ئێران: لە نۆ مانگدا بایی 6.9 ملیار دۆلار کاڵامان هەناردەی عێراق کردووە

01-01-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئیدارەی گومرگەکانی ئێران دەڵێت، لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی دارایی ئێران، بایی نزیکەی 7 ملیار دۆلار کاڵایان هەناردەی عێراق کردووە.
 
محەممەد رەزوانیفار، سەرۆکی ئیدارەی گومرگەکانی ئێران دەڵێت، لە 21ی ئادار تاوەکو 21ی کانوونی یەکەمی 2023، عێراق دووەم گەورەترین هاوردەکاریان بووە و بایی 6 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
ساڵی دارایی نوێی ئێران لە 21ی ئاداری هەموو ساڵێک دەستپێدەکات؛ بەوپێیە، ئەو ماوەیە دەکاتە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی دارایی وڵاتەکە.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران، بەراورد بە نۆ مانگی ساڵی پێشووتر، قەبارەی هەناردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق 15% زیادبووە.
 
هەر بەپێی ئامارەکەی ئێران، لەو نۆ مانگەدا، عێراق بایی نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردووە.
 
وەک یەحیا ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران-عێراق دەڵێت، ئەو دوو وڵاتە ئامانجیانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانە بگەیێننە 20 ملیار دۆلار، کە ئێستا ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە.
 
زیادبوونی قەبارەی هەناردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق لە کاتێکدایە، بازرگانیکردن لەگەڵ ئێران یەکێکە لە لەمپەرە سەرەکییەکان لەبەردەم بەرزبوونەوە و جێگیربوونی نرخی دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلار، بەوپێیەی ئێران سزای ئەمریکای لەسەرە و ناتوانێت بە دۆلار و سیستەمی سویفتەوە مامەڵە بکات.
 
بەپێی راگەیێندراوەکانی ئەمدواییەی بەرپرسانی هەردوولا، جەخت لەسەر بەکارهێنانی دراوی نێوخۆیی هەردوو وڵات –دیناری عێراقی و تمەنی ئێرانی- کراوەتەوە لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان.
 
رۆژی 31ـی تشرینی یەکەمی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەباس عەلی عەبادی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئێران لە بەغدا کۆبوونەوە؛ سەرەڕای تاوتوێکردنی برەودان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، هەردوولا دووپاتیان کردەوە لەسەر بەکارهێنانی دراوی نێوخۆییان لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە