هاتووە، دەڵێت: "لەساڵی 2021دا داهاتە نانەوتییەکانی عێراق بەبڕی 9 تریلیۆن و 300 ملیار دینار زیادیانکرد ئەوەش لە رێگەی سەپاندنی باجی بەکارهێنان لەسەر مۆڵ و رێستۆرانت و شوێنەکانی کەرەستەی جوانکاری و خواردنەوە کحولییەکان و جگەرە و کەلوپەلی ئۆتۆمبێل و خزمەتگوزارییەکانی ئوتێل و ئارایشگەکانی جوانکاری و گواستنەوەی ئاسمانی و شوێنەکانی مەساجکردن، لەگەڵ زیادکردنی رەسمەکان".
 
لەبارەی رێژەی بێکاریشەوە دەڵێت: "رێژەی بێکاری لەنێو ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵدا بووە لەساڵی  2011 بریتی بووە لە 16٪ و لەساڵی 2019 بۆ 25٪ بەرزبووەتەوە، لەساڵی 2021یش بۆ 27٪، لەساڵی 2030شدا دۆخەکە قورسدەبێت بەتایبەت نزیکەی 5 ملیۆن دەستی کار زیاددەکات و ئەوەش بێکاری زیاتر دەکات".
لەبارەی قەرزە دەرەکییەکانی عێراقیشەوە دەڵێت"لەساڵی 2020 قەرزەکان 30 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بوون، بێ لە قەرزی کۆنی رژێمی پێشوو، بەڵام ئەو قەرزانە لەکۆتایی ساڵی 2021 بۆ 26 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە".
 
" 65٪ی قەرزی جووتیارانمان داوەتەوە"
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لەکۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە 28ی شوباتی 2022، بەدووری زانیوە بتوانن نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار بەرزبکرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە بۆ نرخی پێشووی و گوتوویەتی: "گۆڕینی نرخی دراو بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەبێتە هۆی شڵەژانی دارایی. دیاریکردنی نرخی دیناری عێراقی  لەو نرخەی ئێستای بۆ پاراستنی بووە لەهەر گۆڕانکارییەکی دەرەکی و بڕیارێکی دروستبووە و بەهەمانگی لەگەڵ بانکی ناوەندی بووە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لایەنەکانی دیکە بووە، جگە لە پشتیوانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی".
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لەکۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: "دابەزاندنی نرخی دراوی عێراق داهاتەکانی حکومەتی بە رێژەی 23٪ زیادکردووە لەنێویاندا ئەو پارانەی کە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە تەرخاندەکرێن و رێگە بە حکومەت دەدات بۆ وەڵامدانەوەی ئەو زیادبوونەی هەیە لە پێداویستی هاووڵاتیان و رێگە بەبەهێزکردنی وڵات دەدات و لەمەترسی دووری دەخاتەوە". 
 
سەبارەت بەبەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەبازاڕەکانی عێراق، گوتی" بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لەبازاڕەکانی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی نرخی جیهانیی خۆراک و داتاشراوەکانی نەوت و هاوردەکردنی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 30٪ بووە، هەروەها قەرزی دەرەکیی عێراق 4 ملیار دۆلار لەساڵی 2021 کەمبووەتەوە".
 
تایبەت بە پارەی گەنمی جووتیارانیش گوتی: "رێژەی 65٪ی قەرزی جووتیارانمان داوەتەوە لەگەڵ ئەوەی قەرزێکی زۆری ساڵانی 2019 و 2020 هەبوون".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی دەڵێت وەستانی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا، 20 ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە.