داهاتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لە مانگی 12ی ئەمساڵدا زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، داهاتی ئەو نەوتە زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 1-1-2022 لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو رایگەیاند: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق-سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی 12ی رابردوودا گەیشتە 101 ملیۆن و 579 هەزار و 927 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 7 ملیار و 37 ملیۆن دۆلار".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 98 ملیۆن و 570 هەزار و 290 بەرمیل، هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتە 2 ملیۆن و 700 هەزار و 95 بەرمیل".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: "هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو لە عێراق مانگی رابردوو 3 ملیۆن و 277 هەزار بەرمیل بووە؛ هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە زیاتر لە 72 دۆلار فرۆشراوە".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو (لە مانگی 11ی 2021دا) 98 ملیۆن و 192 هەزار و 317 بەرمیل بووە؛ داهاتی ئەو نەوتەش 7 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە 77.333 دۆلار فرۆشراوە.