لە دادگا كامیان دەیباتەوە حاكم قادر یان جەلال سام ئاغا؟
حاكم قادر حەمە جان، ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتییە لە سلێمانی، پاش چوار ساڵ لە دەست لە كاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، راپۆرتێكی تازە دەرچووی دیوانی چاودێری گشتیی دارایی لە سلێمانی باس لەوە دەكات كە حاكم قادر دوور لە رێنماییەكان زەوی داوەتە خزم و كەسەكانی. ئەو راپۆرتە كە لە 23/5/2010 بەناونیشانی ((سەرپێچی و لادان و كارە نایاساییەكانی قادر حەمە جان عەزیز و هەندێك رەفتاری نەشیاو لەگەڵ ئاداب و رەوشتی بەرپرسیارییەتی)دەرچووەو، كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتووە، تەرخانكراوە بۆ كارەكانی حاكم قادر ئەوكاتەی سەرۆك شارەوەانی بووە و دەڵێ حاكم قادر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی شارەوانی خراپ بەكارهێناون.
سەرەتا حاكم قادر گوتی بڕیاریداوە چیدیكە قسە لەسەر ئەو دۆسیەیە نەكات و لە دادگا كۆتایی پێ بێنێت، بەڵام پاش گفتوگۆیەك لەدەرەوەی ریكۆردەر لەبارەی سیستمی دابەشكردنی زەوی و ئەو كەسانەی لەو زەوییانە سوودمەند دەبن، ئامادەیی خۆی دەربڕی كە گفتوگۆ لەگەڵ (رووداو) بكات و ئێمەش بەشێكی ئەو تۆمەتانەمان كرد بە پرسیار و ئەویش پێیوابوو ئەو راپۆرتەی چاودێری دارایی بۆ ناو زڕاندنی ئەوە" فەرمانگە هەیە دەیان ملیۆن دۆلاری لێ بردراوە كەسیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكراوە، بۆیە ئەوەی كراوە بۆ ناوزڕاندنی منە".
ساڵح قادر و عەلی حەمەساڵح
رووداو - سلێمانی
رووداو: پاش چوار ساڵ دووركەوتنەوەت لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی، راپۆرتێكی چاودێری باس لەوە دەكات كە زەوی شارەوانیت بە دەر لە رێنماییەكان داوەتە كەسە نزیكەكانی خۆت؟
حاكم قادر: پێشتر لەبەرنامەی (چاوی سێییەم)ی كەناڵی كوردساتدا ئەو بابەتانەم باسكردبوو، حەزیش لە هیچ ململانێییەكی شەخسی ناكەم، ئەوەی گرنگ بوو بەلای منەوە پۆستەكەم بۆ خزمەتكردنی میللەتەكەم بەكاربێنم، ئێمە لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی تاكە فەرمانگە بووین كە نووسراوی فەرمیمان كردووە بۆ دیوانی چاودێری دارایی كە 6 مانگ جارێك لیژنەكانیان بنێرن بۆ ئەوەی هەر هەڵە و كەموكورتییەك روویدابێت چارەسەری بكەین، كاری دیوانی چاودێری دارایی ئەوەیە هەڵەو كەم و كورتییەك لە شوێنێك هەبێت دەستنیشانی بكات و ئاگاداریان بكاتەوە بۆ چاككردنی. ئەوەی پەیوەندی بە بابەتی دزی و گەندەڵی و بەرتیلەوە هەیە پێویستە بدرێتە دادگا و دادگا بڕیاری لەسەر بدات . من بەهیچ شێوەیەك وەڵامی ئەو شتانەی ئەوانم نەداوەتەوە. كاتی خۆی راگەیاندنی شارەوانی وەڵامی هەموو راگەیاندنەكان و بەڕێوەبەری چاودێری دارایی داوەتەوە.
رووداو: تۆ دەڵێی ئەوەی گەندەڵی كردووە دەبێت بچێتە دادگا، بەڵام ئەوان تۆ بە گەندەڵی كردن تۆمەتبار دەكەن؟
حاكم قادر: تۆمەتباركردن بە قسە نابێت، دەبێ بە بەڵگە بێت. پێویستە ئەو بەڵگانە بخرێنە بەردەستی دادگا، ئینجا دادگا بڕیاری لەبارەوە بدات.
رووداو: ئەوان دەڵێن بەڵگەمان هەیە و زەوی تەرخانكردووە بۆ كەسە نزیكەكانی خۆی لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەكان؟
حاكم قادر: هەموو هاووڵاتییەك بۆی هەیە سوودمەندبێت لە حكومەت بە رێگەی یاسایی. برای منیش هیچ جیاوازییەكی نییە لە خەڵكی دیكە، رەنگە برای من لەسەردەمی حیزبی بەعس وەك هەموو كەسوكاری پێشمەرگە دایك و باوك و برایان زیندانی بووە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركوك. ئەو برایەی من كە باسدەكرێ بە منداڵی لە زیندان بووە لەگەڵ دایك و باوكم و بەپێی رێنمایی زەوی وەرگرتووە.
زەوی بۆ كەسە نزیكەكانی
حاكم قادر
بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، پێشڕەو حەمەجان عەزیز كە برای حاكم قادری سەرۆكی پێشووی شارەوانی سلێمانییە لە 18/10/2003دا كە ئەوكات تەمەنی 23 ساڵ بووە زەویەكی بە رووبەری 273.66م لە ناوچەی كەڵەكن لە سلێمانی وەرگرتووە.
لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری داراییدا هاتووە كە "پێشڕەو تەنیا لەسەر بنەمای نووسراوێكی مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی لە سلێمانی ئەم زەویەی پێدراوەو نووسراوەكەش بە واژۆی د.ئامانج عەبدوڵڵا، بۆ پێشڕەو و سێ كەسی دیكە كراوە بە هۆكاری ئەوەی كە بەدڵسۆزی و لە خۆبردووییەوەو بێ بەرامبەر كاریان بۆ مەڵبەندی رێكخستن كردووە"، ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئەوكاتەی زەویەكە دراوەتە پێشڕەو نزیكەی یەك ساڵ بووە خوێندنی تەواو كردووە، ئاماژەش بەوە كراوە كە "ئەو زەویەی دراوەتە پێشڕەو جێگاكەی زۆر باش و ناوازەو رووكن بووە، لەكاتێكدا بەپێی خاڵی 10 لە فەرمانی ژمارە 2366 سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران زەوی (رووكن و متمیز) بەزیادكردنی ئاشكرا دەفرۆشرێ و بۆ هیچ كەس تەرخان ناكرێت".
رووداو: لەسەر چ بنەمایەك ئەو زەویە رووكنەت داوەتە پێشڕەوی برات، ئەوان دەڵێن دەبێ ئەو زەویە بەزیادكردنی ئاشكرا بفرۆشرێ؟
حاكم قادر: سەدان زەوی رووكن بۆ خەڵك تەرخانكراوەو پێدانی ئەم زەویەش بە پێشڕەو بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بووەو هیچ سەرپێچییەكی یاسایی تێدا نییەو هەر سەرپێچییەكی یاسایی تێدابێت منەتمان بەهیچ كەس نییەو با بخرێتە بەردەم دادگا.
"(بەڕێز)ەكە
نەشارەزایی ئەوانە"
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری داراییدا هاتووە كە "ژینۆ حەمە جان عەزیز كە خوشكی حاكم قادرە، لەدایكبووی 1984ەو لە تەمەنی 21 ساڵیدا كە باری خێزانداری سەڵت بووە 200م زەوی لە ناوچەی باوەمردە بۆ تەرخانكراوە بە سیفەتی (بەڕێز)"، لە راپۆرتەكەشدا ئەوە هاتووە كە ژینۆ لە كاتی وەرگرتنی ئەم زەویەدا خوێندكار بووە.
هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە "پێشەوا حەمەجان عەزیز، برای حاكم قادر لە ساڵی 2003داو لە تەمەنی 25 ساڵیدا كە سەڵت بووە بەسیفەتی بەڕێز 200 م زەوی لە زەرگەتە وەرگرتووە".
رووداو: ژینۆ و پێشەوا كە خوشك و برای تۆن، بە سیفەت و پلەی (بەڕێز) زەویان وەرگرتووە، خەڵك بەپلەی (بەڕێز) زەوی وەردەگرێت؟
حاكم قادر : بەهەزاران هاووڵاتی زەوی وەرگرتووە بەوەی كە ئەوان دەڵێن سیفەتی (بەڕێز)ە، بەڵام بەسیفەتی بەڕێز نییە، كە تۆ نووسراو دەكەی بۆ یەكێك دەڵێی بەڕێز..، ئەوە تێنەگەیشتن و نەزانین و نەشارەزاییە. پێشەوای برام یەكێكە لە دەرچووەكانی كۆلێژی سەربازی قەڵاچۆلان لە ساڵی 1993، ئەوان دەڵێن ساڵێك فەرمانبەرە، ئەوە جگە لە قسەی بێسەروبەر هیچی دیكە نییە. پاشان ئەو بە فەرمانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری پێشمەرگەی ئەوكات بەڕێز كاك كەمال موفتی بە نووسراوی ژمارە 2978 لە 3ی ئەیلولی 2000دا زەوی وەرگرتووەو، خوشكەكەی منیش وەك خوشكی هەموو شەهیدێك زەوی پێدراوەو هیچ پەیوەندیشی بەمنەوە نییە، چونكە نە نووسراو لای منەوە كراوەو لەسنووری دەسەڵاتی منیشدا نەبووە، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەوكات كۆمەڵێك زەوی بۆ خوشك و برای شەهیدان تەرخانكردووە، ئەویش لە سنووری شارەوانی مندا نەبووە. دیارە ئەوان عەقڵیان پێی ناشكێت جیاوازی لەنێوان سنووری شارەوانییەك و سنوری شارەوانییەكی دیكەدا بكەن.
كاسبە
لە هەمان راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییدا هاتووە كە"هاوار تۆفیق فارس، برای هاوسەری حاكم قادرەو سەڵت بووەو بە پیشەی كاسب لە ساڵی 2006دا پارچەیەك زەوی لە ناوچەی هۆمەرە كوێر پێدراوە بە رووبەری 200 م".
لە راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری داراییدا، ئاماژە بەوە كراوە كە كۆپی فەرمانی وەزاری لەگەڵ ئەو دۆسییەی برا و خزمەكانی حاكم قادردا نەبووە كە زەوییان پێدراوە، بەڵام حاكم قادریش، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو دۆسییانە دەرهێندراون و دەڵێت "ئەوان دەڵێن لەناو دۆسیەكاندا پشتگیری نییە، من پشتگیرییەكانیان لای خۆم هەیەو بەڵگەكانمان هەیە بۆچی لای من و وەزارەت هەیە لای ئەوان نییە؟، بۆچی نووسراوی وەزارەت لەو دۆسییانەدا لە وەزارەتن، بەڵام لەوانەی چاودێری داراییدا نییە؟ داوا لە داواكاری گشتی دەكەین لە رێگەی خۆیانەوە ئەوە ساخ بكەنەوە".
رووداو: ئەی چۆن زەوی دراوەتە هاوار تۆفیق؟
حاكم قادر : كاسب و هونەرمەندو وەرزشكارو فەرمانبەر و رۆشنبیرو نووسەر بۆیان هەیە زەوی وەربگرن، ئەویش یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكان و هەر لە منداڵییەوە پێشمەرگەبووە، نەك هەر خۆی بەخێزان و خانەوادە لە دەرەوە بوون و هەر رادەستی بەعیسیش نەبوونەتەوە، رەنگە ئەو كاتەی ئەمان لە دەرەوە بوون، هەندێك لەوانەی ئەو پڕوپاگەندانە دەكەن لە سایەی حیزبی بەعسدا بووبن.
رووداو: گوتت كاسبیش بۆی هەیە زەوی وەربگرێ، ئایا جگە لە هاوار، هیچ كاسبی دیكە زەوی وەرگرتووە؟
حاكم قادر : تەنیا لەسەردەمی مندا زیاتر لە 18 هەزار زەوی بەسەر سەرجەم چین و توێژەكاندا دابەشكراوە، كە ئەمە منەت نییە و هەموو مرۆڤێك مافی هەیەو ئەركیشی لەسەر شانە، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی زەوی وەرگرتووە. ئێمە لە رێگای رێكخراو و سەندیكاو كۆمەڵەكانەوە زەویمان دابەشكردووەو ئەوەندەی من لەیادم بێت پێشەوا لە سنووری دەسەڵاتی مندا زەوی وەرنەگرتووە.
رووداو: بەڵام دەگوترێ ئەم زەوییانە زیاتر بۆ ئەوانە بوون كە یەكێتی بوون؟
حاكم قادر: زەوی دراوەتە هەموو چین و توێژەكان و بە ئەندامی هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەموو رێكخراوەكانەوە، تەنیا بەپشتگیری كۆمەڵە و رێكخراوەكانیان زەویمان داوە، زەویمان تەرخانكردووە بۆ هەموو ئەوانەی بیرو باوەڕی جیاوازیشیان هەبوو بەرامبەر بە حكومەت و حیزبەكەمان، ئەوە ئەركی حكومەتە هاوكاریكەر و یارمەتیدەری خەڵك بێت، رۆشنبیرانیش زەویان پێدراوە، بەڵام بەپشتگیری رێكخراوەكانی خۆیان بووە، رەنگە هەندێك كەسیش زەوی وەرگرتبی لە رێكخراو و سەندیكا نەبێت و لە رۆژنامەو گۆڤارێكی ئەهلیدا كاریان كردبێت، هەندێك كەسیش هەبووە خۆمان بەدوایدا چووین و بانگمان كردوون و هەندێكی تێدابووە چەندین جار داوام لێكردووە ئەوجا هاتووە زەوی وەربگرێت، خەڵكیش هەبووە گوتوویەتی ئێستا وەریناگرم و خەڵكی دیكە هەیە هەژارە با ئەو وەریبگرێت، هەبووە زەویەكی پێدراوە لەبەر كەمدەرامەتی نەیتوانیوە لەبەرامبەر وەرگرتنی زەویەكەدا بڕێك پارە بداتە شارەوانی چەند ساڵێك پاش ئەوە هاتووە وەریگرتووە.
"1443 مەتر زەوی
دراوەتە حاكم قادر"
لە راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییدا ئەوە خراوەتەڕوو كە حاكم قادر زەویەكی زۆری بۆخۆی تەرخانكردووە "حاكم قادر حەمە جان چەند پارچە زەویەك یەكدەخات و بە پانتایی 1443.52 دەیكاتە كۆشك و مەلەوانگە و بەوەش رازی نابێت و 115.39م زەوی لە داواناوەندی فریشتەی كچان داگیردەكات و تەجاوز دەكاتە سەری".
رووداو: ئەو خانووەی كە ئێستا تێیدا دەژی چۆن دروستت كردووە، بۆچی 115 م قوتابخانەی فریشتەشت خستووەتە سەری؟
حاكم قادر: ئەو خانووە موڵكی هیچ داو ودەزگایەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، ئەو خانووە موڵكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەو بەپێی یاسا هەموو خاوەن موڵكێك بۆی هەیە هەڵسوكەوتی یاسایی بەموڵكەكەی خۆیەوە بكات، ئەو خانووەش كە چوومەتە ناوی لە ساڵی 1993ەوە تاوەكو ئێستا بەهەمان شێوەیەو سانتیمەترێك تەجاوزی ئەو خانووە بۆسەر ئەو خوێندنگایە نییە، لە نێوان ئەو خوێندنگایەو خانووەكەی ئێمەدا زەوی بەتاڵ هەیە، ئەو قسانەش شتی بێ بنەمان.
راپۆرتەكەی
دراوەتە مام جەلال
ئەو راپۆرتەی دیوانی چاودێری دارایی، كە لەژێر ناوی (سەرپێچی و لادان و كارە نایاساییەكانی قادر حەمە جان عەزیز و هەندێك رەفتاری نەشیاو لەگەڵ ئاداب و رەوشتی بەرپرسیارییەتی) نووسراوە، وێنەیەكی لێ بۆ مام جەلال نێردراوەو تێیدا داوای لێپرسینەوە دەكات لە حاكم قادر.
رووداو: دەڵێن لەبەر ئەوەی مام جەلال پشتیوانی تۆیە، كەس لێپێچینەوەت لەگەڵ ناكات؟
حاكم قادر: ئەوەش دوورە لە راستییەوە، من ئەوانە بە ناوزڕاندن دەزانم بەرامبەر خۆم، بەرامبەر ئەو ناو زڕاندنانەش ئێمە لەدادگا سكاڵامان تۆماركردووە بۆ بەرگریكردن لە مافی خۆمان. دەبێ دیوانی چاودێری دارایی یان هەر دەزگایەكی دیكە چاوەڕێی بڕیاری دادگا بكات، جەنابی مام جەلالیش داكۆكی لە هیچ كەسێك ناكات كە بەبەڵگە شتی لەسەر ساخ دەبێتەوە كە گەندەڵی كردووە. جەختیش لەوە دەكاتەوە ئەوەی گەندەڵی كرد بدرێتە دادگا.
رووداو: دەگوترێ گوتووتە منەتت بە دادگاو دیوانی چاودێری دارایی نییە، بۆچی؟
حاكم قادر: هیچ هەڵەو كەموكورتییەك لەخۆمدا نابینم، خۆم بەپاك دەزانم بۆیە منەتم نییەو ئامادەی رووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ هەموو كەس و لایەن و دەزگایەك لەبەردەم دادگاو، چەند جارێك بانگی دادگا كراوم بۆ ئیفادەدان، رۆشتووم و ئەوان سكاڵایان لەسەر تۆماركردووین و ئێمەش سكاڵامان لەسەر ئەوان تۆمار كردووە. ئەو راپۆرتەی دیوانی چاودێری دارایی كە دراوەتە ئێوەو چەندین رۆژنامەو گۆڤاری دیكە، ئێمە لەبارەیەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە بێمنەتین لەوكارانەو دڵنیاین لە خۆمان، پاش 8 مانگ لە گەڕان لە شارەوانی و پاش چوار ساڵ لە دەست لەكاركێشانەوەی من لەسەرۆكی شارەوانی ئەوە سەربەرزییە بۆ من و شارەوانی سلێمانی كە نەیانتوانیوە یەك هەڵە لە حیسابات و دابەشكردنی زەوی و لە گرێبەستەكانمان و ئەو پرۆژانەی ئێمە جێبەجێمانكردوون بدۆزنەوە، هەندێك لەو لیژنانە نەیانتوانیوە هەندێك بابەت بدۆزنەوە ئێمە خۆمان توانیومانە بیاندۆزینەوە نەك لە فەرمانگەكەی خۆمان لە فەرمانگەكانی دیكەشدا.
رووداو: هەستدەكرێ جگە لە گرفتی یاسایی و ئیداری كێشەی شەخسی لەنێوان تۆ و سەرۆكی دیوانی چاودێری داراییدا هەبێ، ئەو كێشەیە لەسەر چییە؟
حاكم قادر : بەش بەحاڵی خۆم هیچ ململانێییەكی شەخسیم نییە، ئێمە دوو كەسی جیاوازین لە دوو كاری جیاوازدا.
بەدەیان ملیۆن دۆلار دزراوە
حاكم قادر حەمە جان، كە ئێستا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، پێیوایە ئەوەی بەرامبەر بەو دەكرێت بەمەبەستە " لە زیاتر لە 18 هەزار پارچە زەوی كە دابەشمان كردووە تەنیا سێ كەسیان دەرهێناوە كە كەسی نزیكی منن و بەحەقی خۆیان زەویان وەرگرتووە". بەڵام راپۆرتی چاودێری دارایی ئەو نمووونانەی وەك بەڵگەی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكان لەلایەن سەرۆك شارەوانییەوە نیشانداوە.
رووداو: ئایا جگە لە شارەوانی سلێمانی كە زۆر جەختی لەسەر دەكرێتەوە هیچ داوودەزگایەكی دیكە نییە گەندەڵی تێدا بێت؟
حاكم قادر: بەڵێ داوودەزگای دیكە هەیە گەندەڵی تێدایە، بەڵام كەس باسی ناكا. لە هەندێك فەرمانگەدا رەنگە بەسەدان ملیۆن دۆلار دزرابێت، لە هەندێك فەرمانگەدا بە دەیان ملیۆن دۆلار دزراوەو بەسەدان ملیۆن دینار دزراوەو تاوەكو ئێستا ئاشكرا نەبووە و هەر باسیش نەكراوە.
رووداو: بەڵام كە ئاشكراش بووە، هەر باس نەكراوەو دادگایی نەكراون. ئەوەی تۆ دەڵێیت رەنگە لە راپۆرتێكی نهێنی دیوانی چاودێری داراییدا بووبێت؟
حاكم قادر :بە دڵنیاییەوە وایە.
رووداو: دەگوترێ بەر لە تۆ لە ئاسایشی گشتی سلێمانیدا دزی هەبووەو پارەیەكی زۆر براوە، بەڵام دیوانی چاودێری دارایی قسەی لەسەر نەكردووە، ئەوە چۆنە؟
حاكم قادر: ناڵێین كەموكورتی نەبووە لە فەرمانگەكانماندا، لەناو ئاسایشیشدا كەموكورتی هەبووە، لەو كاتەی ئێمە هاتووینەتە ئێرە و رێكمانخستووە، كە دیوانی چاودێری دارایی لیژنەی نەناردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بدۆزێتەوە ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە بۆچی نەیانناردووە، بەڵام ئێمە توانیومانە ئەوانەی ئەو پارەیان بردووە بیاندۆزینەوەو بیاندەینە دادگا.
رووداو: ئەوەی برابوو چەندبوو؟
حاكم قادر: ئەوەی كە خورابێت لێمان وەرگرتوونەتەوەو رادەستی دادگامان كردوون، ئەوەی كەماوە یەكێكیان لە بنكەی موسڵ بووە ئێستا قاچاخەو بڕیاری گرتنی هەیەو 200 هەزار دۆلاری لێوەرگیراوەتەوە، یەكێك ئەوەندە بگێڕێتەوە، دەبێ چەندی دیكەی بردبێت.
رووداو: دەگوترێ بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی فڕۆكەخانە 240هەزار دۆلاری بردووە، راستە؟
حاكم قادر: بەڵێ، ئەویش لێی وەرگیراوەتەوەو دراوەتە دادگا.
"جەلال سام ئاغا ژنیشی نییە 2 زەوی وەرگرتووە"
حاكم قادر حەمە جان، رەخنەی ئەوە لە دیوانی چاودێری دارایی دەگرێت، كە بەویان گوتووە زەوی داوەتە ئەو كەسانەی سەڵتن و باس لە سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی دەكات و دەڵێت "جەلال سام ئاغا، خۆی دوو زەوی وەرگرتووەو ژنیشی نییە، كە باسی یاسا دەكەی دەبێ ئەوە لەسەر هەموو كەسێك وەك یەك جێبەجێبكرێت".
لە روونكردنەوەیەكدا بۆ پەرلەمان كە وێنەیەكی دەست (رووداو) كەوتووە، سەرۆكایەتی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، وەڵامی ئەوە دەداتەوە كە دوو پارچە زەوی وەرگرتووەو دەڵێت "جەلال عومەر سام ئاغا، سەرۆكی دیوان بە وەرگرتنی دوو زەوی نیشتەجێبوون و یەك زەوی كشتوكاڵی سوودمەند بووە".



بۆچوونی خۆت بنووسه