رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵی 2024ـدا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 550 دۆلار و نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21یش 113 هەزار دینار بەرزبووەوە.
هەرچەندە لە کۆتایی 2024ـەوە چەند ئاستەنگێک لەبەردەم بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەرکەوتن، بەڵام زۆرینەی پێشبینییەکان بە ئاراستەی بەرزبوونەوەی زیاترن لە مەودای درێژخایەندا.
ساڵی 2024 زێڕ گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەی لە ساڵی 2010ـەوە تۆمار کرد.
رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، هاوکات بوو لەگەڵ کرانەوەی بازاڕە داراییەکانی جیهان، دوای دوو رۆژ داخرانی هەفتانە. ئەو کاتە ئۆنسەیەک زێڕ بە 2 هەزار و 62 دۆلار بوو.
لەگەڵ هاتنی 2025، هەر ئۆنسەیەک بە نزیکەی دوو هەزار و 620 دۆلارە، واتە لە ساڵی 2024دا هەر ئۆنسەیەک زێڕ 560 دۆلار بەرزبووەوە یان 26.91٪.
رۆژی 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 2 هەزار و 790 دۆلار. ئەوە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕ بوو لە مێژووی مامەڵەکانیدا تۆمارکرابێت.
کڕینی و خواست لەسەری لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان، گرژییە جیۆسیاسییەکان و جەنگەکان، کەمکردنەوەی رێژەی سوود و شلکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی وڵاتان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بوون لە 2024.
ئانیکا گوپتا، بەڕێوەبەر لە دامەزراوەی توێژینەوەی دارایی 'ویزدەم تری' دەڵێت، هەرچەندە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە 2025 بە ئاستێکی کەمتر لە پێشبینییەکان دەکرێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر زێڕ دابنێت، بەڵام رەنگە بەردەوامیی فاکتەرەکانی دیکە هاوکار بن لە پاڵپشتیکردنی نرخی زێڕ.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا ساڵی رابردوو سێ جار رێژەی سوودی کەمکردەوە؛ 18ـی ئەیلوول بە رێژەی 0.50٪؛ 7ـی تشرینی دووەم بە رێژەی 0.25٪؛ 18ـی کانوونی یەکەم بە رێژەی 0.25٪.
پێشتر پێشبینی دەکرا لە 2025ـدا بانکەکە 4 جاری دیکە رێژەی سوود کەمبکاتەوە، بەڵام بانکەکە لە دوایین کۆبوونەوەیدا رایگەیاند، رەنگە لە 2025 تەنیا دوو جار رێژەی سوود کەمبکەنەوە. ئەمە دەکرێت نرخی زێڕ دابەزێنێت یان وابکات بەرزبوونەوەکەی سنووردار بێت.
هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی لە ناڕوونییەکانی ساڵی 2024، سیاسەتی ئابووری و داراییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکایە.
ترەمپ رایگەیاندووە کە دەیەوێت پێناسی گومرگی زیادبکات. ئەمە واتای ئەوەیە، ئەو کاڵایانەی دەبرێنە ئەمریکا، بە تێچوویەکی گرانتر دەبرێنە نێو سنوورەکانی، ئەمەش واتە بە نرخێکی زیاتر دەگەنە دەست ئەمریکییەکان.
ئەمە وایکردووە ترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دروست ببێتەوە. لە سیناریۆیەکی لەم جۆرەدا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچار دەبێت کەمکردنەوەی رێژەی سوود خاوبکاتەوە، ئەگەر بەرزیشی نەکاتەوە.
ئەمە دەکرێت دووبارە نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە؛ دژەکانیشی دابەزێنێت کە دیارترینیان زێڕە.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی بازرگانی بەهۆی سیاسەتەکانی ترەمپەوە لەنێوان ئەمریکا و چین؛ یەکەم و دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان، دەکرێت دووبارە نرخی زێڕ بەرزبکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، پێشبینیی زۆرینەی بانکەکان بۆ نرخی زێڕ لە ساڵی 2025 هێشتا بەرەو بەرزبوونەوەی زیاترە.
دان ستروڤیەن، ستراتیژیناسی کاڵاکان لە بانکی گۆڵدمان ساکس دەڵێت: "پێشبینی دەکەین نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 3 هەزار دۆلار، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لە لایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان".
ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ لە نیوەی دووەمی 2024ـدا رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە 12 مانگی داهاتوودا بانکە ناوەندییەکانی جیهان زێڕی زیاتر بکڕن، ئەمە واتە زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ و، بە ئەگەری زۆرەوە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی، بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەرەکانی دیکەی وەک سیاسەتەکانی ترەمپ و ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکان یان ئاگربەست.
مسقاڵێک زێڕ 93 بۆ 133 هەزار دینار بەرزبووەوە
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ، نرخی مسقاڵی زێڕیش لە بازاڕە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە 2024 بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بە جۆرێک نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ لەنێوان 93 هەزار دینار بۆ 133 هەزار دینار بەرزبووەوە، ئەوەش بەپێی عەیارە جیاوازەکان.
رۆژی 1ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، نرخی فرۆشتنی هەر مسقاڵێک زێر بەم جۆرە بوو:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 = 510 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 = 470 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 = 450 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 = 390 هەزار دینار
لە دوایین رۆژی 2024ـیشدا؛ 31ـی کانوونی یەکەمی 2024ـدا نرخ بەم شێوەیە بوو:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 = 643 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 = 590 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 = 563 هەزار دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 = 483 هەزار دینار
لە 4ـی مانگی تەممووزی 2024ـەوە نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 21 نەهاتە خوار 500 هەزار دینار.
رۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2024ـیش، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 600 هەزار دینار.
رۆژی 23ـی هەمان مانگیش، نرخەکەی زیاتر بەرزبووەوە؛ ئەو کاتە مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 603 هەزار دینار، نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 24ـیش گەیشتە 690 هەزار دینار. هۆکاری سەرەکیش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بوو لە جیهان کە ئەو رۆژە هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2 هەزار و 751 دۆلار.
ئەوەی گرنگە بزاندرێت ئەوەیە کە نرخی ئۆنسەی زێڕ تاکە فاکتەر نییە کاریگەری لەسەر نرخی مسقاڵی زێڕ دابنێت.
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار. نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
سەرجەم ئاماژەکان و پێشبینییەکانی بانکەکان بۆ ئەوە دەچن کە هەر دابەزینێکی نرخی ئۆنسەی زێڕ، کاتی دەبێت و سەرەنجامی بەرزبوونەوەیە.
ئەوەی هیوایەک بۆ دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ یان بەرزنەبوونەوەی بەرچاوی بەراورد بە ئۆنسەی زێڕ دروستدەکات، ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای دینارە.
بڕیارە لە ساڵی نوێوە بانکی ناوەندیی عێراق بەشێوەیەکی پلەبەند کارکردن بە سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ حەواڵەی دارایی رابگرێت و لەبری ئەوە، 18 بانکی عێراقی بە 7 دراوی جیاواز راستەوخۆ حەواڵە بۆ بانکە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان دەکەن.
هەرچەندە هۆشداری دەدرێت لەوەی لە سەرەتای پرۆسەکەدا ئەگەر هەیە تا رادەیەک بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیر بێت، بەڵام زۆرینەی ئابووریناس و شارەزایان گەشبینن بەوەی بە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی بانکی ناوەندیی عێراق، لە مەودای درێژخایەندا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەبێتەوە.
بەرزبوونەوەی بەهای دینار، واتە دابەزینی نرخی مسقاڵی زێڕ، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ئۆنسەی زێڕ. بە واتایەکی دیکە، دەکرێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبێتەوە، بەڵام هاوکات لەگەڵیدا نرخی ئۆنسەی زێڕیش لەسەر ئاستی جیهان بەرزبێتەوە، ئەمە وا دەکات بەرزبوونەوەی دینار کاریگەرییەکی کەم و سنوورداری هەبێت و نرخی مسقاڵی زێڕ دانەبەزێت.
بە واتایەکی دیکە، ئەگەر بەهای دیناریش بەرزبێتەوە، دەکرێت لە مەودای درێژخایەندا نەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی مسقاڵی زێڕ، بەو پێیەی پێشبینییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ زیاترن و پێشبینی دەکرێت بە ئاستێکی زیاتر بەرزببێتەوە وەک لە بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی.
هەڵگیرسانی هەر شەڕ و گرژییەکی نوێش، دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر بەرز بکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هەرێمی بێت و مەترسیی تێوەگلانی عێراقی تێدا هەبێت، چونکە ئەوکات ئەگەر هەیە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دینار هەبێت و خواست لەسەر زێڕیش بەرزبکاتەوە.
بەپێچەوانەشەوە هەر هێوربوونەوەیەکی دۆخی ناوچەکە و ئاگربەستی ئەو شەڕانەی ئێستا هەن، دەکرێت نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ