یەكێتی ئێستا سەرقاڵی تاوتوێكردنی پێشنیازێكی ئێرانە بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی سەركردایەتییەكی بەكۆمەڵ و ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حیزبەش نایشارنەوە كە ئێران رۆڵی سەرەكی هەیە و “قسەی ئێران گرنگە”.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، 159 رۆژی بەبێ مام جەلال بەڕێكردووە، لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی هەرە باڵا پێنج شاندی یەكێتی سەردانی ئێرانیان كردووە. تارانیش هەندێ پێشنیازی خستووەتە بەردەم یەكێتی.
پێشنیازەكەی ئێران
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان باس لە پێشنیازێكی ئێران دەكات كە ئێستا حیزبەكەی پێیەوە سەرقاڵە و بە (رووداو)ی گوت “ئێران پێشنیازی دروستكردنی كۆنسەیەكی كردووە بۆ یەكێتی وەك سەركردایەتی بە كۆمەڵ، ئێستا ئەم مەسەلەیە بیرۆكەیە و لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا باسدەكرێت”.
ئەسەسەرد ئەوەشیگوت كە “دروستكردنی كۆنسە وەك پێشنیازی ئێران دەمێنێتەوە، بەڵام دەبێ گفتوگۆی لەسەر بكرێت ئاخۆ ئەو كۆنسەیە تەنیا بۆ ئەوەبێ تاوەكو كۆنگرە دەبەسترێت ، یان ئەوەتا لە كۆنگرەدا ئەم بابەتە لەناو پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا دابنرێت ، چونكە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا هیچ شتێك لەبارەی ئەو كۆنسەیە نییە”.
هەروەها ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت “ئێستا لەناو سەركردایەتی یەكێتی كەس ئەوی دیكەی قبووڵ نییە ببێتە سكرتێری حیزب، بۆیە پێشنیازەكەی ئێران رەنگە گونجاوبێ و سەربگرێت”.
سەركردایەتی بە كۆمەڵ چییە؟
هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی بە كۆمەڵ بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی رەنگە هەمان شێوەی كۆنسەی سەرۆكایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK بێت كە دوای دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەساڵی 1999 بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی كێشە و لێكترازان پێكهات.
ئەو كۆنسەیە هەموو بڕیارێكی پەیوەست بە PKK دەدات، ئینجا چ بڕیاری ئاشتی بێت یاخود شەڕ، هەر ئەندامێكی ئەو سەركردایەتییەی بە كۆمەڵە دەبێتە بەرپرسی دۆسیەیەكی حیزبەكەی.
ئەم پێشنیازەی ئێران بۆ یەكێتی دوای چەند سەردانێكی فەرمی سەركردە هەرە باڵاكانی حیزبەكەی تاڵەبانی هات بۆ تاران، لەوانە سەردانی هەردوو جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، هەروەها سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری تاڵەبانی و دووبارە سەردانی چەند رۆژ لەمەوبەری د.بەرهەم ساڵح بۆ تاران.
“قسەی ئێران گرنگە”
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی بە (رووداو)ی گوت “ئێران رۆڵی هەیە و قسەی ئێران گرنگە، تەنانەت رێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێران رۆڵی تێدا هەبوو”.
ئاڵا تاڵەبانی كە لەهەمانكاتدا بڕیاردەری فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی “ئێران لە پشتی پەردەوە رۆڵی زۆری هەیە”.
دروستكردنی سەركردایەتی بە كۆمەڵ یان دەستەی سەرۆكایەتی لەنێو یەكێتیدا دوای ئەوە دێت كە یەكێتی بۆ وەرگرتنی هەندێ بڕیاری گرنگ و ستراتیژی لەنێوخۆی خۆیدا تووشی ناكۆكی و راوبۆچوونی جیاواز هات و زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەیانەوێ یەكلاییبوونەوەیەك لەشێوەی سەرۆكایەتیكردنی یەكێتیدا هەبێت .
“باشترین چارەسەرە بۆ یەكێتی”
عەبدولحەكیم خەسرۆ، مامۆستای زانكۆ لە زانكۆی سەڵاحەدین باس لە هۆكاری دروستبوونی سەركردایەتی بە كۆمەڵ دەكات لەنێو هێزێكی سیاسی “هەر حیزبێكی سیاسی قەیرانی گواستنەوەی دەسەڵاتی هەبێ ئەوا لە میكانیزمێك دەگەڕێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. بەتایبەتی ئەو قەیرانە تووشی ئەو حیزبانە دێت كە سەرۆكەكەیان كەسێكی كاریزمی بووەو لەدوای خۆی هەڵبژاردنی كەسێك بۆ شوێنی ئەو دەبێتە كێشە”.
عەبدولحەكیم خەسرۆ پێكهێنانی سەركردایەتی بە كۆمەڵ بە باشترین چارەسەر دەزانێ بۆ یەكێتی و دەڵێ “كەس ناتوانێ وەك مام جەلال قیادەی یەكێتی بكات، بۆیە قیادەی بەكۆمەڵ باشترین چارەسەرە بۆ یەكێتی”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێیوایە مەرج نییە سەركردایەتی بە كۆمەڵ لەهەموو شوێنێك سەربگرێت ، چونكە “هەندێ بابەتی ستراتیژی هەن ئەستەمە بە ئاسانی بڕیاری لەسەر بدرێت “. ئەو رێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی بە نموونە دەهێنێتەوە لە غیابی تاڵەبانیدا “یەكێتی هاوپەیمانی ستراتیژی پارتییە و زۆرجار پێویستیان بە بڕیاری ستراتیژییەو ئەمەش هەندێ ئەستەمە بۆ قیادەی ئێستای یەكێتی كە بەبێ تاڵەبانی بتوانن لە رێگەی قیادەی بەكۆمەڵەوە بڕیاری ستراتیژی بدەن”.
بەرهەم ساڵح و پۆستی
سەرۆك كۆماری
جگە لە نەبوونی كۆدەنگی لەسەر سەركردایەتی ئێستای یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی كەسێك لە شوێنی تاڵەبانی. كێشەی دیاریكردنی كەسێكی دیكەش هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی تاڵەبانی لە بەغدا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق كە لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی لە 17/12/2012 ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
ئاڵا تاڵەبانی، رەتیكردەوە لەنێو یەكێتیدا باس لە شوێنگرتنەوەی تاڵەبانی كرابێت و گوتی “تائێستا شیعەی دەسەڵاتدار داوای نەكردووە كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دابنرێت ، تەنیا موقتەدا سەدر نەبێ كە پاڵپشتی داواكەی داواكاری گشتی عێراق دەكات”.
بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی، ناوی لە هەموویان زیاتر دێت بۆ پڕكردنەوەی شوێنی تاڵەبانی لەبەغدا.
بەرهەم ساڵح، لە 13/5/2013 سەردانی ئێران كردو سەردانەكەی هەفتەیەكی خایاند. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی باس لەوە دەكات كە ئێران مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆك كۆمار. چونكە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پێویستی بە OKی ئێرانە و ئەم سەردانەی ئەو دواییەی بەرهەم ساڵح بۆ ئێران كە دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێكی كەم هات لە سەردانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بۆ ئەوەیە لە ئەمریكا و توركیا دووربكەوێتەوە ئەگەرنا تاران رازی نابێ شوێنی تاڵەبانی بگرێتەوە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت “مەرجی ئێران بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەیە كە لە چوارچێوەی سیاسەتی تاران دەرنەچێت . پشت لە شیعە نەكات و هاوپەیمانی نێوان كورد و شیعە بپارێزێت “. هەروەها “خۆی لە ئەمریكا و توركیا بەدووربگرێت ، چونكە بە كەسێكی نزیكی ئەو دوو وڵاتە دەناسرێت “.
فەرید ئەسەسەرد نەیشاردەوە كە ئێران دەستی بەجێبەجێكردنی پلانی خۆی كردووە و گوتی “ئێران ئێستا ستراتیژی نوێی هەیە بۆ عێراق و دەستی بە جێبەجێكردنی پلانەكەی كردووە، بەشێكی ئەو پلانە لەگەڵ هەرێمی كوردستانەو لەماوەی رابردوودا رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لەسەر ئەو رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق”.



.png&w=3840&q=75)