رووداو – هەولێر
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوێنێ لە شاری هەولێر كۆبوونەوەو تێیدا جەخت لە پەرەدان بە هاوپەیمانیی ستراتیژی لەگەڵ پارتی و سازانی نیشتمانی لەسەر پرۆژەیاسای دەستوور كراوەتەوە.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ناوەرۆكی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حیزبەكەی بۆ (رووداو) ئاشكراكردو رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەی دوێنێدا جەختكراوەتەوە لەوەی هاوپەیمانیی ستراتیژی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پەرەی زیاتری پێبدرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، كە سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ پەیوەندییەكی تەندرووستدان لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە.
لەبارەی ئەو مشتومڕانەی لەبارەی پرۆژەیاسای دەستوورەوە دەكرێت، بەتایبەتی كە دەگوترێت یەكێتی رایەكی روونی نییە لەو بارەیەوە، موفتی بۆ (رووداو) گووتی: "رای یەكێتی وایە پرۆژەیاسای دەستوور سازانی نیشتمانی و كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی لەسەر بێت و پاشان بخرێتە ریفراندۆمەوە".
لە لێدوانەكەیدا بۆ (رووداو) عەدنان موفتی لەبارەی داهاتووی یەكێتییەوە دواو گوتی: "كۆسرەت رەسوڵ وەك جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت"، هاوكات هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن ئێران پێشنیازی سەركردایەتی بە كۆمەڵی بۆ یەكێتی كردبێتو گوتی"هیچ شتێكی لەو جۆرە لە ئارادا نییەو باسیش نەكراوە".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەشی كە باس لە سەردانی وەفدێكی یەكێتی دەكەن بۆ ئەڵمانیا بەمەبەستی بینینی مام جەلال، سەرۆك كۆماری عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتی، موفتی ئەو هەواڵانەی رەتكردەوەو گووتی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا هیچ شتێكی لەو جۆرە باس نەكراوەو بڕیاریش نییە كەس سەردانی مام جەلال بكات".
دوێنێ دووشەممە 20-5- 2013 ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئەنجامدا كە ماوەی 8 سەعاتی خایاندو بڕیارە لەماوەی داهاتوودا راگەیەندراوێك لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە بڵاوبكرێتەوە. پێشتریش ئازاد جندیانی، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هەندێك زانیاریی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە بۆ (pukmedia) رایگەیاندبوو، كە بە گوتەی ناوبراو لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی شەهیدی یەكێتی دیاریكراوەو بە زۆرینەی دەنگ رۆژی لەسێدارەدانی شەهیدان (شیهاب، جەعفەر و ئەنوەر) وەك رۆژی شەهیدی یەكێتی دیاریكراوە.




.png&w=3840&q=75)