ئێکسۆن مۆبیل یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراق رادەستی کۆمپانیایەکی چینی دەکات

01-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئێکسۆن مۆبیل گەورە کۆمپانیای ئەمریکیی بواری وزە، بەفەرمی کۆتایی بە گرێبەستەکەی لە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە لە پارێزگای بەسرە هێنا و کۆمپانیای پترۆچاینا شوێنی گرتەوە، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقیش دەڵێت: "کۆمپانیا ئەمریکییەکە سەرجەم کارەکانی لەو کێڵگەکە رادەستی کۆمپانیا چینییەکە کرد."
 
رۆژی دووشەممە، 1-1-2024، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، گەورە کۆمپانیای ئەمریکیی بە فەرمی سەرجەم پەیوەندییەکانی بە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە لە پارێزگای بەسرە لە عێراق پچڕاند و کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی شوێنەکەی گرتەوە.
 
باسم محەممەد، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "کۆمپانیا ئەمریکییەکە کێڵگەکەی رادەستی کۆمپانیا چینییەکە کرد کە دەبێتە بەڵێندەری سەرەکی لە پڕۆژەکەدا، نوێنەرانی هەردوولاش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی کۆمپانیای نەوتی بەسرا لەنێو کێڵگەکە لە رێوڕەسمی رادەستکردنەکە ئامادە بوون."
 
بەپێی ئەو کشانەوەیە، کۆمپانیا چینییەکە دەبێتە خاوەنی گەورەترین پشک لەو کێڵگەیەدا، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو گرێبەستێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکردبوو، هەروەها کۆمپانیای نەوتی بەسرەش 22.7٪ـی پشکی کۆمپانیا ئەمریکییەکەی لەو کێڵگەیە وەرگرتەوە.
 
جگە لەوە کۆمپانیای پیرتامینای ئیندۆنیزی رێژەی 10٪ـی پشکی ئێکسۆن مۆبیلی لەو کێڵگەیە کڕییەوە، بەو پێیە رێژەی پشکەکانی بۆ 20٪ لەو کێڵگەیە کە نزیکەی 550 هەزار بەرمیلی رۆژانە دەبێت، زیادی کرد.
 
کێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قوڕنە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا، قەبارەی یەدەگەکەی بە نزیکەی 20 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێت.
 
ساڵی 2021، خالید حەمزە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە رۆیتەرزی گوتبوو، کە ئێکسۆن مۆبیل دەیەوێت بایی 350 ملیۆن دۆلار پشکەکانی بفرۆشێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە