"هیتلەر کوڕێکی لە ژنێکی فەرەنسی هەبووە"
کاوە ئەمین
رووداو-سوێد
زۆرجار باسی ئەوە کراوە کە هیتلەر کوڕێکی هەبووە کە لای کەس ئاشکرا نەبووە. رۆژنامەی لێپۆندی فەرەنسی بە بەڵگەوە ئاشکرایكرد کە یەین- ماری لۆرێت، کە خۆی یەکێک بووە لەوانەی دژی نازیستەکان شەڕی کردووە، لە راستیدا کوڕی هیتلەر بووە.
رۆژنامەی سوێدی ئافتونبلادت لە ژمارەی ئەمڕۆدا ٢١ – ٢ – ٢٠١٢ بڵاویکردووهتەوە کە پارێزەرێک ب ەناوی فرانسیۆس گیبالۆت ئاشکرایكردووه لە ساڵی ١٩٧٩ یەین – مارێ لۆرێت خۆی پەیوەندی پێوە کردووە گوتویەتی "من کوڕی هیتلەرم، بۆ ئەوەی بە تەواوەتی بزانێت کە راستە کوڕی هیتلەرە، یەین – مارێ زانستکارێکی ئاگادارکردووهتەوە هاوکاری بکات لێکۆڵینەوەی خزمایەتی بۆ بکات. لەو لێکۆڵینەوەیەدا دەرکەوتووە کە تەنیا سمێڵەکەی وەکو هیتلەر نەبووە بەڵکو هەمان گروپی خوێنیان هەبووە و دەستوخەتیشیان وەکو یەک وابووە".
دایکی یەین – مارێ کە ناوی چارلۆتا لۆبیوی بووە دەگێڕیتەوە کە لە ساڵی ١٩١٧ لە کاتی شەڕی فەرەنسی و ئەڵمانەکاندا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سەربازێکی ئەڵمانی دەبەستێت و لەساڵی ١٩١٨ کوڕێکیان دەبێت. لە ساڵانی پەنجاکاندا ئەو ژنە بە کوڕەکەی دەڵێت کە باوکت ناوی ئادۆلف هیتلەرە. بەگوێرەی دیکۆمێنتە سەربازیەکانی ئەڵمانیا کە رۆژنامەی لۆ پۆینت بە دەستی خستوون لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، هیتلەر پارەی داوە بە چارلۆتا لۆبیوی، هەروەها چەند تابلۆیەک کە لە لایەن هیتلەرەوە کێشراون لە ماڵەکەی ئەو ژنەدا دۆزراونتەوە.
کوڕەکەی هیتلەر لە ساڵی ١٩٨٥ لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دواییکردووە، ٩ منداڵی لە پاش خۆی بەجهێشتووە. ئێستا باسی ئەوە دەکرێت کە "نەوەکانی" هیتلەر دەتوانن داوای بڕە پارەیەک بکەن کە لە داهاتی فرۆشتنی کتێبە بەناوبانگەی هیتلەر بەناوی "ماین کەمپ"، پەیدا کراون.



بۆچوونی خۆت بنووسه