هەژار ئەرگۆشی
رووداو- هەولێر
دەفتەری تاقیکردنەوەی 40 قوتابی یەکێک لە قوتابخانەکانی ئامادەیی شاری هەولێر لە دەستی مامۆستایەکی ئافرەت، کە مامۆستای وانەکەیە ون دەبن و تائێستاش نەدۆزراونەتەوە.
هاوسەری مامۆستاکە بە (رووداو)ی گوت: "دوای ئەوەی تاقیکردنەوەکە تەواو بووە، خێزانەکەم داوای لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کردووە رێگەی بدات دەفتەری تاقیکردنەوەکان بباتە ماڵەوە و لەوێ راستکاری (تصلیح)یان بکات ، وەک هاوکارییەک بەڕێوەبەرەکەش رێی پێداوە، چونکە هێنانە دەرەوەی دەفتەری تاقیکردنەوە لە قوتابخانە قەدەخەیە".
تاوەکو ئێستا یاسایەکی دیاریکراو نییە بۆ ئەم حاڵەتانە
بەکر کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بێئاگایی خۆی لەم بارەیەوە راگەیاند و بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەگەر شتێکی وا هەبێت، لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پێکدەهێنرێت، لێپێچینەوەکەش بەپێی هەلومەرجی رووداوەکە دەگۆڕێت و بەپێی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێ، چونکە تاوەکو ئێستا یاسایەکی دیاریکراو نییە بۆ ئەم حاڵەتانە".
لەبارەی چۆنێتی ونبوونی دەفتەرەکان، هاوسەری مامۆستاکە گوتی"لەگەڵ خێزانەکەم بە تاکسی چوینە دەرەوە، ئەو کاتە دەفتەرەکان لای من بوون و لای گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لەسەر شەقامی سەد مەتری شاری هەولێر دابەزین و دەفتەرەکانم لەناو تاکسی بەجێهێشت".
زیاتر گوتی: "تائێستا پەروەردەی هەولێر بە بابەتەکەی نەزانیوە، بۆیە ناوی مامۆستا و قوتابخانەکە ئاشکرا ناکەین، بەڵکو بیدۆزینەوە و کێشەکە چارەسەر ببێت".
ئاماژەی بەوەشكرد "بۆ دۆزینەوەی، داوای یارمەتیمان لە فەرمانگەیەکی حکومی نزیک شوێنی دابەزینەکەمان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانین لەرێی کامێراکانی چاودێری ئەوانەوە ژمارەی تابلۆی تاکسییەکە وەرگبرین، چونکە دڵنیاین ئەو شوێنەی ئێمەی لێ دابەزین لە کامێرای چاودێری ئەو فەرمانگەیە دەرچووە".




.png&w=3840&q=75)