وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: هێدی نموونەیەک بوو لە جوامێری و شۆڕشگێڕی و وەفاداریی

لەلایەن عومەر شایان 11/1/2017
نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

رووداو- هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی یادی شاعیری کورد خالید حیسامی(هێدی) گوتی: "هێدی نموونەیەک بوو لە جوامێری و شۆڕشگێڕی و وەفاداریی و زۆربەی نامە گرینگەکانی بارزانی نەمر ئەو دەینووسی بۆ حکومەتی ئێران و شای ئێران".


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 11-1-2017 لە دەستپێکی قسەکانیدا لە رێوڕەسمی یادی شاعیری کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان خالید حیسامی(هێدی)  گوتی: "مامۆستا هێدی بۆ ئێمە یادگاری کۆماری کوردستان و پێشەوای شەهید قازی محەممەد و شۆڕشی ئەیلوول و بارزانی نەمر بوو، نموونەی پێشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ، شاعیرێکی گەورە و نووسەرێکی زانا بوو".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "مامۆستا هێدی نموونەیەک بوو لە جوامێری و شۆڕشگێڕی و وەفاداریی خەڵکی خۆشەویستی بۆکان و مهاباد لەگەڵ شۆڕش و لەگەڵ بارزانیدا، ئێمە کە بە خالید ئاغا ناومان دەهێنا لای بنەماڵەی ئێمە شوێنێکی تایبەتیی هەبوو، لای من و هاوتەمەنەکانی منیش هەر شوێنێکی تایبەتی هەبوو چونکە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونمان و خەریکبوونی گەورەکانی ئێمە بە هەڵگیرساندنی شۆڕشەوە، ئەو زۆر هەوڵیدا و ئاسانکاریی زۆری بۆ کردین بۆ ئەوەی بتوانین بچینە قوتابخانە و بەردەوام بین لە خوێندن".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی هێدی لەلایە مەلا مستەفای بارزانی کرد و گوتی: "زۆربەی نامە گرینگەکانی بارزانی نەمر ئەو دەینووسی بۆ حکومەتی ئێران و شای ئێران، ئەو نامانەی ئەویش دەینووسی بارزانی ئەوەندە متمانەی پێ هەبوو کە بێ خوێندنەوە ئیمزای دەکردن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی پەیوەندی خۆی و هێدی شاعیر و مامۆستا هەژاری موکریانی کرد و گوتی: "بەهۆی هۆگری من بە ئەدەب، پەیوەندیم لەگەڵ رەوانشادان مامۆستا هێدی و مامۆستا هەژاری موکریانی زۆر بەهێز بوو، بەشێک لە شیعرەکانی ئەوانم لەبەر بوو ئەوجا کە دەیان بینی ئەو شیعرانەم لەبەرە زۆر پێیان خۆش بوو و خۆیان لە منەوە نزیک دەبینی".

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەهەمان ئەندازەی نزیکایەتی و خۆشەویستی من بۆ ئەوان، پەیوەندی من لەگەڵ مامۆستا هێدی و مامۆستا هەژار بەشێکن لە یادگارییە شیرینەکانی ژیانی من".

دەقی گوتاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی یادی مامۆستا هێدی شاعیر:

ئامادەبووانی بەڕێز،
نووسەران و ڕۆشنبیرانی هێژا،
بنەماڵە و ئاشنایانی نووسەر و شاعیری گەورەمان مامۆستا هێدی..

ڕۆژتان باش و بەخێربێن بۆ كۆڕی یادكردنەوەی مامۆستا خالیدی حوسامی، ناسراو بە مامۆستا هێدی. مامۆستا هێدی لەلای ئێمە یادگارێكی كۆماری كوردستان و پێشەوای شەهید قازی محەممەد و، شۆڕشی ئەیلوول و بارزانیی نەمر بوو.

مامۆستا هێدی لەلای ئێمە نموونەی پێشمەرگەیەكی بە بیروباوەڕ، شاعیرێكی گەورە و نووسەرێكی زانا بوو. مامۆستا هێدی نموونەیەكی بەرزی وەفاداری بوو، لەبەر ئەوەش هەمیشە شانازیمان بە مامۆستا هێدییەوە كردووە و هەمیشەش شانازی پێوە دەكەین.

مامۆستا، نموونەیەك بوو لە جوامێری و شۆڕشگێڕی و وەفاداریی خەڵكی خۆشەویستی بۆكان و مەهاباد لەگەڵ شۆڕش و بارزانیدا. پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ خزمان و بنەماڵەی بەڕێزی، پەیوەندییەكی زۆر فراوان بوو. ئەوەش لە خۆشەویستیی هاوبەشی هەردوولاوە سەرچاوەی دەگرت‌.

مامۆستا هێدی، كە ئێمە زۆر جار بە (خالیداغا) ناومان دەهێنا، لاى بنه‌ماڵه‌ى ئێمه‌ شوێنێكی تایبەتی هەبوو، شوێنێكی تایبەتی لای من هاوتەمەنەكانی من و ئەوانەی كەمێك لە من گەورەتر بوون یان بچووكتر بوون، جێگەی تایبەتی هەبوو. 

چونكە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەبوونمان و خەریكبوونی گەورەكانی ئێمە بە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشەوە، ئەو زۆر هەوڵی دا و ئاسانكاریی زۆری بۆ كردین بۆ ئەوەی بتوانین بچینە قوتابخانە و بەردەوام بین لە خوێندن، زۆریش بایەخی بە خوێندنی ئێمە دەدا. 

هەروەك چۆن كاروباری پەناهندەكانی هەڵدەسووڕاند و، هەر ئەویش زۆر لە نامە گرنگەكانی بارزانیی نەمری دەنووسین بۆ دەزگاكانی حكوومەتی ئێران و بۆ شای ئێران لەو كاتەدا. هەروەك خۆیشی دەیگوت، ئەو نامانەی ئەو دەینووسین، بارزانی ئەوەندە متمانەی پێ هەبوو، بەبێ خوێندنەوە، ئیمزای دەكردن.

هەروەها بەهۆی هۆگریی خۆمەوە بە ئەدەب، پەیوەندیی من لەگەڵ هەردوو ڕەوانشاد مامۆستا هێدی و مامۆستا هەژاری موكریانی، پەیوەندییەكی زۆر بەهێز بوو. بەهۆی ئەوەوە، زۆر شیعری هەندێك لەو شعرانەی ئەوم لەبەر بوون. ئینجا كە دەیانبینی شیعری هەندێك لەو شاعیرانەم لەبەرە، زۆریان پێخۆشبوو و خۆیان لەمنەوە نزیك دەبینی، بە هەمان ئەندازەی نزیكایەتی و خۆشەویستیی من بۆ ئەوان. پەیوەندیی من لەگەڵ مامۆستا هێدی و مامۆستا هەژار، بەشێكن لە یادگارییە شیرینەكانی ژیانی بەندە.

مامۆستا هێدی كە پێش 90 ساڵ لە گوندی (شێخاڵی) نێوان هەردوو شاری بۆكان و مەهاباد لە بنەماڵەیەكی دیار لەدایك ببوو، لەگەڵ هەردوو ڕۆشنبیر و شاعیری گەورە هێمن و هەژاری موكریانى، سێكوچكەی ڕۆشنبیری و ئەدەبیاتی موكریانیان پێكهێنا و، بوونە كۆڵەگەیەكی بەرچاوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی كوردی، كە بەرهەم و ناویان هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە شوێنێكی پڕشنگداریان لە مێژووی ئەدەبی كوردیدا دەبێت.

لەناو دڵی مامۆستا هێدیدا، خۆشەویستییەكی زۆر گەورە هەبوو بۆ بارزانی، ئەو خۆشەویستییە وایكردبوو كە بۆ بیرەوریی ساڵانەی بارزانیی نەمر و دواتریش بۆ بیرەوریی بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانیی باوكم پێكەوە، شیعری زۆر بەرز و پڕ هەست بنووسێت. كە لە ڕێوڕەسمی بیروەرییەكاندا ئەو شیعرانەی دەخوێندنەوە، وشەكان لە ناخییەوە هەڵدەقوڵان، لەبەر ئەوەش زۆر زوو دەچوونە ناو دڵ و دەكەوتنە سەر زمانی دڵسۆزان و، وەك شاكاری شیعری؛ خۆیان دەنواند.

هەر بۆ نموونە تەماشای ئەو هەستەی مامۆستا هێدی بكەن كە لە شیعرێكیدا بۆ بیرەوەریی بارزانی نووسیویه‌تى و دەڵێ:

خەمێك كە خەو دەستێنێ   
كە دێ ئەو پەیامە دێنێ
مردن بۆ گەل ئەركی مەیە
هەركەس سپاردێكی هەیە
دەبینم گشت كاتێ لەنوێ
بارزانی یە بۆ من دەدوێ
هەست و هۆشم دادەگرێ
هێند بەرزە تەفسیر هەڵناگرێ
بە ڕابردوومدا دەچمەوە
جوان وەبیر خۆم دێنمەوە
خەیاڵ دێ دەورم دەتەنێ
ئەو بەهێز و من بەتەنێ
بەهێز و باریكتر لە موو
ئەو باڵ دەگرێ و منیش لەدوو

بەڕاستیش مامۆستا هێدی تاوەكو دوایین ساتی ژیانی، هەر لەسەر ڕێبازی بارزانی مایەوە. دڵسۆزی و وەفاداریی مامۆستا هێدی بۆ بارزانی لە هیچ كاتێك و لەناو هیچ كێشە و ئاڵۆزییەكی ناوخۆیی كوردیدا نەدەوەستا، بەڵكو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو. ئەو باوەڕەی كە وەك نووسەر و پێشمەرگەیەك لەلایەن مامۆستا هێدی بۆ بارزانیی نەمر دروست ببوو، لە كۆماری كوردستان لە مەهاباد و لە شۆڕشی ئەیلوولدا، ببووە بنچینەی باوەڕی تەواوی بە سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان لەسەر ڕێبازی بارزانی و شەهیدانی كوردستان.

مامۆستا هێدی بە پەروەردەی بنەماڵەكەی؛ خاوەن بیروباوەڕێكی كوردستانی بوو. پێش دامەزراندنی كۆماری كوردستان، ئەو ڕۆژەی لە مەهاباد بە نهێنی دەچێتە لای پێشەوا قازی محەممەد، بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی "ژێ كاف" كە پێشەوا نەخشەی گەورەی كوردستانی پیشان دەدات و پێی دەڵێ: دەزانی ئەوە نەخشەی كوێیە؟! یەكسەر وەڵامی دەداتەوە كە: بەڵێ دەزانێت ئەوە نەخشەی كوردستانی گەورەیە. ئینجا لەسەر دەستی پێشەوا و بە قورئان سوێند دەخوات كە تاوەكو لەژیاندا مابێت: دەست و زمان و قەڵەمی بۆ خزمەتی كورد بەكار دەهێنێت. بە ڕاستیش بە درێژاییی تەمەنی بە كردەوە، مامۆستا پابەندی ئەو سوێندەی بوو كە لە پێش پێشەوا قازی محەمەد خواردبووی.

مامۆستا هێدی، كە بە درێژاییی تەمەنی وەفادار و دڵسۆز مایەوە بۆ وڵاتەكەی، هەمیشە دەیگوت وەفاداری ئەگەر هەبێت لەلای بارزانییە، پشوودرێژیش لە هەموو كەس زیاتر هەر لەلای بارزانییە.

مامۆستا هێدی چەند جارێك بۆ ماوەی كورت و بۆ كار، لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا لە مەهاباد جەنابی بارزانی بینیبوو، بەڵام كە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولدا لەگەڵ براكەیدا ناچاربوو كوردستانی ئێران بەجێ بهێڵێت و بێتە كوردستانی عیراق، بارزانی لە شاری سلێمانییەوە لە ڕێگەی ڕێكخستنە نهێنییەكانی پارتییەوە، ئه‌وى هێنایە ناوچە ڕزگاركراوەكان لە دەڤەری پشدەر و بیتوێن. 

بارزانی چەند جار داوای حكوومەتی شای ئێرانی ڕەتكردووەتەوە بۆ ڕاده‌ستكردنەوەی مامۆستا هێدی، كە شۆڕشی ئەیلوولیش تووشی نسكۆ بووە، ئەو ڕۆژەی بارزانی كوردستانی عیراقی بەجێ هێشت، شۆفێرەكەی خۆی بەدوایدا ناردووە و لەگەڵ خۆی بردوویەتی بۆ ئێران و لەلای خۆی پاراستوویەتی.

مامۆستا هێدی لەبەر ئەوەی كەسێكی خوێندەوار و لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەری ناسراو بوو، دوای ئەوەی هاتووەتە ناو شۆڕشی ئەیلوول، هەر زوو بووەتە جێگەی متمانەی بارزانی و، وەك هەڵسوڕێنەر و قایمقام لە قەلادزێ كاری پێ سپێردراوە. دوای ئەوەش لە ڕادیۆی شۆڕش لە ئێزگەی (دەنگی كوردستانی عیراق)، ڕۆڵێكی بەرچاوی پێدراوە و، ئینجا وەك بەرپرسی دارایی و پێشمەرگەیەك، ئەوسەر و ئەمسەری كوردستانی عیراقی كردووە، بۆ ڕێكخستنی كاروباری داراییی هێزەكانی پێشمەرگە.

مامۆستا هێدی لەناو شۆڕش و خزمەتی پێشمەرگایەتیدا زۆر ڕۆژان برسیبووە، بەڵام باوەڕی لەق نەبووە. ئەوەی گێڕاوەتەوە كە لە كاتی پێشمەرگایەتیدا ڕۆژی وا هەبووە چوار جار ئاگری كردۆتەوە لە شاخەكانی كوردستاندا، بۆ ئەوەی ژەمە خواردنێك بۆخۆی دروست بكات و بەردەوامیش لەو شوێنانە فڕۆكە هاتووە و نەیتوانیوە خواردنەكەی ئامادە بكات، ناچار بووە ئاگرەكە بكوژێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی زیاتربووە كە تاوەكو سەركەوتنی نەتەوەكەی، نابێ كۆڵ بدات.



ئەگەر كتێبی (كاروانی خەیاڵ) بخوێننەوە، بە زمانێكی كوردیی ڕەوان و زمانێكی ئەدەبیی جوان، وێنە زیندووەكانی ژیانی خۆی گێڕاوەتەوە لەگەڵ پێشمەرگە و خەڵكی كوردستاندا، وەك فیلمێكی سینەمایی لە جواننووسیی مامۆستا هێدیدا دەبینن.

زۆرم پێخۆشە گەنجانی كوردستان كتێبی (كاروانی خەیاڵ) و هەموو نووسینەكانی مامۆستا هێدی بخوێننەوە، بۆ ئەوەی بزانن خەڵكانێك لە نەوەكانی پێش ئێمە چۆن بەدوای كتێبدا گەڕاون، لەو باوەڕەدام حەزێكی زۆر بۆ خوێندنەوە لەلایەن هەموو كەسێك دروست دەبێت.

دڵنیام كاتێك چیرۆكی كڕینی نامیلكەی (پەندنامەی عەتار) دەخوێننەوە، كه‌ لەلایەن مامۆستا هێدییەوە لە مەلا ساڵحی سلێمانی لە گوندەكانی بانەی خۆشەویست كڕاوه‌ و، چۆن پارەی بۆ پەیدا كردووە؟، چەند خۆشحاڵ بووە بەوەی كە توانیویەتی ئەو نامیلكەیە بكڕێت؟، ئه‌وسا دەزانن كە دەبێ بەردەوام بخوێنینەوە!.

كە دەبینن دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە شاخ چۆن كاریان كردووە، زیاتر ڕێز لە ماندووبوونی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی ئەو سەردەمی گەلەكەمان دەگرن، كە ژیاننامەی ئەو پێشمەرگەیە دەخوێننەوە، دەزانن لە كوێوە و بە چ موسیبەتێك ئێمە گەیشتووینەتە ئەمڕۆ.

لەناو ئەو هەموو دەردەسەریەی ژیان و ڕۆژگارە سەختەكانی پێشمەرگایەتیدا، دیوان و شیعرەكانی مامۆستا هێدی توانای ئەدەبی و غەزەلنووسیی ئەو شاعیرە گەورەیەی گەلەكەمان نیشان دەدەن. مامۆستا هێدی حەزی لە ژیانێكی خۆش بووە، لەبەر ئەوە بۆ ژیان تێكۆشاوە و، هەستی ڕەنگینی خۆیشی بۆ ژیان زۆر داهێنەرانە ڕژاندووەتە ناو شیعرەكانییەوە. لەبەر ئەوەی خۆی وەك پێشمەرگەیه‌ك، سەختییەكانی ژیانی پێشمەرگایەتی بینیوە، شاكاری بۆ پێشمەرگە نووسیوە لە شعرەكانیدا.

بارزانیی نەمر، مامۆستا هێدی زۆر خۆشدەویست، ئەو خۆشەویستی و ڕێزگرتنە لەلای باوكم و جەنابی سه‌رۆك مەسعوود بارزانیش بۆ مامۆستا هێدی بە هەمان ئەندازە مایەوە و، مامۆستا هێدیش تاوەكو دوایین ساتی ژیانی، بە خۆشەویستی بۆ بارزانی و وەفاداری بۆ ئامانجەكانی گەلەكەمان ژیا.

مامۆستا هێدی بە خەبات و بەرهەمەكانی؛ هه‌میشه‌ زیندوو و بە زیندوویی دەمێنێتەوە، یادی ئەو گەورەیە بەخێر بێت و گۆڕی پڕ لە نوور بێت هەتا هەتا و ئێوەش هەموو لایەكتان بەخێربێن سەرچاوان.

لە نێوان من و مامۆستا پێش ئەوەی كۆتایی پێ بهێنم با ئەوەشتان بۆ بگێڕمەوە. جارێكیان بابەتێك هەبوو و مامۆستاش هەندێك جار وەك كاك ناسریش دەزانێت پێكەوەبووین، هەندێك جار تووڕە دەبوو و منیش نازانم شتێكم كردبوو بەدڵی نەبوو توڕە ببوو، هات گوتی پێی بڵێن با بێت ئیشم پێیە، چووم بە هەموو هێزی گوێی گرتم و ڕایكێشا و گوتی ئەگەر كاتێك منداڵ بووی و دەرسم پیشان دەدای ئاوەها گوێم بگرتبای و ڕابمبكێشابا و دوو زللەشم لێدابای، ئێستا ئەوەت نەدەكرد. 

ئیمە ئاوابووین لەگەڵ مامۆستا، هەم گوێی ڕاكێشام و هەم زللەكەشی لێدام ئەو وەختە. ئێمە لێمان قبوڵ دەكرد چونكە وەكو ماممان وابوو و زۆر كاریگەریی لەسەر ئێمە هەبوو. خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینی شاد بكات و گۆڕی پڕ لە نوور بێت و سەبر و ئارامیش بداتە خانەوادەكەی، یادی ئەو خۆشەویستەش هەمیشە بەخێر بێت و بەخێر بێن سەرچاو.

زۆر سوپاس


کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

حبيب مستەفا | 16/01/2017 09:40:36 ص
١.دەکریت نمونەیەک بدەیت لە مێژووی کورد سەبارەت بە یەکگرتنی لایەنەکان، ٢. پیم باشە بەشداری کورسی زمانی کوردی بکەیت بو باشتر نوسین،
رۆژئاوا لەسەر كەلی شەیتان
| 16/1/2017 | (1)
ره شید | 15/01/2017 04:47:45 م
تویژینه وه یه کی ئه مریکی ئه م راستیه ده ر ده خات که هیندیک له ئافره تان وه ختیک له لایه ن میرده که یانه وه توند و تیژیان له گه لدا ده کری له م توند...
عامر بۆتانی | 16/01/2017 06:53:24 ص
حکومەت هەڵسا بەدانانی ئەو یاسایە بۆ رازیکردنی کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەڵام بێ رەچاوکردنی کلتور و دابونەریت و تایبەتمەندی ئافرەتانی هەرێم. واتا ئەو یاسایە...
ژنان بۆچی دەردەدڵیان دەشارنەوە؟
| 14/1/2017 | (2)
Azad Azad | 15/01/2017 05:14:44 م
كوردستان داگیركاری زۆر زۆره‌ و جۆر جۆره‌ جۆره‌كانیشی شینه‌و سووره‌ و بۆره‌...... كوردیشی تیایه‌ له‌م جۆر و زۆر بۆره‌.......!!!!!!
رەحمان ئەحمەد | 15/01/2017 09:47:26 م
بەخوا دەنگ و باسەکي خراپە.کورد چيترتاقەتي براکوژي نيە.
پەکەکە بەرپرسێکی هێزی پێشمەرگە دەستگیر دەکات
| 14/1/2017 | (3)
karwan | 15/01/2017 09:47:02 م
هێشتا زووه بۆ ئه م کاره گه نده ڵی گه یشته سه رئێسقانیان میڵه ت هه موو شێت بوون ،هه زاره ها خه ڵک ماڵ وێران بوو،سه ده ها خه ڵک خۆی کوشت ،هه زارها خه...
لیژنەیەك بۆ جووڵاندنی كەیسەكانی گەندەڵی پێكهێندرا
| 15/1/2017 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

تاعوون 27 كەس لە مەدەغەشقەر دەكوژێت 14 خولەک لەمەوبەر |

تاعوون 27 كەس لە مەدەغەشقەر دەكوژێت

تاعوون لە مێژوودا كارەساتی گەورەی ناوەتەوە زۆرتر
فیلمی دانیشتووانی عەلیاوا بە سپۆنسەری رووداو نمایش دەکرێت 38 خولەک لەمەوبەر |

فیلمی دانیشتووانی عەلیاوا بە سپۆنسەری رووداو نمایش دەکرێت

لە رۆژی 26ی ئەم مانگە نمایشەکە دەستپێدەکات زۆرتر
 وردەکاری سیستەمی نوێی پێبژاردنی سزاکانی هاتووچۆ 1 کاژێر لەمەوبەر |

وردەکاری سیستەمی نوێی پێبژاردنی سزاکانی هاتووچۆ

کارکردن بە چەند رێنماییەک راگیراوە زۆرتر
0.219 seconds