بارزانی: هاوكارانی تیرۆریستان بە تووندترین شێوە سزادەدرێن

27-08-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بارزانى داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێ  پێویستە ئەو كەسانەی هاوكاری تیرۆریستان بوونە بە تووندترین شێوە سزابدرێن، بەڵام ژیانی هاووڵاتیان و ئەو خەڵكانەی پەیوەندییان بە تیرۆریستان نەبووە بپارێزرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی ئابی 2014 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شێخەكانی هۆزی شەمەڕ و چەند هۆزێكی عەرەبی ناوچەی رەبیعە و دەشتی نەینەوا كرد.

بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، كەسایەتی و شێخەكانی هۆزی شەمەڕ و چەند هۆزێكی دی ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بەگژ تیرۆریستانی داعش بچنەوە و بەشداری شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بن. دووپاتی ئەوەشیان كردووەتەوە كە ئامادەن چەك هەڵبگرن و تیرۆریستان لە ناوچەكە ریشەكێش بكەن و دژی هەموو هەوڵێكیش دەوەستن كە بیەوێت پێكەوەژیانی كورد و عەرەب و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە تێكبدات.

راشیانگەیاندووە كە ناتوانن دەستەوەستان بن لەوەی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەكان تێكدەدرێن و مەسیحی و كوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستان بچەوسێندرێنەوە و رێگە نادەن هێزی شەڕ و تاریكی لە ناوچەكانیان دەستەڵات بگرێتەدەست.

لە بەرامبەردا بارزانی دەستخۆشی لە هەڵوێستی شێخەكانی ئەو هۆزانە كردووە و ئاماژەی بەوەداوە كە شەڕەفێكی گەورەیە گەلی كوردستان شەڕی زوڵم و تاریكی و وەحشیگەریی تیرۆریستان دەكات و ئێستا هاوكێشەكان لە بەرژەوەندیی هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕاون و تیرۆریستان لە دۆخی داڕمان و دۆڕانن.

جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە گەلی كوردستان هەمیشە لەگەڵ پێكەوەژیان و تەبایەتی و برایەتی بووە و خەباتی لەدژی داگیركاری و زوڵمدا كردووە و لە هیچ دۆخێكدا قبووڵی ئەوەی نەكردووە بچێتە ناو شەڕی نەتەوەیی و تاییفی.

سەبارەت بە دەركەوتنی چەكدارانی داعشیش بارزانی ئاماژەی بەوەداوە كە سیاسەتی هەڵەی حكومەتی بەغدا ژینگەیەكی وای دروستكرد كە تیرۆر و داعش گەشە بكات. ئەوەیشی دووپاتكردووەتەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو تێكشكاندنی تەواوەیی تیرۆریستان ناوەستن و بەسەریان سەردەكەون. جەختیشیكردووەتەوە كە پێویستە ئەو كەسانەی هاوكاری تیرۆریستان بوونە بە تووندترین شێوە سزابدرێن، بەڵام ژیانی هاووڵاتیان و ئەو خەڵكەی پەیوەندییان بە تیرۆریستان نەبووە بپارێزرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە