رووداو-هەولێر
رێوشوێنێکی توندی ئەمنی لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران گیراوەتەبەر، بەوپێیەی میدیاکانی نێوخۆی ئەو وڵاتە باس لە دوورخستنەوەی هاشمی رەفسەنجانی و رەحیم مەشایی دەکەن.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی نێوخۆی ئێران، هەریەك لە ئایەتوڵڵا هاشمی رەفسەنجانی و ئیسفەندیار رەحیم مەشایی بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری ئێران دوورخراوەتەنەوە، بەم هۆیەشەوە لە تارانی پایتەخت رێوشوێنێکی تووندی ئەمنی گیراوەتەبەر.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی) عەسری ئێران (سادقی زیبا کەلام، كە بە یەكێك لە كەسە نزیکانی هاشمی رەفسەنجانی دادەنرێت، گووتوویەتی: "هەموو ئەگەرەکان باس لەوە دەکەن هاشمی رەفسەنجانی لە لایەن ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوورەوە دوور دەخرێتەوە لە هەڵبژاردن و هۆکارەکەیشی بۆ تەمەنی رەفسەنجانی دەگەڕێننەوە و پێیانوایە بەساڵاچووەو ناتوانێت ئەرکی سەرۆک کۆماری بە باشی راپەڕێنێت".
هەروەها چاوەڕواندەکرێت دوورخستنەوەی مەشایی، کاردانەوەی تووندی ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری ئێرانی لێبکەوێتەوە.
پێشتر ئەحمەدی نەژاد هۆشداری دا لەبارەی ئەگەری دوورخستنەوەی مەشایی، لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوەی دوورخستنەوەی ناوبراویش، چاوەڕوان دەکرێ ئەحمەدی نەژاد دەست لە کار بکێشێتەوە و پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوە نەبات.
لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵمەتی دەستگیرکردنی لایەنگرانی ئەحمەدی نەژاد و ئیسفەندیار رەحیم مەشایی زۆرتر بووەو ماڵپەڕی "ئیرنا"، کە ماڵپەڕی رەسمی دەوڵەتی ئێرانە، هۆشداری داوەتە بەرپرسان ئەو هەڵمەتە رابگرن.
رەوشی ئەمنی ئەمڕۆی پایتەختی ئێران و خاوبوونەوەی تۆڕی ئینتەرنێت لەو وڵاتە، ئەگەری دوورخستنەوەی ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێران پشتڕاستدەکاتەوە.
پێدەچێت سبەینێ ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستووری ئێران ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات، کە رێگەیان پێدەدرێت لە هەڵبژاردنی رۆژی 14-6-2013 لەو وڵاتە خۆیان بخەنە رکابەری هەڵبژاردنەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.



.png&w=3840&q=75)