لە شەش مانگی رابردوودا 600 كۆمپانیای ئیتاڵی هاتوونەتە كوردستان
هەڤپەیڤین: هاوار عەبدولڕەزاق
رووداو- هەولێر
پێنچ مانگ لەمەوبەر باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە بەغدا، بڕیاری كردنەوەی نووسینگەی خۆیدا لە شاری هەولێر و چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم نووسینگەیە لەداهاتوودا بكرێتە كونسوڵخانە. بەرپرسی ئەم نووسینگەیە سیمۆنی دی سانتی، لەسەرەتای كردنەوەی ئەو نووسینگەیەوە هاتووەتەوە كوردستان و لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) رایگەیاند كە پتەوبوونی پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا وایكردووە كە ئەم نووسینگەیە بكەنەوە و گوتیشی كە تائێستا نزیكەی 600 كۆمپانیای ئیتاڵی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
رووداو: ماوەی پێنچ مانگە لە كوردستانیت، بۆچوونت چییە بەرامبەر هەرێمی كوردستان؟
سیمۆنی دی سانتی: ماوەی پێنچ مانگە ئەم نووسینگەیەمان كردووەتەوە، ئەمە نیەتی ئێمە بوو كە بوونی خۆمان لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەین، چونكە هەرێمێكی زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانەوەی عێراق بەگشتی و بوونی ئێمەش لێرە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر كۆمپانیا و بازرگانی ئیتاڵی لێرەن و پێشمانوایە هەرێمی كوردستان دەتوانێ رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە پێشخستنی ئابووری هەموو عێراق.
رووداو: چەند جارێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ئیتاڵییەوە بانگهێشتكراوە، پەیوەندی دیپلۆماسی ئیتاڵیا و هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
سیمۆنی دی سانتی: بێگومان ئێمە لەرێگەی باڵیۆزخانەكەمانەوە لە بەغدا، بوونی خۆمان لە تەواوی وڵاتەكە فراوانكردووە و دەمانەوێ هەروەك ئەو وڵاتانەی دیكە كە لێرە ئۆفیس و كونسوڵخانەیان كردووەتەوە، ئێمەش دەمانەوێ لێرە بوونمان هەبێ و پەیوەندییەكی پتەومان لەگەڵ كوردستانی عێراق هەبێت.
رووداو: ئەی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەكان چۆنە؟
سیمۆنی دی سانتی: پێموابێ ئەوە خاڵێكی سەرەكی بووە كە هانی ئێمەی داوە بێینە ئێرە. پێش ئەوەی ئەم ئۆفیسەش بكرێتەوە، ئێمە چەندین كۆمپانیا و بازرگانی ئیتاڵیمان لە كوردستان بینیوە. ئیتاڵیا لەساڵی 2007 یەكەم وڵات بوو پێشانگەی نێودەوڵەتی لێرە كردەوە و لەوكاتەشەوە بەردەوام بووین و چەند مانگێك لەمەوبەر كۆنفرانسێكی گەورەمان سازكرد. ئەم چالاكیانەش ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەكانی بەرز كردووەتەوە. ئێستاش ئێمە لە قۆناخێكداین كە رۆژ لەدوای رۆژ كۆمپانیا ئیتاڵییەكان زیاتر بە گەشەكردنی ئەم هەرێمە دەزانن و دەیانەوێ بەشداری لەو گەشەكردنەدا بكەن، ئێمە هەوڵمانداوە كە بەردەوام زانیاری تەواو سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بدەینە ئەو كۆمپانیایانە تاوەكو ئاشنای رەوشی ئێرەبن.
رووداو: ئێوە هیچ ئامارێكتان لەلایە كە ئێستا چەند كۆمپانیای ئیتاڵی لە هەرێمی كوردستان هەن و زیاتر لە چ بوارێكدا كاردەكەن؟
سیمۆنی دی سانتی: بێگومان ئێمە هەمیشە پەیوەندیمان لەگەڵ كۆمپانیاكان هەیە و رۆڵی ئێمەش لەم ئۆفیسە ئەوەیە كە پەیوەندی دروستبكەین لەنێوان كۆمپانیا ئیتاڵی و كوردییەكان. بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی 250 كۆمپانیای كوردی داوای ڤیزایان لێكردووین كە بچنە ئیتاڵیا و لەماوەی شەش مانگی رابردووشدا نزیكەی 600 كۆمپانیای ئیتاڵی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە زۆر بواردا وەك ئەندازیاری و بیناسازی، هەروەها چەندین كۆمپانیا هەن تایبەت بە بواری كشتوكاڵ و ئاوەڕۆ كە ئەم بوارانەش زۆر گرنگن بۆ پێشكەوتنی ئەم هەرێمە. هەروەها ئیتاڵیا بەنێوبانگە لە دروستكردنی كەلوپەلی نێوماڵ، وەك دەشبینین زۆربەی ئەو هۆتێلانەی لێرە كراونەتەوە، كەلوپەلەكانی نێو یان زۆربەیان ماركەی ئیتاڵین.
رووداو: ئەی دەربارەی ڤیزا، ئایا لەم نووسینگەیە دەتوانن ڤیزا بە هاووڵاتیانی كوردستان بدەن؟
سیمۆنی دی سانتی: لەبەرئەوەی ئێمە هێشتا نووسینگەی باڵیۆزخانەین، ناتوانین لێرە ڤیزا بدەین، بەڵام هاووڵاتیان دەتوانن لێرە داوابكەن و ئێمە كەیسەكانیان دەنێرین بۆ بەغدا و ئەوان ڤیزاكە دەدەن. تائێستاش بەهۆی ئەو گەشە ئابووریەی هەرێمی كوردستان، زۆربەی داواكارانی ڤیزای ئیتاڵی، بەمەبەستی بازرگانییە، بەڵام هەندێك داواكاری ڤیزای گەشت و نەخۆشیشمان هەیە.
رووداو: ئێوە هیچ پلانێكتان نییە كە زەمالەی خوێندن ببەخشنە خوێندكارانی زانكۆكانی كوردستان تاوەكو لە زانكۆكانی ئیتاڵیا بخوێنن؟
سیمۆنی دی سانتی: ئێمە هەر لە ئێستاوە بەرنامەی زەمالەی خوێندنمان هەیە لە باڵیۆزخانەكەمان لە بەغدا و بەهۆی ئەو بەرنامەیەشەوە چەند خوێندكارێكی كورد چوونەتە ئیتاڵیا و لەوێ دەخوێنن، هەندێكیشیانم بینیوە و قسەم لەگەڵ كردوون. ئەمەش شتێكە كە ئێستا ئێمە كاری لەسەر دەكەین لەگەڵ هەردوو لایەنی حكومەتی ئیتاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاوەكو خوێندكاری زیاتر هانبدەن لە ئیتاڵیا بخوێنن.
رووداو: هەرێمی كوردستان وا ناسراوە كە پەناگەیەكی ئارامە بۆ مەسیحییەكانی عێراق و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە سەتان مەسیحی باشووری عێراق روویان لە كوردستان كردووە، ئێوە وەك حكومەتی ئیتاڵی و بەپێی نزیكیتان لە ڤاتیكانەوە، چۆن دەڕواننە ئەم هەڵوێستەی كوردستان؟
سیمۆنی دی سانتی: ئەوە شتێكی گرنگە و لە هەندێ شوێن رەوشەكە وای خواستووە كە مەسیحییەكان لە شوێنەكانی خۆیان نەمێنن، پێموایە هەرێمی كوردستان بەجدی رووبەڕووی ئەم مەسەلەیە بووەتەوە.
رووداو: هەروەك زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، ئیتاڵیاش پەنابەری عێراقی لێدەژی، ئایا ئێوە دەزانن كە چەند كورد یان عێراقی لە ئیتاڵیا دەژین؟
سیمۆنی دی سانتی: رەوندی پەنابەرانی عێراقی، لەگەڵ ئەوەی زۆر نییە، بەڵام كۆمەڵێكی زیندووە بەتایبەتی لە باكووری ئیتاڵیا، بەتەواوی ژمارەیان نازانم، بەڵام نزیكەی 10 بۆ 20 هەزار عێراقی لە ئیتاڵیا دەژین.



بۆچوونی خۆت بنووسه