رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دهۆک دەڵێت، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی کرێکاری بیانی لە کەرتی تایبەت لە سەرەتای ئەمساڵەوە خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە و، تائێستا 147 کرێکار لە پارێزگای دهۆک دەستبەرکراون بۆ خانەنشین بوون.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 20ـی ئەیلوولی 2022، بڕیاری ژمارە 172ـی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی رێژە و ژمارەی کرێکارانی بیانی لە کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیارەکە کۆمپانیاکان پابەند دەکرێن بەوەی 70٪ دەستی کاریان نێوخۆیی بێت و 25٪ یان کەمتریان کرێکاری بیانی بێت.
ئازاد حوسێن، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک لە رادیۆی رووداو گوتی، بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەساڵی 2022 دەرکراوە، لە سەرەتای ئەمساڵ 1-1-2024 خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، ماوەیەکی زۆر درابوو بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ بڕیارەکەدا بگونجێنن.
بەڕێوەبەری دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دهۆک دەڵێت، ئێستا لیژنەی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان و سەندیکای کرێکاران لەسەر ئاستی پارێزگەی دهۆک پێکهێنراوە و سەردانی شوێنەکان دەکەن؛ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پابەند دەکرێن بەوەی؛ رێژەی کرێکارانی بیانییان 25٪ زیاتر نەبێت.
بەگوتەی ئازاد حوسێن، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دهۆک، ئەوان وەکو بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندیدار و لیژنەکانیش، بەردەوام چاودێریی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکەن و هەر شوێنێک پابەند نەبێت، بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و سزادەدرێت.
لەبارەی ژمارەی ئەو کۆمپانیا و شوێنی کارانەی بەهۆی سەرپێچیکردنەوە سزادراون، ئازاد حوسێن گوتی "ساڵی رابردوو 37 خاوەنکار دراونەتە دادگە و سزادراون."
لە هەرێمی کوردستان بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 و یاسای کاری ژمارە 71ـی ساڵی 1987.
بەپێی یاسا بەرکارەکان، تەمەنی خانەنشینیی پیاوان، 20 ساڵ خزمەت و 60 ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش 20 ساڵ خزمەت و 55 ساڵ تەمەن دیاری کراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 144 هەزار و 930 کرێکار دەستەبەر کراون و ئێستا 880 کەس [کرێکار] خانەنشینی وەردەگرن.
بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، خاوەنکارەکان رێگرن و هۆکارن بۆ ئەوەی کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، بەهۆی ئەوەی پابەندییان دەکەوێتەسەر و ئێستا لە پارێزگای دهۆک 147 کەس دەستەبەرکراون و مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
هاوکات کەیفی بامەڕنی، ئەندامی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، بەپێی ئامارەکانی بەردەستیان؛ لە ساڵی 2023ـدا نزیکەی 30 هەزار کرێکاری بیانی لە سنووری پارێزگەی دهۆکدا هەبوون.
ئەندامەکەی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران دەشڵێت، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پارێزگەی دهۆک نزیکەی 20 هەزار کەس سوودمەند دەبن و کاریان دەستدەکەوێت.
"لەبارەی ئەوەی بۆچی کرێکاران خۆیان دەستەبەر ناکەن؟"، کەیفی بامەڕنی دەڵێت، زۆرجار خاوەنکار هۆکارە بۆ ئەوەی کرێکاران دەستەبەر نەکرێن، چونکە بەشی زۆری ئەو پارەیەی دەبێت بخرێتە سەر سندووقی خانەنەشینی، پێویستە خاوەنکار و پڕۆژەکە بیدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکان و خاوەنکاران، زۆرجار گرێبەست بۆ کرێکاری نێوخۆیی ناکەن، بەڵام بۆ کرێکارانی بیانی گرێبەست دەکەن و هەموو مەرجێکی تەندروستی و سەلامەتی بۆ کرێکاری بیانی جێبەجێدەکرێت، بەڵام بۆ کرێکاری نێوخۆیی ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ