بانکی ناوەندیی عێراق: دەبێت گۆڕینی دۆلار بۆ دینار لە بانکەکان بە رەزامەندیی خاوەن هەژمار بێت

01-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق چوار لایەن و چالاکیی دیاریکرد کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی دۆلار لە رێگەی حەواڵەکردنی دەرەکییەوە، لەوانە نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان. گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانیش دەڵێت، "گرنگیی رێکارەکان لە چۆنێتی و جێبەجێکردنیاندایە و ئەوە دەریدەخات کاریگەریی لەسەر بەهای دینار چۆن دەبێت."
 
بانکی ناوەندیی عێراق بەنیازە حەواڵەی کاش بە دراوی دۆلاری ئەمریکی سنووردار بکات و لە راگەیێندراوێکدا باسی ئەو لایەنانە دەکات کە لە ساڵی 2024 و لە رۆژی سێشەممە، 2ی کانوونی دووەمی 2024وە دەتوانن سوودمەند ببن.
 
بەپێی بانکەکە، ئەو لایەنانەی سوودمەند دەبن ئەمانەن:
 
- نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، ئەوانەی لە عێراق کار دەکەن.
 
- رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوانەی لە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران تۆمارن، لە کاتێکدا ئەگەر لایەنە بیانییە پارەدەرەکە مەرجی ئەوەی دانا حەواڵەی دەرەکی بە دۆلار بۆ عێراق بنێرێت.
 
- گرێبەستەکانی حکومەت، ئەوانەی کاران بە دۆلاری ئەمریکی، ئەو گرێبەستانەشی بەردەوامن لەسەر بەخشین و قەرز و رێککەوتننامە دەرەکییەکان.
 
- رێژەی 40%ی حەواڵە هاتووەکان بۆ هەناردەکارانی عێراقی، کە بەهۆی هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان دەبێت.
 
جگە لەوانەی ئاماژەیان بۆ کراوە، رێگە بە بانکەکان دەدرێت بڕی حەواڵەکانیان کە لە دەرەوە هاتووە، بە کاش بدەن و لە هەمان سەرچاوە خودییەکانی بەردەستی بانکەکان و بەپێی رێککەوتنی نێوان بانک و کەسەکان.
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا باسی ئەوەی کردووە، بانکەکان بەردەوام دەبن لە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ کڕیار و سەردانیکارانیان بە دراوی بیانی لە بەرامبەر سوویەک کە وەریدەگرن، کڕیار و سەردانیکارانیش مافی راکێشانی پارەکانیان بە کاش هەیە.
 
هەروەها ئەوەشی روون کردووەتەوە، "رێگە بە بانکەکان نادرێت لەخۆیانەوە پارەی کڕیار و سوودمەندانیان، کە لە دەرەوەی عێراق دێت، لە دۆلارەوە بگۆڕن بۆ دینار تەنیا بە رەزامەندیی خاوەن هەژمار نەبێت، جگە لەوە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران هەموو مامەڵە نێوخۆییەکان بە دراوی بیانی قەدەخە دەکرێت و دینار تۆکمە دەکرێت."
 
رۆژی دووشەممە 01-01-2024 جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەو رێکارانە شتی نوێیان تێدایە بۆ بەرگرتن لە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، جێبەجێکردنی و چۆنێتی جێبەجێکردنی دەریدەخات بەهای دینار چی لێ دێت، بەڵام بە گشتی رێکارەکان باشن."
 
جەبار گۆران پێیوایە، یەکێک لە باشترین بڕیارەکان ئەوەیە، کە هەرکەسێک بە دۆلار مامەڵەی کرد و دۆلار خرایە سەر هەژمارەکەی، بانک ناتوانێت بەبێ ویستی ئەو کەسە پارەکەی بگۆڕێت بۆ دینار."
 
بانکی ناوەندیی عێراق ئەو رۆژانەی دەوامی فەرمی هەبێت، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، کە هەر 100 دۆلار، بە 132 هەزار دینارە، بەڵام ئاڵوگۆڕکارانی دراو دەڵێن، بانکی ناوەندی مەرجی زۆر بۆ فرۆشتنی دۆلار دادەنێت و زۆرینەی ئەو دۆلارەشی دەیفرۆشێت، بۆ دەرەوەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە؛ بۆیە بەردەوام بەهای دینار ناجێگیرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە