هەواڵنامە
Email:
راپرسی: كارى كابینه‌ى داهاتوو
پێت باشه‌ كابینه‌ى حه‌وته‌م گرنگى زیاتر به‌ كام له‌و بوارانه‌ى خواره‌وه‌ بدات؟
هیوا میرزا سابیر: لە نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵدا ئاراستەی بوون بە یەك حیزب هەیەو دووریش نییە | هه‌ڤپه‌یڤین | لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی

هیوا میرزا سابیر: لە نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵدا ئاراستەی بوون بە یەك حیزب هەیەو دووریش نییە

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
image

 هیوا میرزا سابیر، یەكێك لە دامەزرێنەرانی یەكگرتوو و ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) بە راشكاویەكی زیاتر لە سەركردەكانی دیكەی یەكگرتوو باس لە راپەڕینەكانی خەڵكی وڵاتانی عەرەبی دەكات، كە بە "بەهاری عەرەبی" ناودەنرێن و ئەمینداری یەكگرتوو و زۆر چاودێری دیكەش بە "بەهاری ئیسلامی" ناویدەنێن. هەروەها باس لە زەمینە و مەرجەكانی گفتوگۆ دەستپێكردنی نێوان یەكگرتوو و پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەكات.
هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد

رووداو: دوای رووداوەكانی بادینان چەند جارێك پارتی هاتووەتە سەر خەت و داوای كۆبوونەوەی لە یەكگرتوو كردووە، بەڵام ئێوە تاوەكو ئێستا رەتیدەكەنەوە، بۆچی؟
هیوا میرزا: ئەوەی راستی بێ كارەساتی بادینان و دووبارە سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو لە بادینان شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو، ئێمە لە كارەساتی 2005 كە لەگەڵ پارتی رێككەوتین و كێشەكەمان چارەسەركرد، تاوەكو ئێستا رێكخراوەكان رەخنە لە ئێمە دەگرن كە ئەو كێشە گەورەیەمان بە رێگەی سوڵح چارەسەركرد، بەڵام یەكگرتوو دووربینانە تەماشا دەكات و نەمانویست ئاڵۆزی بكەوێتە نێوان لایەنە سیاسییەكان و چاوپۆشیمان لەوەكرد، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوە برینێكی گەورەی لە ناخی هەموو تاكێكی یەكگرتوو، دەسەڵاتی قەزایی، پەرلەمان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوە، چونكە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لەم هەرێمەی دووبارە خستەوە ژێر پرسیار.

چاوەڕواندەكرا نێچیرڤان بارزانی دوای گەڕانەوەی سەردانی یەكگرتوو بكات نەك لە بارەگای ئەو حیزب و ئەم حیزبەوە باسی یەكگرتوو بكات

ئێستاش دەرگای دیالۆگ و دانوستاندنمان لەگەڵ پارتی دانەخستووە، چونكە یەكێك لە بنەماكانی كاركردنی ئێمە دیالۆگەو كێشەكان دەبێ لە رێگەی دانوستاندن و ئاشتییەوە چارەسەر بكرێن، لەسەرەتاش هەندێ شتمان گوت بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، دەبووایە لەكاتی خۆیشی لەیەكەم رۆژەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی یەكگرتووی بكردایە، بەڵام نەكراو بگرە پارتی داوای لە ئێمە كرد كە داوای لێبووردنی لێبكەین.


رووداو: كە دەرگاتان دانەخستووە بۆچی تاوەكو ئێستا كۆبوونەوە لە نێوان پارتی و یەكگرتوو نەكراوە؟
هیوا میرزا: تاوەكو ئێستا پارتی بەشێوەیەكی فەرمی نەهاتوونەتە سەرخەت داوای كۆبوونەوە لە ئێمە بكەن، ئەمە داواكردن نییە لە لێدوان و قسەیەكدا دەخرێتە نێو راگەیاندنەكان، بەڵكو دەبێ بە شێوەیەكی فەرمی بێ و ئامادەیی باشت هەبێ بۆ ئەو كۆبوونەوەیە.


رووداو: مەرجەكانی یەكگرتوو چین بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دابنیشێ؟
هیوا میرزا: مەرجەكانی یەكگرتوو دیارن، یەكەم مەرج بۆ هەر سوڵحێك ئێمە خۆمان لە عورفی كۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی، واقیعی كوردەواری خۆمان ناكەین، ناتوانین لە واقیعی كۆمەڵگەكەی خۆمان دەربچین، كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەر ماڵێك دەبێ ئەو كەسە بچێ داوای لێبووردن بكات، چۆن كاك نێچیرڤان لە 2005 بەوپەڕی بوێری هات و گوتی من داوای لێبووردن دەكەم، ئێستاش دەبێ بێن و داوای لێبووردن لە برایان و خوشكانی ئێمە بكەن، كاتێك پارتی ئامادە نەبێ داوای لێبووردن بكات كە كەمترین هەنگاوە بۆ ئاشتی و گەیشتنە بە ئەنجامی باش، ئیتر ئێمە ناگەینە ئەنجام. گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانیش سەلماندی كە ئەو گوتنانەی باسی ئەوە دەكرا كە ئەگەر ئەو لێرەبووایە لە كاتی رووداوەكان كێشەكە زووتر چارەسەر دەبوو،

بە كونسولی ئەمریكامان گوت تۆ نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەمریكا ناكەی لێرە

وابزانم ئەو قسانە هەر خەیاڵ بوون، چونكە چاوەڕێدەكرا دوای گەڕانەوەی ئەو یەكسەر بهاتبایە لای یەكگرتووی ئیسلامی نەك بچێ لە بارەگای ئەم حیزب و ئەو حیزبەوە باسی یەكگرتووی ئیسلامی بكات. مەرجی دووەمی یەكگرتوو بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن لەگەڵ پارتی ئەوەیە، بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان جێبەجێبكرێن و ئەو كەس و بەرپرسانەی ئەو كارەیان كردووە سزابدرێن و سێیەم مەرجیش ئەوەیە پارتی گرەنتییەك بدات كە ئەم كارە دووبارە نەبێتەوە.


رووداو: ئێوە ئامادەن هەندێ مەرج دوابخەن بۆ دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوە؟
هیوا میرزا: خۆ ئەم مەرجانەی ئێمە بابەتێكی قووڵ و ئاڵۆز و هەمەلایەن نین كە بگوترێ ئەمڕۆ نا بەیانی و بكرێ بە كات كوشتن، لەبەرئەوەی دووبارەبوونەوە كاتی ئەوە نییە ببێ بە دانوستاندن و گفتوگۆیەكان درێژ بكرێنەوە، شتەكانی ئێمە دیارە، بەرامبەر شوێنێك، بەرامبەر لایەنێك ستەمێك كراوەو ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە و بەرپرسیارێتی یاسایی دەیانگرێتەوە دەبێ سزابدرێن، بەداخەوە لە 2005 چارەسەركرا، بەڵام چارەسەرێكی ریشەیی نەبوو.


رووداو: كام مەرج بۆ یەكگرتوو بنەمای سەرەكی دانوستاندنە لەگەڵ پارتی؟
هیوا میرزا: ئەوەی گوتم سەرەتای ئاشتبوونەوە دیارە، ئەویش داوای لێبووردنكردنە لەو جەماوەرە.


رووداو: یەكگرتوو پێی باشە ئەمجارەش ئەگەر لەگەڵ پارتی كۆببێتەوە ناوبژیوان هەبێت؟
هیوا میرزا: بە قەناعەتی من لە قۆناغێكدا كە گەرماوگەرمی بابەتەكە بوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش نەهاتە سەرخەت و راستەوخۆ نەهات بۆ لای یەكگرتووی ئیسلامی و گرژی و ئاڵۆزییەكان زیاتربوو، ئەوكاتە ناوبژیوان پێویستبوو، بەڵام ئێستا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووەو پێویست بە ناوبژیوان ناكات. ئەویش ئەگەر بەرامبەر ئامادەیی هەبێ بۆ ئاشتەوایی و كۆتایی هێنان بەو قەیرانە.


رووداو: فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دەڵێ ئێمەو یەكگرتوو خزمی یەكین و لەگەڵ یەكگرتوو دوو چڵی یەك درەختین، یەكگرتووش وا بیردەكاتەوە؟
هیوا میرزا: سوپاسی كاك فازڵ دەكەین، ئێمە هەموو برای یەكین و كەسی یەكین و خزمی یەكین، رۆڵەی ئەم گەل و نیشتمانەین، تەنها شێوازی كاركردنمان و جیاوازی لە حیزبایەتیماندا و فرەیی بۆچوون هەیە كە پێویستە لە خزمەتی هەرێمی كوردستان بێ، ئەوە زیاتر ئەزیەتمان دەداو برینەكان قووڵتر دەكات كە لایەنێك ئاوا بەوشێوەیە خۆی تەسەوەر بكات لەگەڵت و تۆش خۆت وا تەسەوەركردبێ لەگەڵی و زۆر لێكنزیك بین و خاڵی هاوبەشمان هەبێ،

بەهاری عەرەبی بە ساڵان یەكگرتووی لە گەیشتن بە دەسەڵات نزیككردووەتەوە

كەچی لەلایەن ئەوەوە ستەمت لێبكرێ و لەلایەن ئەوەوە ماڵت بسووتێ، ئەوەیە زیاتر كاردانەوەی یەكگرتوو تووند دەكات، ئێمە هەرگیز تەسەورمان نەدەكرد، بۆیە تووشی شۆك بووین كاتێك ئەو كارەساتەمان بینی، زۆربەی هێز و لایەنەكان دەڵێن ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی ستراتیژیمان دەكرد لەنێوان یەكگرتوو و پارتی، ئێمە كە بڕیاربێ برابین و دوو لق بین لە درەختێك چۆن دەبێ لقەكانی یەكتر بشكێنین، چۆن دەبێ برا ئەزیەتی برای خۆی بدات، ئێمە گلەیی لەوە دەكەین و دەبێ راستگۆیی ئەو برایەتییە بە كردار و واقیع بەرجەستە بكەین، واقیعی دهۆك و دووبارەبوونەوەی سووتاندنی بارەگاكانی ئێمە، پێچەوانەی ئەو قسانەن.


رووداو: ئێوە دەڵێن دەبێ پارتی بەرپرسانی بادینان سزابدات، دوای رووداوەكانی بادینان زیاتر لە 25 بەرپرسی ئیداری لە سنووری پارێزگای دهۆك گۆڕدران، ئێوە ئەو هەنگاوە چۆن دەبینن؟
هیوا میرزا: لەڕاستیدا تاوەكو پارتی ئامادەنەبێ بۆ ئەوەی زەمینە خۆشبكات بۆ دانوستاندن لەگەڵ یەكگرتوو و نیەت پاكی خۆی پێشانبدا، گۆڕینی بەرپرسانی ئیداری دهۆك بڕیاری پێشووی خۆیان بوو، بەڵام بۆ ئەوەی بە جەماوەر بڵێن ئەوەتا كۆمەڵێك ئیجرائاتمان كردووە، لەوەش سەركەوتوو نەبوون، هەر یەكسەر لەسەر ئاستی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی پارتی رایانگەیاند كە ئەم ئیجرائاتانە هیچ پەیوەندی بە رووداوەكانی بادینانەوە نییە، بەڵكو ئەمە بڕیاری پێشترە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ پارتی نایەوێ ئاشتی بكات، كە باسیش دەكات تەنیا بۆ راگەیاندنە، لە خەمی زەمینە سازكردن و كۆبوونەوەدا نییە بۆ دانیشتن و كۆتایی هێنان بەو قەیرانە.


رووداو: دوای رووداوەكانی بادینان كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی كرد، چ پەیامێكی پێبوو؟
هیوا میرزا: لە جێگەی خۆی بوو كاتێك هەموو هێز و لایەن و بەتایبەت كونسوڵەكان هاتن، دەبووایە لەیەكەم ساتدا كونسوڵی ئەمریكاش هاتبا، بۆیە ئێمە رەخنەمان لێگرت و گلەییمان لێكرد، كە ئێوە بەحیساب چاودێرێكن لێرە چۆن نابێ رۆڵ بگێڕن، ئەویش خراپ حاڵی كرابوو، وا حاڵیكرابوو كە ئێمە بووین بنكەكانی مەساج و شوێنەكانی دیكەمان سووتاندوون، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە گلەییمان كرد و رەخنەمان لێگرت كە تۆ نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەمریكا ناكەی لێرە، بەڵكو لە بێلایەنی لاتداوە، ئەسڵ وایە ئێوە لایەنگری قەزیەكە بن وەك خۆی، بۆیە ناچاربوو چوو بۆ ناوچەكەو بەچاوی خۆی بینی و لەوێ قسەی خۆی كرد و ئیدانەی ئەو كارەی كرد، دواتر هاتە لای یەكگرتوو و خەم و پەژاری خۆی لە دۆخەكە دەربڕی و هەڵوێستەكەی جوان بوو، ئێمەش دەستخۆشیمان لێكرد.


رووداو: یەكگرتوو چۆن تەماشای حكومەتی داهاتوو دەكات بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، كە رایگەیاندووە ئامادەیە پاكێجەكانی ئۆپۆزیسیۆن بخاتە نێو كارنامەی حكومەتەوە؟
هیوا میرزا: ئێمە هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین، هیواخوازین بتوانێ چارەسەری ئەو كێشە قووڵانە بكات، بەڵام كاتێك بە وردی سەیری بابەتەكان و ئەزموون و واقیعی دوو ساڵی رابردوو یان شەش ساڵی رابردوو دەكەین بەو سیاسەت و دۆخەی هەیە و دابەشبوونی دەسەڵات وانازانین حكومەت بتوانێ سەركەوتنێكی ئەوتۆ بەدەستبێنێ،

 یەكگرتوو سێ مەرجی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دابنیشێ

خۆیان باش دەزانن حوكم لەم هەرێمە دوولەت و دوو پارچەیە، بۆیە لە دۆخێكی لەمجۆرە زۆر چاوەڕوانی سەركەوتن ناكەین وەك بڵێی عەرەب گوتەنی چاوەڕێی (شوق القمر) ناكەین لە بەرپرسان و كابینەكان، چونكە كێشەی ریشەیی هەیەو تاوەكو ئەو كێشانە چارەسەرنەكرێن ناتوانرێ چاوەڕوانییەكی زۆری لێبكرێ. ئەو پاكێجانەو پڕۆژەی ئۆپۆزیسیۆن كە پێشكەشی كردووە، بەئینتیقایی و لێهەڵگرتن بەشێك لەملا و بەشێك لەولا ئەنجامی نابێ، بەڵكو شەش پاكێجەكە هەموو پەیوەستە بەیەكتر و ئەگەر هەموویان جێبەجێبكرێن ئەو حكومەتەی ئێستا هەیە نامێنێ.


رووداو: هەوڵێكی جدی هەیە لەنێوان یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئەوەی بەرەی ئیسلامی لە كوردستان دروستبكرێ، ئامانجی دروستكردنی ئەو بەرەیە لەم قۆناغەدا چییە؟
هیوا میرزا: پڕۆژەی هاوكاری ئیسلامی لەنێوان ئێمەو برایانی كۆمەڵ هەر لەسەرەتای خۆڕاگەیاندنی یەكگرتووەوە كە ئەوكات برایانی بزووتنەوە هەبوون بەردەوامە و ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە قۆناغێكی پێشكەوتوودایە، هەم بەرەی ئیسلامی و هەم پڕۆژەیەك بۆ شێوازی دابەزاندن و هەر میكانزمێكی دیكە لە خزمەتی ئەوەدابێ كە خزمەتی هەردوولا بكات، خزمەتی پڕۆژەی سیاسی دەكات لە هەرێمی كوردستان، پێویستە هەردوولا ئامادەیی بۆ بكەن.


رووداو: ئەگەری ئەوە هەیە لە ئایندەدا ئەو نزیكبوونەوەیەی یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی بگاتە دروستكردنی یەك حیزبی ئیسلامی؟
هیوا میرزا: ئەوەی راستی بێ لە هەردوولا ئەو ئاراستەیە هەیە، چونكە كاتێك كە پاساو و وەڵامێكت نییە هەم بۆ ئەندامان و هەم بۆ لایەنگران و هەم بۆ واقیعی سیاسیش، ئەوە دێتە پێشەوە. وڵاتانی ئەوروپا لە پاش دوو جەنگی جیهانی یەكێتی ئەوروپایان دروستكرد، خۆ ئێمە شەڕ نەبووە لە نێوانماندا، لەبەرئەوە زۆرجار پێویست دەكات هەردوولا هەوڵبدەن پڕۆژەكە پەرە پێبدەن تاوەكو لە قۆناغێكدا ببینە یەك حیزب و ئەمەش زۆر زۆر ئاساییە.


رووداو: قۆناغی یەكگرتنی كۆمەڵ و یەكگرتوو دوورە؟
هیوا میرزا: نەخێر بۆچی دوورە، هەموو دوورەكان ئەمڕۆ نزیكن.


رووداو: بنەمای یەكگرتنی ئەو دوو حیزبە ئیسلامییە چییە؟
هیوا میرزا: بنەمای نزیكی ئێمە هەم برایەتیمان و هەم هاونیشتمانی و هاوقەناعەتیمان لە بنەما فیكری و پڕۆژەكانمان كە ئێمە داوای دادپەروەری و ئازادی و یەكسانی و سەروەری یاسا و كۆتایی هێنان بە گەندەڵی دەكەین، ئەمانە خاڵی هاوبەشمانن و خاڵی هاوبەشی دیكەش لەنێوانماندا زۆرن.


رووداو: وەك یەكەم هەنگاو بۆ ئەوەی ئەو دوو هێزە ئیسلامییە یەكبگرن ئایا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە یەك لیست بەشداری دەبن؟
هیوا میرزا: ئەوە سەركردەكانی هەردوو حیزب لەكاتی خۆیدا بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام بەشداری ئێمە و كۆمەڵ بە یەك لیست ئەگەرێكی كراوەیە.


رووداو: هەندێك پێیانوایە ئەگەری هاوپەیمانێتی نێوان كۆمەڵ و یەكگرتوو، ترسێكی لەلای گۆڕان دروستكردووە هەرچەندە هەرسێ لایەن ئۆپۆزیسیۆنن، بەڵام گۆڕان هێزێكی ئیسلامی نییە، ئەگەر ئەو هاوپەیمانییەی هەردوو هێزی ئیسلامی سەریگرت، هاوكێشەی ئۆپۆزیسیۆن هەروەك خۆی دەمێنێتەوە؟
هیوا میرزا: لەیەكەم ساتەوەختدا رامانگەیاند ململانێی ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای فیكری و ئایدیۆلۆژی نییە كە ئەمە ئیسلامییەو ئەمە عەلمانییەو ئەمە چەپە، ئێمە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندی گشتی ئەم هەرێمە كاردەكەین، لەبەرئەوە بوون بەیەكی كۆمەڵ و یەكگرتوو هیچ كاریگەری نابێ لەسەر ئۆپۆزیسیۆن، بەڵكو دەبێتە هۆی بەهێزبوونی، ئێمە وەك سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستان رێككەوتووین لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژە هاوبەشەی كە بۆ چاكسازیمان داڕشتووە بە هیچ شێوەیەك تەنازول نەكەین.


رووداو: مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە دوایین وتاری خۆیدا گوتی دەبێ هەڵبژاردنەكانی كوێت پەندێكی گرنگ بن و دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە پەندی لێوەربگرن، ئەم ترسە لە هەڵكشانی ئیسلامییەكان چەندە لە جێی خۆیدایە؟
هیوا میرزا: كاك مەلا بەختیار كەسێكی سیاسییەو چاودێرێكی سیاسییەو بە وردی بە دواداچوون دەكات، زۆر ئاساییە پێشبینییەكانی خۆی بخاتەڕوو، بۆچوونەكەی مەلا بەختیار بۆچوونێكی دروستن و پێنج ساڵ لەمەوبەر گفتوگۆیەكمان هەبوو لەگەڵ مەلابەختیار و ئەم مەسەلەیەمان باسكرد كە تەوژمی ئیسلامی لەهەڵكشاندایە، كاك مەلابەختیاریش گوتی ئێمە دەتوانین لە كوردستان لە ئێوە ببەینەوە، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق ئەمڕۆ رۆژی ئیسلامییەكانە. ئێستاش پاش پێنج شەش ساڵ لەو كۆبوونەوەیە بۆی دەركەوت كە لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبیش هەر ئیسلامییەكان بردوویانەتەوە، ئەمە ئەوە ناگەیێنێ كە ئێمە بڵێین ئەوەی بردییەوە ئەوەی دیكە رەتبكاتەوە، ئێمە ئەهلی موعانات و ناڕەحەتین. لەبەرئەوە هەر كاتێك دەسەڵاتمان گرتە دەست چاك دەزانین رێز لە بەرامبەرەكەمان بگرین و مافەكانی بەرامبەر بدەین.


رووداو: ئەمینداری یەكگرتوو "بەهاری عەرەبی" بە "بەهاری ئیسلامی" ناودەبات، لەلایەن هێزە عەلمانییەكانیش بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە بە هەوای بەهاری عەرەبی هەڵدەپەڕن، ئایا كوردستان پێویستی بە بەهارێكی وەك وڵاتانی عەرەبییە؟
هیوا میرزا: با ئەوەندە قورس وەرینەگرین، راستە سروشتی مرۆڤ وایە كە حەزدەكات هاوفیكر و هاوقەناعەت و هاو پڕۆژەكانی خۆی سەربكەون، چونكە ئەمە میسداقیەتی پڕۆژەكەی خۆی دەسەلمێنێ، بۆنموونە ئیخوان موسلیمین لە میسر ئەوە دەیان ساڵە بە تیرۆریست و خائین و بە زۆر شت تۆمەتباركراون و كەسی وا هەیە بە دەیان ساڵ لە گرتووخانەدا بووەو ئێستا جەماوەر متمانەی پێدەدا ئەوە میسداقیەتە بۆ ئاراستەی میانڕەو لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، بێگومان عێراق و كوردستانیش بەشێكە لەوە.


رووداو: ئەمینداری یەكگرتوو چەند ساڵ پێش ئێستا لە هەڤپەیڤنێكدا گوتی ئەمریكییەكان پێیانگوتوون لە ئایندەدا یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان حوكم دەگرێتە دەست، ئایا بە بڕوای ئێوە ئەو ئایندەیە نزیكە یان هێشتا ماویەتی؟
هیوا میرزا: ئەوەی راستی بێت پێش ئەمریكییەكان ئێمە لەساڵی 1993 كاتێك ویستمان یەكگرتوو رابگەیێنین لە سەركردایەتی ئەوكاتمان هەریەكەمان سەردانی لایەنێكمان كرد و منیش سەردانی پارتیم كرد، كاتێك باسی بنەما فیكرییەكان و ئامانج و پڕۆژەی خۆمان كرد، گوتیان داهاتوو بۆ ئەم ئاراستەیەی ئێوەیە، دواتر سەركردەیەكی یەكێتی هەمان شتی گوت، مەبەستم ئەوەیە ئەم ئاراستە میانڕەوە كە ئاراستەیەكە رێز لە یاسا دەگرێ و قەناعەتی بە بنەماكانی هاوڵاتیبوون هەیە، داهاتوو هەر بۆ ئەو ئاراستانەیە.


رووداو: ئاراستەی یەكگرتوو نزیكبووەتەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی كە ئێوە پێیدەڵێن بەهاری ئیسلامی؟
هیزا میرزا: بێگومان ئەو بەهارە عەرەبییە بە ساڵان ئەو ئامانجەی نزیككردەوە.


رووداو: ئێستا دەنگێگ هەیە لە 17ی شوبات خۆپێشاندانەكان دووبارەببنەوە، ئەگەر خۆپێشاندان كرا یەكگرتوو بەشداری تێدا دەكات؟
هیوا میرزا: بمانەوێ و نەمانەوێ یەكگرتوو بەشێكە لە واقیع و لەم جەماوەرە، ئەو ناڕازیبوونەی جەماوەر هەیەتی ئەندامانی یەكگرتووش هەیانە، ئەمڕۆش یەكگرتوو یەكێكە لە سێ لایەنە كاراكەی ئۆپۆزیسیۆن، ئۆپۆزیسیۆنیش ئەسڵەن وایە رۆڵی رابەرایەتی ببینێ، رۆڵی پێشەنگ ببینێ. لەبەرئەوە بە حوكمی بەرپرسیارێتی وانازانم ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە خۆپێشاندانەكان نەكات.


رووداو: ئەمینداری یەكگرتوو بەم دواییە پەیامێكی ئاراستەی گەنجانی یەكگرتوو كرد كە هەندێك لە چاودێران پێیانوایە ئەو پەیامە زەمینەخۆشكەرە بۆ هاندانی گەنجانی یەكگرتوو بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكاندا، ئەگەر دەستیانپێكرد، ئێوە لەوبارەوە چی دەڵێن؟
هیوا میرزا: گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتە كە ئەگەر لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بیانەوێ لەسەر ئاستی سەركردایەتی بەشداری نەكەن، جەماوەر و لایەنگران گوێ بەو بڕیار و بۆچوونانە نادەن، ئەمڕۆ رۆژگار رۆژگاری گەنجە. شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی كێ رابەرایەتیان كرد، هەر گەنج بوون كە ئەو واقیعەیان خولقاند و دواتر هێز و لایەنەكانیان ناچاركرد بچنە ناو رووداوەكانەوە.


Subscribe to comments feed كۆمێنته‌كان (1 بۆچوون):

lieo له 19/02/2012 09:09:11
avatar
aogor-yokgrtee-kemol-yokbgn-aoeo-mn-sree-aosriry-aoe-eslimyoni-aoskridokom
Thumbs Up Thumbs Down
0
سه‌رجه‌م: 1 | ئه‌نجامه‌کان: 1 - 1

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment

تکایه‌ ئه‌و كـۆده بنووسه، ئه‌وه‌ی له‌ وێنه‌که‌دا‌یه:

  • email ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی هه‌واڵ
  • Plain text ته‌نها به تێکست
چاوگ
هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ
5.00