رووداو- هەولێر
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانەی پێشوازیكردنی لە گۆران ساڵح، هاوسەری (پەرواز حوسێن) بەشداربووی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ رایگەیاند: "داوا لەهەموو نەتەوەی كورد و دۆستانی كورد دەكەم، لەهەر كوێیەك بن، دەنگدان بە پەرواز، بە ئەركی هونەریی و نەتەوەیی و گۆرانی رەسەنی كوردەواری بزانن ".
بەپێی هەواڵێكی سایتی (PUKmedia)، لەو دیدارەدا، كە ئەمڕۆ 2013/5/21، لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، "لەبەرنامەی عەرەب ئایدڵ، پەرواز توانی لە دەروازەیەكی گەورەی هونەرییەوە، لە جیهانی جوانكارییەوە، ئاستی جوانی هونەری كوردی لەبەرامبەر هونەری نەتەوەی عەرەب، كە مێژویەكی دێرینی هونەری و 22 دەوڵەت و سەدان دەزگا و ستۆدیۆی هونەری و دەیان كەناڵی ئاسمانی تایبەت بەهونەریان هەیە، پەرواز بەسەر هەموو ئەمانەدا لەپەرواز دا "فرین"، توانی بیسەلمێنێ، هەركاتێك بوار بۆ بەهرەمەندی كورد بڕەخسێ، دەتوانێ پێشكەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت".
ئەم دەنگدانە هەم خزمەتی هونەرە و هەم كوردایەتیشە لەبواری هونەردا
مەلا بەختیار، ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەناوی یەكێتی و تەواوی رێكخراوە دیموكراتییەكانییەوە، سەندیكا و دۆستانییەوە، پیرۆزبایی لەپەرواز دەكەین".
گوتیشی: "داوا لەهەموو نەتەوەی كورد و دۆستانی كوردیش دەكەم لەهەر كوێیەك بن، دەنگدان بە پەرواز بەئەركی هونەریی و نەتەوەیی و گۆرانی رەسەنی كوردەواری بزانن، بۆیە داوامان وایە دەنگ بدەن بەپەرواز".
مەلا بەختیار، راشیگەیاندووە: "ئەم دەنگدانە هەم خزمەتی هونەرە و هەم كوردایەتیشە لەبواری هونەردا".




.png&w=3840&q=75)