برای بەخـــتیـار: 100 چـەقـۆیان لێدابوو
رووداو - بۆرتن، قەلادزێ
لێكۆڵەرانی پۆلیسی بەریتانی خەریكی لێكۆڵینەوەن بۆ دۆزینەوەی هۆكارەكانی كوشتنی بەختیار میراودەلی لە بەریتانیا، برایەكی بەختیار بە(رووداو)ی راگەیاند، براكەی بلیتی گەڕانەوەی یەكجاری بۆ كوردستان كڕیبوو، بەڵام بە 100 چەقۆ كوژرا.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی Burton Mailی بەریتانی، پۆلیسی شارۆچكەی بۆرتنی سەر بە شاری بێرمینگهام لە رۆژئاوای ئینگلتەرا، خەریكی قسەكردنن لەگەڵ كەسە نزیكەكانی بەختیار ئەحمەد خدر میراودەلی تەمەن 40 ساڵ، كە لە ئاپارتمانێكی ئەو شارۆچكەیە لە رۆژی 2ی ئەم مانگەدا بە كوژراوی دۆزرایەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەی پزیشكی، بەختیار بەهۆی برینداربوونی ملییەوە گیانی لەدەستداوە كە شوێنی چەقۆی پێوە دیاربووە.
شارۆچكەی بۆرتن، یەكێكە لەو شارۆچكانەی كە ژمارەیەكی زۆر پەنابەری كوردی لێدەژین، ژمارەیان نزیكەی 1500 كورد دەبێت.
گوتەبێژی پۆلیسی ئەو شارە لەبارەی كەیسی كوشتنی بەختیارەوە گوتی “ئێمە داوا لە هەموو دانیشتوانی ئەو شارۆچكەیە دەكەین كە تەماشای وێنەی بەختیار بكەن، تاوەكو بزانن ئایا لە هیچ شوێنێك ئەو كەسەیان بینیووە”، هەروەها گوتی “لە قۆناخی سەرەتایی لێكۆڵینەوەكاندا ئەوە ئاشكرابووە كە بەختیار پەیوەندییەكی فراوانی لەبۆرتن هەبووە، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر كوردی لێدەژی”.
بەختیار دەیویست لە بەریتانیاوە بگەڕێتەوە كوردستان و دەستگیرانەكەی بگوازێتەوە
بەهۆی مردنی بەختیاریشەوە، كوردانی ئەو شارۆچكەیە تووشی شۆك بوون و یەكێك لەو پەنابەرانە بەناوی محەممەد ئەحمەد كە بەختیاری ناسیوە دەڵێ “ئێمە زۆر دڵگرانین بەوەی روویداوە و هەندێ زانیاری هەیە كە رەنگە مردنەكەی پەیوەندی بە كارێكی دزییەوە هەبێت، بەڵام هێشتا وردەكاری زیاتر نییە”.
سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی كەیسی كوشتنی بەختیاریش، ناوی باك رۆجەرزە و لە بارەی كارەكانیانەوە، گوتی “ئێمە خەریكی كاركردنین بۆ ئەوەی بزانین چ لەو ئاپارتمانەدا روویدا و بەزووترین كات بكوژەكە بدۆزینەوە”.
دوای بیستنی هەواڵەكە كەسوكاری بەختیار لە مزگەوتی حاجی چەرمەگا لە قەڵادزێ پرسەیان بۆ براكەیان دانا. بەختیار مانگێك لەمەوبەر گەڕابووەوە كوردستان و كچێكی لە شاری سلێمانی مارەكردبوو. لە دووەم رۆژی پرسەكەدا مەحممودی برای بەختیار بە (رووداو)ی گوت “بەختیاری برام خۆی كۆكردبووەوەو دەیویست بە یەكجاری بگەڕێتەوە و لە كوردستان بژی، براكەم تكتی گەڕانەوەی كڕیبوو، ماڵئاوایی لە دۆست و خزمەكانی كردبوو لە ئەوروپا”.
ئەو برایەی دەڵێ ، بەختیار لە كوردستان و ئەوروپاش گرفتی لەگەڵ هیچ كەسێك نەبووە “بەڵام لەوێ هەندێك پارەی كۆكردبووەوە تاوەكو بێتەوە خانوو و ماڵ دروست بكات و دیاری بۆ خزمەكانی كڕیبوو، زانیویانە شتەكانی كۆكردووەتەوە، بۆ ماڵی دنیا كوشتوویانە و تەواوی شتەكانیان بردووە”. بەختیار ماوەی 9 ساڵ بوو لە بەریتانیا دەژیا، جگە لە خۆی برا و كۆمەڵێك ئامۆزا و خزمی لەو وڵاتەدا دەژین و سەر بە عەشیرەتی میراودەلین، بەپێی قسەی كەسوكاری لەبەرئەوەی لە ئەوروپا وەك پێویست كار نەماوە، بڕیاریدابوو بگەڕێتەوەو لەكوردستان كار بكات. دەربارەی شێوازی كوشتنەكەشی ئەو برایەی بەختیار گوتی “پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و نازانین چۆن كوژراوە و تەنیا ئەوەندە دەزانین كە بە چەقۆ كوژراوە و زیاتر لە 100 چەقۆی لێدراوە”.



بۆچوونی خۆت بنووسه