كورد كەركووك دەفرۆشێ
نەوزاد مەحموود و كاوە شێخ عەبدوڵڵا
رووداو -كەركووك
عەدنان محەممەد، هاووڵاتییەكی كوردە، دەڵێ باب و باپیرانی لە كەركووك لە دایكبوون، بەڵام ئێستا گەڕەكەكەیان یەكپارچە بووەتە عەرەب و خۆی بەنامۆ دێتە بەرچاو، عەدنان دەڵێ "هەندێك لە عەرەبە تووندڕەوەكان دەیانەوێ ئەو شەڕە لە كەركووك تەواوبكەن كە سەددام پێی تەواونەكرا".
ئەو پێیوایە ناسنامەی شارەكەی لەمەترسیدایە و دەڵێ " ئێستا عەرەب كڕیاری خانوو زەوین و كوردیش هەر دەیفرۆشێت"، ئەو بەسەرسوڕمانەوە دەپرسێ "باشە ئێمە بۆ ناتوانین پارچە زەویەك بكڕین و ئەوان بە جوملە دەیكڕن؟".
لە كەركووك تەعریبێكی
نوێ بە پارەی بەغدا و دیالە
هەندێك لە خاوەن نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لەشاری كەركووك باس لەسەرهەڵدانی شێوازێكی دیكەی تەعریبكردنی كەركووك دەكەن و، دەڵێن بەلێشاو خانوو زەوی لەلایەن عەرەبەكانەوە دەكڕدرێن و ماڵە كوردەكانیش، دوای فرۆشتنی خانووەكانیان ڕوو لە سلێمانی و هەولێر و گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركووك دەكەن.
ئێستا نانی نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی، لەو گەڕەكانەی دانیشتوانی عەرەب تێیدا زۆرینەن، كەوتووەتە رۆن! رۆژانە كڕیاری عەرەب بۆ كڕینی خانووی كورد روویان تێدەكەن. ئامانج محەممەد عومەر، خاوەنی نووسینگەی ناوشوان لەگەڕەكی دومیز ، باسی ئەوەیكرد كە لە سێ ساڵی رابردوودا كڕینی خانوو و زەوی لەلایەن عەرەبەوە پەرەیسەندووە "عەرەب بە زۆری خانوو دەكڕن و توركمانیش زەوی دەكڕن، بەڵام داخی گران ئەوەیە كە هەمووی لە كورد دەكڕنەوە".
ئامانج ئەمە بەكارێكی بە "بەرنامە" دەبینێ و دەڵێ "بەدەگمەن عەرەبێك خانوو و زەوی لە عەرەبێك دەكڕێ"، ئامانج ناچارە كڕین و فرۆشتنی خۆی بكات، بەڵام دەیان جار لە كوردانی گەڕەكەكەی پاڕاوەتەوە خانووەكانیان نەفرۆشنە عەرەب "خەریكە كورد لەم گەڕەكە نامێنێ، ئەوێ رۆژێ عەرەبێك 4پارچە زەوی بەیەكەوە لە كورد كڕی، بەڵام كورد زەوی و خانوو لێرە هەر ناكڕێت".
" كورد خەریكە لە
گەڕەكی دومیز تەواو دەبێ"
لە گەڕەكی دومیز و بەپێی ئەو نەخشەیەی ئامانج لە دووكانەكەیدا هەڵیواسیوە، چوار ساڵ لەمەوبەر لەكۆی 1500ماڵ، نزیكەی 750ماڵی كورد بووە"بەڵام ئێستا 300ماڵی كوردیشی تێدا نەماوە، لەهەولێر و سلێمانی هاتنەوە و خانووەكانیان فرۆشتە عەرەب و گەڕانەوە بۆ هەولێر و سلێمانی، وەڵڵاهی دەتوانم بڵێم كورد خەریكە لە دومیز تەواو دەبێت".
هەرچەندە نرخی زەوی لە كەركووك گرانە و پارچە زەویەك بە 20 ملیۆن دینارە ، بەڵام وەك ئامانج گوتی "گوێیان لە نرخ نییە بەردەوام خانوو و زەوی دەكڕن".
موختاری كورد بە
مۆركردنی بۆ عەرەب مۆنیكا دەكڕێ
سەباح مەجید رەشید كە موختاری گەڕەكی قادسیەیە توڕەتر و رەشبینانەتر لە ئامانج لەبارەی مەترسی سەر كورد قسە دەكات و دەڵێ "هەرچی عەرەبە بەناوی كۆچ و كۆچبەران و ئاوارییەوە لەبەغدا و دیالەوە هاتن، درۆیانكرد و دەستیان كردە خانوو كڕین و زەوی كڕین. پارەیەكی زۆریان پێیە". سەباحی تەمەن 55ساڵ كە موختارە لە كەركووك گوتیشی "هەندێك لە عەرەبە 10هەزارییەكانیش كە پارەی قەرەبوو وەردەگرن، لەجیاتی ئەوەی بگەڕێنەوە، لە گەڕەكێكی دیكە خانوو یان زەوی دەكڕن، توخوا مەعقولە عەرەبی لێقەوماو بە 55 ملیۆن خانوو بكڕێ؟"، سەباح ئێستا دەترسێ "ئەوەندەم لیچنەگەڕاوم عەرەب خانوو بكڕن، ئێستا بەتەنیا ناوێرم بچمە بازاڕ".
ئەو موختارە رەخنە لە موختارە كوردەكانی دیكە دەگرێ و دەڵێ "مۆریان بۆ دەكەن و پارە وەردەگرن، موختاری واهەیە مۆنیكای كڕیوە، هەمووی بەپارەی عەرەب دەوڵەمەند بووە، ئەگەر وابڕوات هەموو كەركووك دەبێتە عەرەب نشین و ئێمەش دەستمان لەبنی هەمانەكەوە دەردەچێت".
عەرەبی 10هەزاری و تازە
ئاوارە زەوی و خانووی كورد دەكڕن
ئەو كوردانەی نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو زەویان هەیە لە گەڕەكە زۆرینە عەرەبەكاندا دەڵێن هەڕەشەی عەرەبەكانیان لەسەرە تاوەكو بڕۆن بۆئەوەی ئیشەكانیان باشتر بەڕێوە بڕوات. سەید غازی دوو جار دووكانەكەی سوتێنراوە و هەڕەشەی لێكراوە دەڵێ "عەرەب دەستیان بە كڕینی خانوو و زەوی كردووە بۆیان بكرێ ئەم شارە دەشێوێنن"، سەید غازی لەو بڕوایەدایە عەرەب و توركمانە رەسەنەكانی كەركووك لەو جۆرە كارانەوە دوورن "یان تەعریبی 10هەزارین یان ئەوانەن بەناوی لێقەومان و ئاوارەییەوە هاتوون".
وەك سەرچاوەیەك لە كەركووك بە(رووداو)ی گوت "ماوەیەك لەمەوبەر ئاسایشی یەكێتی و پارتی لەكەركووك داوایان لە نووسینگەكانی خانوو و زەوی كردووە كە هەموو مامەڵەیەكی تایبەت بە خانوو و زەوی ببرێتە لای ئەوان، بەڵام نووسینگەكان پەیوەست نین بەوەوە". ئامانج عومەری خاوەن نووسینگە دەڵێ، راستە ئاسایشی برایانی پارتی كۆبوونەوەیان پێكردین "بەڵام عەرەبەكان گوێیان لێ نییە و بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان". هەروەها گوتیشی "چەند جار بەنووسین بەرپرسە حیزبییەكانی كەركووكمان ئاگاداركردوەتەوە لەوەی كە زەوی و خانووی كورد نەما لەكەركووك و هەمووی عەرەب كڕیەوە، بەڵام گوێی نادەنێ و مێش میوانیان نییە".
بەرپرسە ئەمنییەكانی شارەكە ئاگاداری ئەو پارە زۆرەن كە لەبەردەستی عەرەبی هاوردەی كەركووكدا هەڵڕژاوە، ئەوەش بەپلانێكی سیاسی دەزانن بۆ تەعریبكردنی شارەكە. نەقیب شێرزاد مۆفەری، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عروبە لەشاری كەركووك دەڵێ "لەناو ئەو عەرەبانەی لە دیالە و بەغداوە هاتوون مامەڵەی خانوو كڕین هەیە و عەرەبی واهەیە خانووی بە 60 ملیۆن دینار كڕیوە، باشە عەرەبێكی ئاوارە ئەو پارەیەی لەكوێ بوو"، مۆفەری بە پێویستی دەزانێ كە ئیدارەی شارەكە و پارێزگار چیتر رێگە بەهاتن و نیشتەجێبوونی عەرەبی شارەكانی دیكە بۆ ناو كەركووك نەدەن و گوتیشی "وادیارە ئامانجێكی سیاسی لەپشتەوەیە، دەستێكە بۆ تەعریبكردنی شارەكە".
بەڕێوەبەرە كوردەكەی
تاپۆ بۆیان تاپۆ دەكات
وەك خاوەنی یەكێكی دیكە لەنووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لەشاری كەركووك، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە باسیكرد، ئەو عەرەبانە دوای كڕینی خانووی كورد تاپۆكەشی دەخەنە سەر خۆیان، چونكە لە تاپۆی كەركووك بەپارە ئەوەیان بۆ دەكرێ و بەرپرسانی تاپۆی شارەكەش رێگە لەوەناگرن "پارە دەدەن و هەموو شتێك دەكەن". سەباح مەجیدی موختاری قادسیەش دەڵێ "بەڵێ بە 300 دۆلار تاپۆی دەكەن".
جاسم كەریم، بەڕێوەبەری تاپۆی كەركووك كە بەرەگەز كوردە رەتینەكردەوە كە عەرەب لەكەركووك زەوی و خانوو بكڕن و دەڵێ "ئەوە پەیوەندی بەئێمەوە نییە، پەیوەندی بە پارێزگاوەیە". ناوبراو گوتیشی "مادام یاسایەك نییە كە رێگری لەو حاڵەتە بكات، ئێمە ناتوانین خانوو و زەوی تاپۆ نەكەینە سەر كەس".
لەكاتێكدا هێشتا ماددەی 140 وەك كێشەیەكی بەردەوام لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا ماوەتەوە و پرسی سەرژمێریش بووەتە خاڵێكی دیكەی ناكۆك لەنێوان هەولێر و بەغدا، كەچی تەعریب بەردەوام دەجوڵێ و فراوانتر دەردەكەوێت.
ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ "بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەین كە هەندێك لایەنی شۆڤێنی پارەیەكی زۆریان هێناوەتە كەركووك و بڵاویان كردوەتەوە تاخانوو و زەوی كورد بكڕن".
بەبڕوای عەسكەری درەنگە و پێویستە پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا بكەونە خۆیان بۆ گەڕاندنەوەی عەرەبەكان "ئیتر پێویستە پارێزگار و ئەنجوومەن دەسەڵاتەكانیان بەكاربهێنن بۆ گەڕاندنەوەی عەرەبی شارەكانی دیكە".
لە یەك مانگدا عەرەبەكانی دیالە و بەغدا 150 زەوی و خانووی كەركووكیان كڕیوە
بەغدا گوشار دەكات بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێگە لە كڕینی خانوو و زەوی كەركووك لەلایەن عەرەبەكانی بەغدا و دیالە نەگرێ، ئەوانەی بەناوی كۆچ و كۆچبەرانەوە هاتوونەتە كەركووك. عیرفان كەركووكلی بەرپرسی لیژنەی لێپرسینەوە و دادپەروەری لەئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێ" لەبەغداوە گوشارێكی زۆرم لەسەرە كە بەهیچ شێوەیەك وردبینی لە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی دا نەكەم، هەندێك لایەنی شۆڤێنی ناو شارەكەش بەردەوام گوشارم لەسەر دروست دەكەن"، عیرفان كەركووكلی، كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاشە لەسەر لیستی توركمانی دەڵێت كاتێك وردبینی لە مامەڵەی یەك مانگ (مانگی 9ی ئەمساڵ)ی تاپۆی یەك و دووی كەركووكدا كردووە، تێگەیشتووە لەراستی تەعریبكردنی كەركووك و دەڵێ "تەنیا لەو مانگەدا 150مامەڵەی خانوو و زەوی كڕین هەبووە لەلایەن عەرەبەكانی بەغداو دیالە، كە خانوو و زەوی كوردو توركمانیان كڕیوە".
كەركووكلی دەڵێ "كەركووك بەردەوام تەعریب دەكرێ . دائیرەی تاپۆ پڕە لە مامەڵەی خەڵكی بەغدا و دیالە و بەرەی توركمانیش هەماهەنگی لەگەڵ عەرەبە هاوردەكان هەیەو هانیاندەدات و خەڵكی شۆڤێنی لەشارەكانی دیكەوە هاتوون ".
هەر كورد و توركمان زەرەرمەندن
بەپێی یاسای ژمارە 10ی ساڵی2008 كە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند كراوە، لیژنەكەی كەركووكلی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە وردبینی لە مامەڵەكانی ناو تاپۆ بكات "بەڵام لەبەغداوە بەردەوام نووسراوم بۆدێت و ناهێڵن، منیش سوورم لەسەر ئەو بڕیارەی خۆم و هەرچەند هەڕەشەم لێبكرێ كاری خۆم دەكەم، چونكە من وەك توركمانێك پێموایە تەنها عەرەب براوەی ئەم سیاسەتەیە و كورد و توركمان زەرەرمەندن".
عیرفان كەركووكلی ، بڕیاریداوە وردبینی لە هەر جۆرە مامەڵەیەكی لەو جۆرە بكات و هاوكات ئاماژە بە 5 گوندی توركمانی شاری كەركووك دەكات كە هێشتا زەوییەكانیان عەرەب دەیكێڵێ و نەگەڕاونەتەوە بۆ خاوەنە توركمانەكانیان و دەڵێ "دەبێ توركمانەكانیش تێبگەن كە بەرەی توركمانی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ عەرەبە هاوردەكان هەیە، نابێ لەوە زیاتر رێگە بەشێواندنی شارەكەمان بدەین".
لەو نەخشەیەی كە نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دایانناوە، رۆژانە خانووی كوردی لێهەڵدەوەرێ و عەرەب بەپارەی بەغدا دەبنە خاوەن ماڵ، خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتی "من چەند نووسینگەیەكی عەرەب دراوسێمن، ئەوان دەفتەری گرێبەستەكانیان ئاشكرا ناكەن، چونكە پڕە لەو گرێبەستانەی كە عەرەب كردوونی"، ئامانج عومەریش دەڵێ "سێ پارچە زەویم لە هەفتەیەكدا فرۆشتە ژنە عەرەبێك كە مێردەكەی لە بەغدایە، خانوویەكی دیكەم فرۆشتووە عەرەبێك كڕیویەتی نە جنسیەی هەیە نە نفوس".
لە دیدارێكی پێشتری (رووداو)دا پارێزگاری كەركووك، عەبدولڕەحمان مستەفا چەند جارێك رەتیكردەوە عەرەب بەلێشاو هاتبن و بێن بۆ كەركووك و گوتیشی"رۆژانە عەرەب دەگەڕێنەوە"، بەڵام بەرپرسێكی ئیداری شارەكە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتی "عەبدولڕەحمان مستەفا بێباكترین پارێزگارە، لە ژوورەكەی خۆیدا وادەزانێ كەركووك شامی شەریفە".



ســياسي هه تا ئيمرؤ ده نا من له كه ركوك له دايك بووم
و قيدي 1947 و 1957 م له كه ركوك ه
به لام بؤم نيه بكَه ريمه وه كه ركوك جون ترحيلي 1961 م و 50 ساله ئاواره م
بۆچوونی خۆت بنووسه