رێگه نادرێ كه‌بودوه‌ند له ده‌ره‌وه‌ى زیندان چاره‌سه‌ر بكرێ
رووداو-تاران
تا دێت ره‌وشى ته‌ندروستى محه‌ممه‌د سدیق كه‌بودوه‌ند، سه‌رۆكى زیندانیكراوى ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان به‌ره‌و خراپى ده‌چێت و به‌رپرسانى زیندانى ئێوینى تارانیش رێگه‌ى پێناده‌ن له ده‌ره‌وه‌ى زیندان چاره‌سه‌ر بكرێ.
محه‌ممه‌د سدیق كه‌بوده‌ند، به 11 ساڵ حوكم دراوه، نزیكه‌ى 5 ساڵ و نیوه له زیندانى ئێوینى تارانه، له‌و ماوه‌ى دواییدا دووچارى نه‌خۆشى پرۆستات و گورچیله بووه، سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ باس له‌وه ده‌كه‌نه كه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پزیشكه‌كانى گرتووخانه ده‌ڵێن نه‌خۆشییه‌كه‌ى كه‌بودوه‌ند له نه‌خۆشخانه‌ى زیندان چاره‌سه‌ر ناكرێ و پێویسته ببرێته نه‌خۆشخانه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ى زیندان، به‌ڵام به‌رپرسانى زیندانه‌كه رێگه‌ى پێناده‌ن ببرێته ده‌ره‌وه. رۆژى 9/1/2012 رێگه به كه‌بودوه‌ند درا، هه‌ندێك پشكنینى پزیشكى له نه‌خۆشخانه‌ى موده‌ریسى تاران ئه‌نجام بدات.
كه‌بودوه‌ند كێیه؟
محه‌ممه‌د سدیق كه‌بودوه‌ند له ساڵى 1963 له شارۆچكه‌ى دیوانده‌ره‌ى نزیك سنه له دایكبووه، بكالۆریۆسى له بازرگانى و داراییدا هه‌یه.
خوێندنى ماسته‌رى له یاساى نێوده‌وڵه‌تیدا به نیوه‌چڵى جێهێشتووه. ساڵى 1997 له‌گه‌ڵ چه‌ند چالاكڤانێك رێكخراوى (یه‌كێتى بۆ دیموكراسى له ئێران) دامه‌زراند.
ساڵى 2003 رۆژنامه‌ى (پیام مردم)ى به هه‌ردوو زمانى كوردى و فارسى ده‌ركردووه. خۆى خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌رى بووه، دواى ساڵێك ده‌ستگیر ده‌كرێ و رۆژنامه‌كه‌شى داده‌خرێ.
دواى ئازاد كردنى له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى دیكه‌دا، له ساڵى 2005 (رێكخراوى مافى مرۆڤى كوردستان) داده‌مه‌زرێنێ.
كه‌بودوه‌ند له ساڵى 2007 له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێ به سێ دۆسیه‌ى جیاواز كه تۆمه‌تى "دژایه‌تیكردنى ئاسایشى ده‌وڵه‌ت"، به‌هۆى دامه‌زراندنى رێكخراوه‌كه‌یه‌وه و "به‌لارێدابردنى راى گشتى"، به‌هۆى كاره رۆژنامه‌وانه‌كانییه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبێك ده‌رباره‌ى پێشێلكردنى مافه‌كانى ژنان له ئێران" به 11 ساڵ زیندانیكردن حوكم دراوه‌و ئێستا له زیندانى ئه‌وینى تارانه.
له ماوه‌ى زیندانیكردنیدا له‌لایه‌ن رێكخراوى ئه‌منستى ئینته‌رناسیۆناڵ خه‌ڵاتكراوه.
له ساڵى 2009 وه‌ك رۆژنامه‌نووسى نێوده‌وڵه‌تى ساڵ له‌لایه‌ن ده‌زگاى خه‌ڵاته رۆژنامه‌وانییه‌كانى به‌ریتانیا پاڵێورا.
له ساڵى 2009 رادیۆى ده‌نگى ئه‌مریكا له وتارێكدا كه گوزاره له بیروڕاى حكومه‌تى ئه‌مریكا ده‌كات په‌سنى كاره‌كانى كه‌بودوه‌ندى دا‌و داواى ئازادكردنى كرد.



بۆچوونی خۆت بنووسه