پێشنیازێکی نوێی تایبەت بە گازی هەرێمی کوردستان دەدرێتە پەرلەمانی عێراق

01-02-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
جەمال کۆچەر قسە بۆ رووداو دەکات
جەمال کۆچەر قسە بۆ رووداو دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە داوا دەکەن، سەرجەم بەرهەمی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بدرێتە دەست حکومەتی فیدراڵ.
 
سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە لە بەرنامەی کاردایە. هەموارەکە پەیوەستە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان. 
 
بەرنامەی کاری سبەی پەرلەمانی عێراق لە چوار بڕگە پێکهاتووە؛ دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدایە کە پەیوەستە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، "ئێستا، سێ دەقی تایبەت بە هەموارکردنی ماددەی 12 هەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو دەقە نابێت کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعەوە ئامادەکراوە".
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر ،"دەقی یەکەم لەلایەن حکومەی فیدراڵییەوە ئامادەکراوە و دوو بڕگەی تێدایە. بڕگەی یەکەم 16 دۆلاری وەکو مەزەندە بۆ خەرجیی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت داناوە، تاوەکو هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر نرخی کۆتایی رێکدەکەون." 
 
جەمال کۆچەر دەڵێت "بەپێی بڕگەی دووەم، ئەگەر هەردوولایەن رێکنەکەوتن، وەزارەتی نەوتی عێراق، لایەنێکی نێودەوڵەتی دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەکە دیاریبکات."  
 
بەگوتەی جەمال کۆچەر "دەقی دووەم لەلایەن لیژنەی دارایی و رەوتێکی نوێی پەرلەمانتارانی شیعە کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقن، ئامادەکراوە و بۆ حکومەت نێردرا، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە رەتکراوە و حکومەت خۆی دەقێکی دیکەی ناردووە." 
 
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیشە لە پەرلەمانی عێراق، هەروەها گوتی "حکومەت رایگەیاندووە ئەوان لەگەڵ دەقی یەکەمدان کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام ئەگەر هەر دەستکاری دەکرێت، پێویستە بەشێوەیەک بێت کە حکومەت داوایکردووە."  
 
بەپێی دەقە نوێیەکە، "پێویستە نەوتی نێوخۆ، ئەو نەوتەی بۆ دەرەوە هەناردە دەکرێت و گازیش لەژێر دەستی حکومەتی فیدراڵ دا بن."
 
لەبارەی رێککەوتنی کۆتایی، جەمال کۆچەر دەڵێت "لە دوایین کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، رێککەوتن کراوە؛ دەنگ لەسەر دەقی یەکەم بدرێت، لەبەرئەوەی کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام ئەگەر دەقەکانی دیکە بخرێنە دەنگدان، ئەگەر هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی نەکات و کێشەکە گەورەتر دەبێت." 
 
جەمال کۆچەر دەڵێت "هیچ گەرەنتییەک نییە کە سەرجەم پەرلەمانتاران دەنگ بەو هەمووارکردنەوەیە بدەن، لەبەرئەوەی مۆدێلێک لەنێو پەرلەمان دا هەیە، کە رێککەوتن دەکرێت، بەڵام ژێربەژێر پابەند نابن، ئەوکاتە مەترسی لەسەر ئەو دەقە دروست دەبێت، کە حکومەت ناردوویەتی." 
 
لەبارەی مەترسییەکانی ئەو دەقەی بەشێکی پەرلەمانتارانی شیعە ئامادەیان کردووە، جەمال کۆچەر دەڵێت "ئەو دەقە باس لە هەناردەی نەوت و ئەو نەوتە دەکات، کە لە نێوخۆدا بەکاردێت، هەروەها باسی گازی هەرێمی کوردستان دەکات." 
 
جەمال کۆچەر گوتیشی، "باسکردنی بابەتی گاز لەکاتێکدایە، کۆبوونەوەکان لەسەر یاسای نەوت و گاز بەردەوامن و دۆسیەیێکی ئاڵۆزە، ئەم کێشەیە بە هەموارکردنی یاسای بودجە چارەسەرناکرێت و پێویستی بە یاسای تایبەت هەیە."
 
 هەروها گوتی، "کاتێکی زۆر کەم ماوە و پێویستە ئەو هەموارە بکرێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش پابەند بێت، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو دەقە نابێت کە پەرلەمانتارە شیعەکان پێشنیازیان کردووە."
 
جەمال کۆچەر دەڵێت "ئەگەر ئەم دەقە دەنگی لەسەر نەدرێت، پەرلەمان دەکەوێتە پشووی مانگی رەمەزان و حەج و، دەنگدان ناکرێت و ئەم هەموارکردنە دەبێتە بابەتێکی بانگەشەی هەڵبژاردن."
 
هەموارەکە لە مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، کە 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاریکردووە تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات؛ دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
 
هەر لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان، جەمال کۆچەر دەڵێت "تاوەکو وشەی (ئینفاق فیعلی) لەنێو یاساکە دا دەرنەهێنرێت، کێشەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر ناکرێت." 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە