رووداو- هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە هێز و چەکی رەوانەی سنووری رۆژئاوای کوردستان کردبێ و رایدەگەیەنێ "هێزی پێشمەرگە زیاتر لە 2 ساڵە لەو سنوورە جێگیرە."
ئاژانسی (هاوار)ی نزیک لە پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD رایگەیاندووە "هێزی پێشمەرگە بەدرێژایی سنووری پێشخابوور و لە نزیک گوندی (شلیکێ) جێگیربوون و چەکی قورس رەوانەی ناوچەکە کراوە."
ئێمە لایەنی سەربازین و پابەندی بڕیاری سەرووی خۆمانین
لەو بارەیەوە ئەنوەری حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە ئەو هەواڵە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە، زیاتر لە دوو ساڵە لیوای 8ی پیادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەموو پێداویستییەکانییەوە لەو ناوچەیە جێگیرکراوە و هیچ هێزێکی نوێ نەنێردراوەتە ناوچەکە".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی داخستنی سنووری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند "ئێمە لایەنی سەربازین و پابەندی بڕیاری سەرووی خۆمانین".
دوێنێ دووشەممە 2013/5/20، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە رەوشی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند "لایەنێكی دیاریكراو رۆژ لە دوای رۆژ بە سەفەقاتی گوماناوی خۆی پڕچەككردووە. رۆژ لە دوای رۆژ خۆی لە رێككەوتننامەی هەولێر دوورخستووەتەوە و لایەنەكانی دیكەی پەراوێز خستووە، هەتا كار گەیشتە كوشتن، گرتن، رفاندنی خەڵك و رەچاونەكردنی بۆچوونی لایەنە سیاسییە كوردییەكان".
زیاتر لە 2 ساڵە لیوای 8ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە جێگیرکراوە
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "هەتا هەڵبژاردنێكی ئازاد ئەنجام نەدرێت، هیچ لایەنێك بۆی نیە تاكلایەنە خۆی فەرز بكات. هەتا كاتی هەڵبژاردن تەنیا دەستەی باڵا نوێنەرایەتی خەڵك دەكات. ئێمە رێگە نادەین پشتیوانی ئێمە وەك پردێك بەكاربهێنرێت بۆ خۆسەپاندن و تاكڕەوی، بۆیە ناچارین پێداچوونەوە لە هەڵوێستی خۆماندا بكەین و ئەگەر رێككەوتننامەی هەولێر بە تەواوەتی جێبەجێ نەكرێت و پێیەوە پابەند نەبن، ئێمەش بڕیاری دیكە دەدەین".
له چهند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئاسایشی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD له رۆژئاوای كوردستان 74 ئهندامی پارتی دیموکراتی کورد (ئەلپارتی)یان دهستگیركرد، بەڵام شەوی رابردوو ئاسایشی PYD جگە لە حەسەن عەتییە، سەرجەم گیراوەكانی ئەلپارتی ئازاد کرد.



.png&w=3840&q=75)