زانیاریی نوێ لەبارەی بڕی پارەی مووچەی مانگی یەک و کاتی دابەشکردنی

01-02-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەغدا، مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات، پارەکە بڕی 950 ملیار دینارە و سبەی یان دووسبەی دەگاتە هەولێر.
 
بەپێی گوتەی سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق کە بەشداریی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو لەبارەی مووچە، "بەغدا ئەمشەو مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆران خەرج دەکات."
 
سەرچاوەکە گوتیشی، چاوەڕێ دەکرێت لە سێشەممەوە بۆ رۆژانی دواتر، مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دابەش بکرێت.
 
رووداو، زانیویێتی "گوشاری سیاسی" لەسەر بەغدا هەبووە بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، چونکە "پێشتر وا چاوەڕێ دەکرا؛ خەرجکردنی مووچە بکەوێتە 10 بۆ 15ـی ئەم مانگە، بەڵام رەوشەکە گۆڕا."
 
هەر بەپێی سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی عێراق کە قسەی بۆ رووداو کردووە "لە مووچەی مانگی یەک، پارەی خانەنشینکراوانی کوردستان دەرهێنراوە، ئەوانەی تازە بە یاسای عێراق خانەنشین کراون و تەمەنیان لەنێوان 60 تاوەکو 63 ساڵە."
 
هەروەها ئەوانەی بایۆمەترییان نەکردووە، مووچەیان راگیراوە.
 
بۆ مانگی داهاتوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان، تریلیۆنێک و 100 ملیار دینار پارەی مووچەی دەوێت، بۆیە "ئەگەر هەیە بەغدا مووچەی مانگی دوو دوابخات، بەو پێیەی 150 ملیار دیناری زیاترە."
 
شاندێك لە هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونە بەغدا، دوای چەند کۆبوونەوەیەک، بڕیاردرا مووچەی مانگی یەک خەرج بکرێت و، "ئەمشەو خەرجکردنی پارەکە واژۆ دەکرێت، سبەی یان دووسبەیش بۆ هەولێر دەنێردرێت." ئەمە بەپێی گوتەی سەرچاوە باڵاکەی رووداو لە حکومەتی عێراقەوە.
 
ئەم پێشهاتانە لەبارەی مووچە لەکاتێکدان؛ هێشتا مووچەی مانگی 12ـی پاری مووچەخۆران دابەش نەکراوە. حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى ساڵی رابردووی دابەشکردووە، بەڵام وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مووچەى سەرجەم مانگەکانی 2024ـی ناردووە.
 
دوێنێ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی دا لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا رایگەیاند بوو؛ کۆبوونەوەکان لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا" بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە