هەواڵنامە
Email:
راپرسی: كارى كابینه‌ى داهاتوو
پێت باشه‌ كابینه‌ى حه‌وته‌م گرنگى زیاتر به‌ كام له‌و بوارانه‌ى خواره‌وه‌ بدات؟
سوازیگ دۆلێت: نابێ میدیا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕێ | هه‌ڤپه‌یڤین | لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی

سوازیگ دۆلێت: نابێ میدیا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕێ

گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین: Decrease font Enlarge font
image لە كوردستان زۆر زەحمەتە بۆچوونێكی سەربەخۆت دەستبكەوێ

رێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور، رێكخراوێكی ناحكومی جیهانییە و بارەگای سەرەكی لەشاری پاریسە، لەساڵی 1985 دامەزراوە و راپۆرت لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهان بڵاودەكاتەوە. ئەو راپۆرتانە بە شەش زمان بڵاودەكاتەوە، لەوانەش زمانی عەرەبی. لەبارەی زۆربەی رووداوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو رێكخراوە راپۆرتی تایبەتی بڵاوكردووەتەوەو لە دوایین راپۆرتیشیاندا كە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو بڵاوكرایەوە، ئەو رێكخراوە بە "مانگێكی رەش" وەسفی رەوشی رۆژنامەنووسانی كوردستانی كرد. سوازیگ دۆلێت، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقیای ئەو رێكخراوە، لەم هەڤپەیڤینەدا زیاتر باسی رەوشی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان دەكات.
هەڤپەیڤین: هاوار عەبدولڕەزاق


رووداو: مانگی رابردوو، رێكخراوەكەتان راپۆرتێكی لەسەر رەوشی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و لەنێو راپۆرتەكەدا دەڵێن "مانگی رابردوو مانگێكی رەش بوو بۆ رۆژنامەنووسانی كوردستان"، ئەی بۆچوونی ئێستاتان چۆنە لەوبارەوە؟
سوازیگ دۆلێت: پێموابێ بارودۆخی رۆژنامەنووسان لە كوردستانی هەندێك زەحمەتە، ئەوەش بەهۆی ناتێگەیشتنێك كە لەلای پارتە سیاسییەكان و هێزەكانی ئاسایش سەبارەت بە رۆڵی میدیا هەیە. هەروەها تێكەڵكردنێكیش هەیە لەوەی ئەندامی پارتێك بیت و رۆژنامەنووسیش بێت. بۆیەش ئەم ئاڵۆزییە دروستبووە.


رووداو: ئێوە نیگەرانن لە رەوشی رۆژنامەنووسانی كوردستان؟
سوازیگ دۆلێت: بەڵێ ئێمە زۆر نیگەرانین و بارودۆخەكەش لەماوەی ساڵی رابردوودا خراپتربووە، بەهۆی چەندین هێرش و پەلامار بۆ سەر رۆژنامەنووسان. مانگی شوبات مانگێكی زۆر زەحمەت بوو، مانگی دیسێمبەری رابردووش بەهەمان شێوە مانگێكی خراپ بوو كە تێیدا چەندین رۆژنامەنووس پەلاماردران و دەستگیركران و دەست بەسەر كەلوپەلەكانیاندا گیرا.


رووداو: زۆربەی كاتەكان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان زۆر رەخنە لە راپۆرتەكانتان دەگرن و دەڵێن سەرچاوەكانتان دروست نین، رای تۆ چییە بەرامبەر بەم قسانە؟
سوازیگ دۆلێت: ئەوە راست نییە و پێموایە ئەوان بۆیە حەز لە راپۆرتەكانی ئێمە ناكەن، چونكە رەخنەیان لێدەگرین. خاڵێكی دیكەش كە دەمەوێ باسی بكەم ئەوەیە كە لە كوردستان زۆر زەحمەتە بۆچوونێكی سەربەخۆت دەستبكەوێ. ئەو زانیاریانەی كە ئێمە دەستماندەكەون، چەندین جار بەدواداچوونیان بۆ دەكەین و هەر كاتێك راپۆرتێكی تایبەت بە كوردستانی عێراق بڵاودەكەینەوە، پێش بڵاوكردنەوەی پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی كوردەوە دەكەین تاوەكو ئاگاداریان بكەینەوە كە چی بڵاودەكەینەوە.


رووداو: كەواتە ئێوە قسە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كورد دەكەن بۆ ئەو راپۆرتانە پێش ئەوەی بڵاویانبكەنەوە؟
سوازیگ دۆلێت: بەڵێ بۆ پشتڕاستكردنەوە و وەرگرتنی بۆچوونەكانی ئەوانیش. لەبەرئەوەی هەموو كەسێك هەڵە دەكات، بۆیە ئێمەش دەمانەوێ هەندێ زانیاری پشتڕاست بكەینەوە و بەردەوامیش لە پەیوەندیداین لەگەڵ دەسەڵاتدارانی كورد.

ناتێگەیشتنێك لە لایەن پارتە سیاسییەكان و هێزەكانی ئاسایش هەیە سەبارەت بە رۆڵی میدیا


رووداو: ئەو سەرچاوانە چین و كێن كە ئێوە سوودیان لێوەردەگرن بۆ ئامادەكردنی راپۆرتەكانتان؟
سوازیگ دۆلێت: ئێمە سوود لە هەموو سەرچاوەیەك وەردەگرین، وەك رۆژنامەنووسانی كورد و عێراقی یان رۆژنامەنووسانی بیانی كە لە كوردستانن، هەروەها ماڵپەڕ و رۆژنامە كوردییەكانیش.


رووداو: ئەگەر رەوشی رۆژنامەنووسانی كوردستان بەراورد بكەی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
سوازیگ دۆلێت: دەتوانم ئەوە بڵێم كە دەتوانن بارودۆخەكە باشتر بكەن. بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ بارودۆخی ئێران و سووریا، بێگومان بارودۆخەكە لە كوردستانی عێراق باشترە، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نایێت كە لەبەرئەوەی لەو شوێنانە باشترە، ئەوا كوردستان هیچ كێشەی نییە. ئێمە هەموومان لەكاتی شەڕی عێراقدا هەستمان دەكرد كە كوردستان بەهەشتە و شوێنێكی ئارامە، بەڵام ئێستا دڵنیا نیم لەوەی كە وایە.


رووداو: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێ چی بكات تاوەكو رەوشی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان باشتر بكرێت؟
سوازیگ دۆلێت: پێموابێ هەنگاوێك كە ئەوان دەتوانن بیهاوێژن ئەوەیە كە هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار لەسەر مێزێك دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی باشتركردنی رەوشەكە بكەن و باس لە رۆڵی میدیا بكەن لە كۆمەڵگەدا و پێویستە سەرجەم لایەنەكان گوێ لەیەكتر بگرن. لە هەمانكاتیشدا نابێ میدیا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕێ ، بەڵكو دەبێ رەخنە لە هەموو لایەك بگرێت بەشێوەیەكی رەخنەگرانە و پرۆفیشناڵانە و سەربەخۆیانە.


رووداو: پێتوایە میدیای كوردی لەسەدا سەد پڕۆفیشناڵە؟
سوازیگ دۆلێت: میدیای كوردی پێویستی بەوەیە كە باشتر بێ و پێشبكەوێت. ئەوان پێویستە زیاتر بەدواداچوون بكەن و زیاتر سەربەخۆبن و كارەكانیان زیاتر پڕۆفیشناڵتر بێت، بەڵام لەهەمانكاتیشدا دەبێ دەستگیركردن و هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسان بەزووترین كات بوەستێ و كۆتایی بێت، ئەوەش ئەركی دەسەڵاتدارانە. 

بارودۆخی رۆژنامەنووسانی كوردستان لە ساڵی رابردوودا خراپتربوو


رووداو: پێتوایە میدیای كوردی سەربەخۆیە؟
سوازیگ دۆلێت: پێموابێ میدیای كوردی هێشتا سەربەخۆیی بەدەستنەهێناوە و دەبێ كار بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە بكات و هیواداریشم كە لەچەند ساڵی داهاتوودا ئەوەبكرێ، بەڵام ئەوەش كاری زۆری دەوێت و رۆژنامەنووسان پێویستیان بە مەشق و راهێنانە، تاوەكو هەردوولا، دەسەڵاتدار و میدیاكار بەباشی لە رۆڵی ئەویدیكەیان تێبگات.


رووداو: لەو باوەڕەدا نیت رەوشی رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ باشتر دەبێت؟
سوازیگ دۆلێت: من هەمیشە گەشبینم. ئەگەر ئەو ئیرادەیە هەبێت ئەوا بارودۆخەكە باشتر دەبێت. پێشموایە كە ئەمساڵ رەوشی رۆژنامەنووسان رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی گەورە دەبێتەوە، لەوكاتەی ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەڕێوەدەچێت و ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی گەورە دەبێت بۆ هەموو لایەك.


رووداو: كەی راپۆرتی داهاتووتان لەسەر هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە؟
سوازیگ دۆلێت: ئەوەیان بەندە بە بارودۆخەكەوە و پێموابێت رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان 17ی شوباتە، رەنگە بەبۆنەی ئەو رۆژەوە راپۆرتێك بڵاو بكەینەوە، بەڵام بەردەوام چاودێری كوردستانی عێراق دەكەین و پێش ئەو بۆنەیەش هەر شتێك روویدا، ئەوا بێگومان راپۆرتی لەسەر بڵاودەكەینەوە.

Subscribe to comments feed كۆمێنته‌كان (0 بۆچوون):

سه‌رجه‌م: | ئه‌نجامه‌کان:

بۆچوونی خۆت بنووسه‌ comment

تکایه‌ ئه‌و كـۆده بنووسه، ئه‌وه‌ی له‌ وێنه‌که‌دا‌یه:

  • email ناردنی هه‌واڵ به‌ ئیمێل
  • print چاپكردنی هه‌واڵ
  • Plain text ته‌نها به تێکست
چاوگ
هیچ چاوگێک بۆ ئه‌م هه‌واڵه دیارینه‌کراوه
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌واڵ
0