فرۆشتنی کاشی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ 2.7% دادەبەزێت

01-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 2015 ملیۆن دۆلاری بە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو فرۆشت و لەو بڕەش کەمتر لە 3٪ـی پێدانی دۆلار بووە بە کاش. شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، "پێدانی دۆلار بەرەو کەمبوونەوە دەچێت تاوەکو داخستنی تەواوی پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلار، ئەوەش بۆ خۆلادان لە خراپ بەکارهێنانی دۆلار".
 
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، بانکەکە بڕی 215 ملیۆن و 490 هەزار دۆلاری فرۆشت؛ لەو بڕە تەنیا 5 ملیۆن و 620 هەزار دۆلاری بە کاش فرۆشراوە و بڕی 209 ملیۆن و 870 هەزار دۆلاری لە رێگەی حەواڵەوە بووە بۆ دەرەوە.
 
ئەو بڕە دۆلارەی بانکی ناوەندیی عێراق بە کاش فرۆشتوویەتی تەنیا 2.6٪ـی کۆی دۆلاری فرۆشراوی رۆژی پێنجشەممەی بانکەکە پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا ئەو رێژەیە دوێنێ چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، 5.3٪ بووە، واتە دابەزینەکە زیاتر لە 100٪ بووە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی چوارشەممە، 11 ملیۆن و  270 هەزار دۆلاری بە کاش فرۆشتووە، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە رۆژی پێنجشەممە، 5 ملیۆن و 620 هەزار دۆلار بووە.
 
مەحموود فایز شمەری، شارەزای ئابووری، لەبارەی کەمبوونەوەی زیاتری بڕی ئەو پارەیەی بانکەکە لە رێگەی کاشەوە دەیفرۆشێت بە رووداوی گوت، "هۆکارەکەی بۆ رێگەگرتنە لە خراپ بەکارهێنانی دۆلار، ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی پەنجەرەی فرۆشتنی دۆلار دادەخرێت. ئەوەی دەکرێت باشە و هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی بەقاچاخ فرۆشتنی دۆلار لەسەر دینار دایناوە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە