"ئەم كۆنگرەیە پەیامێك بوو كە كوردی رۆژئاوا بێ پشت و پەنا نین"
رووداو - هەولێر
رۆژانی 28 و 29/1/2012 رەوەندی كوردی رۆژئاوای كوردستان لە ئەوروپا كۆنگرەیەكیان لەشاری هەولێر سازكرد. بەشدارانی كۆنگرەكە دەڵێن كۆنگرەكە پەیامێكبوو كە كوردی رۆژئاوا بێ پشت و پەنا نین. كۆنگرەكە لەكاتێكدا دێت كە رژێمی دەسەڵاتداری سووریا تادێ زیاتر دەكەوێتە ژێر گوشاری نێوخۆیی و دەرەكی.
بە ئامادەبوونی زیاتر لە 250 نوێنەر و چاودێری سیاسی، یەكەمین كۆنگرەی رەوەندی كوردی رۆژئاوای كوردستان لە ئەوروپا، لەژێر دروشمی (مافی بڕیاردانی چارەنووس و سووریایەكی دیموكراتی) لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو. كۆنگرەكە دوو رۆژی خایاند و لەرۆژی یەكەمی كردنەوەی كۆنگرەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت ئامادەبوون، ئەوەش نیشانەیەكی ئاشكرابوو بۆ پشتگیری هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی دروستكردنی یەكڕیزی لەنێو لایەنە سیاسییە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكیدا بۆ ئەندامانی كۆنگرە، جەختی لەسەر گرنگی ئەو گۆڕانكاریانە كرد كە لەناوچەكەدا روودەدەن و بەڵێنی پێدان كە پشتگیری لە بڕیارەكانی كۆنگرە بكات.
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "مەرجی پشتگیریكردنمان لەئێوە یەكڕیزییە. تاوەكو بارودۆخەكە یەكلایی دەبێتەوە دەستبەرداری حیزبایەتی بەرتەسك ببن و رێگەی كوردایەتی بگرنەبەر".
كامەران حاجۆ، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە قاهیرە گوتی: "كوردی رۆژئاوا بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لەیەكتر نزیكبووەتەوە". هەروەها گوتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەست بەو نەخۆشییە دەكات كە ساڵانێكە بەرۆكی بزووتنەوەی كوردی لە رۆژئاوا گرتووە. حیزبایەتی تەسك ئاستەنگی زۆری بۆ سیاسەتی كورد دروستكردووە".
كامەران حاجۆ لە درێژەی قسەكانیدا گوتی كە پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ ئەو لایەن و رێكخراوانە بوو كە تاوەكو ئێستا لە دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد ماونەتەوە "هیوادارین ئەو هێزانەی لە دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانین بێنە ناو ریزەكانی ئەم ئەنجوومەنە. لەهەمانكاتدا پێویستە هەموو ئەوانەی لەناو ئەنجوومەن كاردەكەن، لۆژیكی كاری خۆیان بگۆڕن. چونكە تەنیا ئەمە دەمانگەینێتە قۆناغی سەركەوتن".
هەر لەوبارەوە دكتۆر كامەران حاج عەبدۆ (كامەران بێكەس)، ئەندامی سەركردایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سووریا، پێیوایە پشتگیری هەرێمی كوردستان بەبێ یەكخستنی ریزی كورد لە رۆژئاوای كوردستان هیچ بەرهەمی لێناكەوێتەوە. گوتیشی:"پێویستە سەرەتا بەخۆمان پشتگیری خۆمان بكەین، ئەمەش بە یەكێتی ئێمە دێتەدی".
رەخنە لەوە دەگیرێ كە زۆربەی داوەتكراوان لایەنگری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد بوون
د. سەعدەدین مەلا، ئەندامی شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە قاهیرە پێیوایە سازدانی كۆنگرەكە لە هەرێمی كوردستان چەندین هێمای هەیە. لەوبارەوە بۆ (رووداو) گوتی"بەستنی كۆنگرە لە هەولێر پەیامێكە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عەرەبی لە سووریا و هەروەها بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش كە كوردی سووریا بێ پشت و پەنا نین. ئەگەر كوردی سووریا رووبەڕووی مەترسی ببنەوە، پارچەكانی دیكەی كوردستان بێدەنگ نابن".
رۆژئاوای كوردستان بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی لە پارچەكانی دیكەی كوردستان بەشداری كارای هەبووە و لەوپێناوەدا قوربانی داوە. كامەران بێكەس پێیوایە بەستنی كۆنگرەی رەوەندی كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستان دروێنەی بەرهەمی قوربانییەكانی رۆژئاوای كوردستانە لەپێناو پارچەكانی دیكە"ماوەیەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتگیری خۆی بۆ گەلی كورد لە سووریا دووپاتدەكاتەوەو داوای یەكڕیزییان لێدەكات. لە جارێك زیاتر بانگی نوێنەرانی كوردی سووریای كردو پشتگیری خۆی بۆ دەربڕین، هیواداریان براكانمان لەهەموو بەشەكانی دیكەی كوردستان هەمان هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بگرنەبەر. چونكە ئەمڕۆ پێویستیمان بە پاڵپشتی ئەوانە".
لەو كۆنگرەیەدا هەست بەوە دەكرا كە زۆربەی نوێنەرانی كۆنگرە لەوانەبوون كە نزیكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردن. بە دەگمەن نەبێ نوێنەری حیزب و رێكخراوەكانی دیكە و لیژنەكانی هەماهەنگی لاوان كە بەشێك نین لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد، ئەندامی كۆنگرەی هەولێر نەبوون، ئەوەش پێچەوانەی دروشم و ئامانجی ئەو كۆنگرەیەبوو. ئەندازیار كامەران حاجۆ ئەمە وەك كەموكوڕی كۆنگرەكە نێودەبات و دەڵێ "تەنیا ئەوانە بانگهێشتی كۆنگرە كراون كە نزیكن لە ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد. بڕیاربوو ئەو رێكخراوانەی لە دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانین بانگهێشتی كۆنگرە بكرێن، ئەوە كەموكوڕییە، بەرپرسیارێتییەكەش لە ئەستۆی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەدایە".
دكتۆر كامەران حاج عەبدۆ بەهەمان شێوە پێیوایە بۆ ئەو كۆنگرەیە راوێژ لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەكان و شۆڕشگێڕانی رۆژئاوای كوردستان نەكراوەو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی ئەندامانی كۆنگرە دەستنیشانكراون. گوتیشی "كوردی سووریا لە چوارچێوەی سووریایەكی یەكگرتوودا داوای مافی بڕیاردانی چارەنووس دەكات، بەڵام لە هۆڵی كۆنگرە لە تەنیشت ئاڵای كوردستان ئاڵای سووریا هەڵنەدرابوو".
محەممەد ئەحمەد سالۆ، خوێندكارێكی كوردی سووریایە لە زانكۆی قاهیرە كە بۆ دبلۆمی باڵا لە یاسا دەخوێنێ و خەڵكی شاری كۆبانێی رۆژئاوی كوردستانە، ئەو هیوادارە ئەو كۆنگرەیە ببێتە وێستگەیەك بۆ یەكخستنی ریزی كورد لە سووریا. ئەو قوتابییە كە ئەندامی هیچ پارتێكی سیاسی نییە بۆ (رووداو) گوتی: "بۆ خاتری پارتە سیاسییەكان نەهاتوومەتە كۆنگرە، بەڵكو بۆ كورد هاتوومە تاوەكو ببمە هێزی گوشار لەسەر سیاسییەكانی كورد تاوەكو یەكبگرن. هیوادارم سیاسییەكانمان باش پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بخوێننەوە، چەمكی یەكێتی و دووركەوتنەوە لە حیزبایەتی بەرتەسك پەیڕەو بكەن".



بۆچوونی خۆت بنووسه