رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە تەیف سامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە بەجێهێشتبێت و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکان "گفتوگۆی قووڵ کراوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە".
ئەمڕۆ شەممە، 01-02-2025، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، تەیف سامی ئامادەی هەموو کۆبوونەوەکان بووە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و باسیان لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان کردووە.
وەکو وەزارەتەکە باسی دەکات، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، تەیف سامی جەختی لەسەر پێویستیی بەستنی کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی کردووەتەوە بۆ وردبینیکردن و دڵنیابوون لە لیستەکان، تێچووی ساڵانە، مانگانە و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست بە خێراترین کات.
دوو رۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لە بەغدایە. شاندەکە لەگەڵ تەیف سامی و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکەی کۆبووەتەوە. پێشتریش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا "ئەرێنی" بوون.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێوارە کاری لیژنە هاوبەشەکان بۆ وردبینیکردن و بەراوردکردنی داتای مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و گرێبەستەکان و چاودێریی کۆمەڵایەتی بەردەوام بووە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەکە پێیگوتووە، تەیف سامی بە تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکەی گوتووە نووسراوی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان تێبینییەکانی بەغدای چارەسەر کردووە.
هەر ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت، سبەی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و بڕی پارەکەیش 950 ملیار دینارە.
بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوەیە کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە، "بەغدا ئەمشەو مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆران خەرج دەکات."
سەرچاوەکە گوتیشی، چاوەڕێ دەکرێت لە سێشەممەوە بۆ رۆژانی دواتر، مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ