نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: لە سنووری سلێمانی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوویان دابەشنەکراوە

01-02-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سنووری سلێمانی بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان تائێستا مامۆستایانی وانەبێژ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 1-2-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا کە یەکێکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاربوو دوای تەواوبوونی لیستی مووچەی مانگی 12، وانەبێژان شایستە داراییەکانیان وەربگرن، بەڵام لە 24-1ـەوە دابەشکردنی مووچە کۆتایی هاتووە و تائێستا وانەبێژان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین مووچەیان وەرنەگرتووە. 
 
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، پەیوەندی بە بانکی هەرێم لە سلێمانی کردووە و پێیانگوتوون پارە لە بانک نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووی وانەبێژان.
 
تاوەکو ئێستا تەنیا لە سنووری پەروەردەی هەولێر و دهۆک وانەبێژان مووچەی مانگی 12یان وەرگرتووە.  
 
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەگوێرەی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، بەگشتی کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن. 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزار لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆک.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە