رووداو-سووریا
پەرلەمانتارێکی كورد رایدەگەیەنێت، رژێمی سووریا ئامادەیە لەگەڵ کورد دانووستان بکات. دەشڵێ "بەڵام هەندێك لە پارتەكان دروشمی زۆر گەورە بەرزدەكەنەوە".
عومەر ئۆسێ، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (رووداو) لەبارەی مافەكانی كورد لە رۆژئاوای کوردستان گووتی: "بەشار ئەسەد ئامادەیە لەگەڵ كورد لەسەر سێ خاڵ دانوستان بكات، بەڵام هەندێك لە پارتەكان دروشمی زۆر گەورە بەرزدەكەنەوە، كە لەگەڵ بارودۆخی سووریا ناگونجێت".
سەبارەت بەوەی دروشمی ئەو پارتانە چین، ئۆسێ گوتی:" پرسی فیدراڵی، داوادەكرێت، بەڵام ئەوە لە ئێستادا ناگونجێت، هەرچەندە مافی كوردە دەوڵەتیشی هەبێت".
عومەر ئوسێ گووتیشی "پێدانی مافی رۆشنبیری بە گەلی كورد لە سووریا، لە دەستوور ئاماژە بە گەلی كورد بكرێ، هەروەها بەشداریكردنی كورد لە ژیانی سیاسیدا، ئەو سێ خاڵەن کە پێموایە دەوڵەت ئامادەیە لەگەڵ كورد دانوستانی لەسەر بكات.
سەبارەت بە بیرکردنەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی رژێمی سووریا، سەبارەت بە پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD ، کە لەرووی سەربازی و ئیدارییەوە لە رۆژئاوای کوردستان باڵادەستە، گووتی: "پەیوەندی PYD لەگەڵ دەوڵەت لە ئاستێكی باڵادا نییە. ئەوان حیزبێكن".
ئاماژە بەوەش دەكات "ئەسەد زۆر بۆی گرنگە لە ناوچە كوردنشینەكان شەڕی كورد و عەرەب روونەدات". گوتیشی: "راستەوخۆ ئەو قسەیەی بە من گوتووە، بەڵام هەندێك بەرپرسی شۆڤێنی حیزبی بەعسی سووری هەن، دەیانەوێت دەوڵەت هەڵكوتێتە سەر كورد و ناوچەكانیان، بەڵام ئەسەد رازی نابێت".


.png&w=3840&q=75)
