لە حمس زیاتر لە 1637 كەس كوژران و برینداربوون
رووداو – ئاژانسەكان
لە بۆردمانێكی سوپای سووریادا لە شاری حمس، زیاتر لە 1637 كەس كوژران و بریندار بوون. هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی دەنگدان لەسەر رەشنووسی بڕیاری ئەوروپی- عەرەبی كۆدەبێتەوە.
لیژنەكانی هەماهەنگی نێوخۆیی لە سووریا رایانگەیاند "شەوی رابردوو هێزەكانی سوپای سوریا بە تۆپ و تانك بە چڕی گەڕەكی (خالیدییە)یان لە شاری حمس بۆردوومانكردووە". لەوبارەیەوە كەناڵی ئەلعەرەبییە بڵاویكردەوە "لەو بۆردوومانانەدا نزیكەی 337 هاووڵاتی سڤیل كوژران، كە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، هەروەها 1300 كەسی دیكە برینداربوونە".
ئەمە لە كاتێدایە پێشتر كەناڵی ئاسمانی ئەلجەزیرە بڵاویكردەوە "لەو بۆردوومانانەدا 220 هاووڵاتی سڤیل كوژران و 1500كەسی دیكەش برینداربوونە".
هادی عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی گشتی شۆڕشی سووریا لە حمس رایگەیاند، سوپای سووریا "كوشتارگەیەكی راستەقینە"ی لە گەڕەكی خالدییەی شاری حمس ئەنجامداوە.
بڕیارە ئەمڕۆ 4/2/2012 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی دەنگدان لەسەر رەشنووسی بڕیاری ئەوروپی- عەرەبی لەمەڕ پلانی كۆمكاری عەرەبی كۆبێتەوە، كە تێیدا داوا لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا دەكات واز لە دەسەڵات بهێنێت.



بۆچوونی خۆت بنووسه