سەمیع زوبێر
رووداوـ هەولێر
ئەندامێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، کۆمسیۆن هەموو ئامادەکارییەكی پێویستی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوا، کە بڕیارە لە 20ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێ، ئەنجامداوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا لە 20 ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو پەسەند کرد، لە کاتێکدا پێشتر بڕیاری دابوو هەڵبژاردن لەو دوو پارێزگایە لە 4ی مانگی تەموزی داهاتوو ئەنجام بدرێ.
سیروان ئەحمەد رەشید، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە پشتبەستن بە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا، بڕیاری دا ئەو هەڵبژاردنە پێشبخات بۆ ئەوەی لە 20ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێ".
دانیشتوانی پارێزگای ئەنبار لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە پارێزگایەکەیان
گوتیشی: "سەرەرای ناجێگیری باری ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام دانیشتوانی ئەو پارێزگایە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لە پارێزگاکەیان بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی، کە باس لەوە دەکەن بە هۆی ناجێگیری دۆخی ئەمنییەوە دانیشتوانی ئەنبار لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا نین".
ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق زیاتر گوتی: "هەر هەڵبژاردنێک لەعێراق بەبێ کێشە بەڕێوەناچێ و گیروگرفتی دەبێت، بێگومان هەڵبژاردنی ئەنباریش کۆمەڵێ کێشەی بەدواوە دەبێت، هاوکات لیژنەی ئەمنی لەگەڵ سەرکردە سەربازی و ئەمنییەكانی ئەو ناوچانە گفتوگۆیان کردووە بۆ پاراستنی باری ئەمنی لە ئەنبار و نەینەوا لەرۆژی هەڵبژاردنەکاندا".
20ی نیسانی رابردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 12 پارێزگا بەڕێوەچوو، جگە لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار و نەینەوا لەگەڵ سێ پارێزگاكەی هەرێمی کوردستان، هاوکات رێژەی دەنگدەران لەو هەڵبژاردنەدا بەپێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان گەیشتە نزیکەی 50%.




.png&w=3840&q=75)