هەواڵنامە
Email:
راپرسی: كارى كابینه‌ى داهاتوو
پێت باشه‌ كابینه‌ى حه‌وته‌م گرنگى زیاتر به‌ كام له‌و بوارانه‌ى خواره‌وه‌ بدات؟
سەرۆكی MİT لەسەر گفتوگۆكردن لەگەڵ PKK دەدرێتە دادگا | كوردستانی | لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی

سەرۆكی MİT لەسەر گفتوگۆكردن لەگەڵ PKK دەدرێتە دادگا

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
image

هێمن خۆشناو
رووداو - هەولێر

زۆر لە چاودێرانی سیاسی لە توركیا، وای لێكدەدەنەوە كە قەیرانی ئێستای توركیا بەهۆی دانە دادگای بەرپرسانی باڵای دەزگای میت، پەیوەندی بە شەڕێكی شاراوەوە هەیە لەنێوان دەزگای هەواڵگری لەلایەك و دادگا و پۆلیسی مەدەنی توركیا (ئەمنیەت) لەلایەكی دیكە.
بەگوێرەی ئەو لێكدانەوانە، هەریەك لە دادگا و دەزگای ئەمنی توركیا لەگەڵ دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توركیا MIT، لە شەڕێكی شاراوەدان لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی كورد، لەكاتێكدا ئەوەی یەكەمیان پێیوایە ئەو كێشەیە بە رێوشوێنی ئەمنی چارەسەر دەكرێ، دووەمیان پێیوایە كێشەكە پێویستی بە چارەسەری ئاشتیانەیە.
شەڕی نێوان ئەو دوو دەزگایە قوڵتر بووەوە كاتێك هەریەك لە هاكان فیدان سەرۆكی MİT (كە بەشێوەی فەرمی پێیدەگوترێت راوێژكار)، ئەمرە تانەر سەرۆكی پێشووی MİT و ئافەت گونەش جێگری سەرۆكی MİT، وەك گومانلێكراو لەچوارچێوەی دۆسیەی KCK بانگهێشتی دادگا كران بۆ ئەوەی ئیفادەیان لێوەربگیرێ، بەڵام ئەوان نەچوونە بەردەم دادگا.
وەهاب جۆشكون، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی دیجلە، پێیوایە MİT و ئەمنیەت بۆ پاوانكردنی دەسەڵات، شەڕ لەسەر چۆنیەتی چارەسەری كێشەی كورد دەكەن "ئەمنیەت پێیوایە لەم قۆناغەدا كێشەی كورد بە دانوستاندن چارەسەر نابێ و پێویستی بە چارەسەری ئەمنییە، بەڵام MİT پێیوایە چارەسەری ئەمنی كێشەی كورد ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە چارەسەری ئاشتیانەی دەوێ، بۆ ئەمەش چەندین جار لەگەڵ PKK گفتوگۆی كردووە"، گوتیشی "هەردوولا هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان لەنێو دەسەڵات قایمتر بكەن، بۆیە خوێندنەوەی خۆیان بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەكەنە وێستگەی شەڕ دەستپێكردن".
هاكان فیدان، لەنێوەڕاستی 2009 بووە راوێژكاری دەزگای MİT و گۆڕانی ریشەیی بەسەر ئەو دەزگایەدا هێنا. لە رابردوودا MİT بەردەوام نزیكی سوپا بووە، بەڵام فیدان دەزگاكەی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە چەسپاند. فیدان دەرچووی كۆلیژی سەربازییە. دوای ئەوەی واز لە ئەفسەری دێنێ، دەبێتە سەرۆكی ئاژانسی گەشەپێدان و بووژاندنەوەی توركیا TİKA، دواتر دەبێتە جێگری راوێژكاری سەرۆك وەزیر، پاشانیش راوێژكاری MİT.
بە گوێرەی زانیاریەكانی (رووداو) هاكان فیدان كوردە و خەڵكی گوندی سەلمان ئاغای سەرووە لە شارۆچكەی ئەردیشی سەر بە وان. بەڵام باوكی فیدان لەمێژە زێدی خۆی بەجێهێشتووەو كۆچیكردووە بۆ ئەنقەرە.
فیدان، كە بەهۆی دانیشتنی لەگەڵ هەردوو سەركردەی PKK مستەفا قەرەسو و سەبری ئۆق لە ئۆسلۆ، بانگهێشتی دادگا كرا، وەك چاوەڕێدەكرا لەبەردەم دادگا ئامادەنەبوو، لە وەڵامی دادگاشدا گوتی "بۆ ئەوەی ئیفادە بدەم پێویستە مۆڵەت لە سەرۆك وەزیر وەربگرن". ئەمەش دادگای لێكۆڵینەوەی تووڕەكرد و لە رۆژی هەینی 10/2/2012 دادگا فەرمانی دەستگیركردنی هەرسێكیانی دەركرد. پۆلیس هەڵیكوتایە سەر ماڵی ئەمرە تانەر و ئافەت گونەش، بەڵام لە ماڵ نەبوون.
ئەو بڕیارەی دادگای لێكۆڵینەوە بەرامبەر بەو سێ كەسە، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەناوخۆی توركیا. عەبدولڵا گیول سەرۆك كۆماری توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "دەزگایەك ئەوكاتە تاوانبار دەكرێت كە بە گوێرەی یاسا ئەركەكانی جێبەجێنەكردبێ، بۆیە پێویستە لەولایەنەوە وردبین بین".
هەروەها بوڵەند ئارنج، بەشیر ئاتاڵای، بەكر بۆزداغ و ئەحمەد داود ئۆغڵو كە هەموویان كاربەدەستی باڵای حكومەتی AKPن، رەخنەیان لە بڕیارەكەی دادگا گرت و گوتیان "هاكان فیدان لە چوارچێوەی یاسادا ئەركەكانی راپەڕاندووە".
ئەمە یەكەمین جار نییە هاكان رووبەڕووی هێرش و هەڕەشە دەبێتەوە. لە مانگی ئابی ساڵی 2011 كاتێك كاسێتی دەنگی گفتوگۆكانی PKK و MİT بڵاوكرایەوە لە ناوەندەكانی توركیا رەخنەی لێگیرا، بە تایبەتی كە دەستەواژەی"بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان" بەكاردێنێت، بەڵام ئەوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیری توركیا گوتی "بەڕێز هاكان لەسەر راسپاردەی من ئەو كارەی كردووە، لەچوارچێوەی رێنماییەكاندا جوڵاوەتەوە".
جەنگیز چاندار، نووسەری نێوداری توركیا دەڵێ "ئەو قەیرانە لەنێو دەوڵەتدایە، بەڵام دەرفەتێكە بۆ ئەوەی توركیا ببێتە دەوڵەتی یاسا". چاندار پێیوایە كە پۆلیس و دادگا لە دژی ئەرگەنەكۆن رۆڵێكی گەورەیان بینی، گەیشتوونەتە ئاستێكی مەترسیدار كە بتوانن دەسەڵات كۆنترۆڵ بكەن "هەڵوێستی دادگا لەدژی MİT ئۆپەراسیۆنە لە دژی ئەردۆغان. چونكە ئەمرە تانەر و هاكان فیدان بە فەرمانی ئەردۆغان كاریان كردووە. ئەگەر دەیانەوێ توركیا ببێتە دەوڵەتی یاسا، پێویستە پشتگیری لە ئەردۆغان بكەن".
هەر لەوبارەوە ماهیر كایناك نووسەر و سەرۆكی پێشووتری MİT پێیوایە شەڕی نێوان دادگا و MİT شەڕی لایەنگرانی چارەسەری كێشەی كوردە لەگەڵ ئەوانەی دژی چارەسەرین. لەوبارەوە بە(رووداو)ی گوت "هەندێك هێزی ناوخۆ و دەرەكی نایانەوێ كێشەی كورد چارەسەر بكرێت". كایناك پێیوایە توركیا رووبەڕووی هەڕەشەی مەترسیدار دەبێتەوە "لە رۆبۆسكی بە كوشتنی 34 هاووڵاتی مەدەنی كورد، توركیا هەڵخەڵەتێندرا".
چاودێرانی سیاسی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پێیانوایە كێشمەكێشی نێوان ئەمنیەت و دادگا لەگەڵ MİT لەناوخۆیدا كێشەی AKP و جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەنە، چونكە لایەنی یەكەم لەژێر هەژموونی گولەندایە و دووەمیشیان لەژێر هەژموونی حكومەتدایە. لە هەمانكاتدا جەخت لەوە دەكەنەوە كە جەماعەتی گولەن لەگەڵ چەند پارتێكی دیكەی توركیا بەتایبەتی لەگەڵ MHP دەیانەوێ بەڕەكە لەژێر پێی ئەردۆغان دەربێنن و بۆ ئەمەش هەوڵدەدەن بە دەزگای MİT دەستپێبكەن.
بەڵام هەندێكی دیكە لەوە دوورتر دەڕوانن و پێیانوایە ئەو كێشمەكێشە رەهەندێكی ناوچەیشی هەیە، لەمبارەیەشەوە پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل رادەكێشن. چونكە كاتێك هاكان فیدان لە دوای خانەنشینبوونی ئەمرە تانەر بووە راوێژكاری MİT، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیری ئیسرائیل رەخنەی لەو هەنگاوە گرت و گوتی "كەسێكی نزیك لە ئێران كراوەتە بەرپرسی دەزگایەكی ئەمنی لەتوركیا".
ئاڵتان تان پەرلەمانتاری BDP پێیوایە هێشتا زووە بۆئەوەی لایەنە شاراوەكانی ئەو كێشمەكێشە بزانرێ. ئەو دەڵێ "هەندێك پێیانوایە باڵەكانی نێو دەزگای MİT لەگەڵ یەكتر شەڕ دەكەن. هەندێكی دیكەش پێیانوایە ئەوە شەڕی حكومەتی AKPیە لەگەڵ جەماعەتی گولەن و ئیسرائیل. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین خوێندنەوەیەكی راست بكەین دەبێ هەندێكی دیكە دان بەخۆدا بگرین".
محەمەد ئاڵتان، نووسەری رۆژنامەی (ستار)یش پێیوایە لەم ساتەدا نازانرێ بكەرە راستەقینەكانی ئەو شەڕە كێن. لەمبارەیەوە بە(رووداو)ی گوت "هێشتا دیارنییە ئایا ئەكتەرەكانی ئەم شەڕە لەنێو خودی توركیان، یان ئەو كێشمەكێشە رەهەندێكی نێونەتەوەیی هەیە و هەوڵێكە بۆ سەرلەنوێ دیزاینكردنەوەی توركیا".
بەڵام ماهیر كایناك خوێندنەوەیەكی جیاوازی هەیە و دەڵێ "پێموایە ئەو كێشمەكێشە شەڕی جەماعەتی گولەن و ئیسرائیلە لەدژی MİT".

Subscribe to comments feed كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

سه‌رجه‌م: | ئه‌نجامه‌کان:

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment

تکایه‌ ئه‌و كـۆده بنووسه، ئه‌وه‌ی له‌ وێنه‌که‌دا‌یه:

  • email ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی هه‌واڵ
  • Plain text ته‌نها به تێکست
چاوگ
هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ
5.00